هاوپه‌یمانێتیی سێ لایه‌نه‌که‌ بۆ دژایه‌تی هیچ گرووپ و لایه‌نێک نییه‌ به‌ڵکوو بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی ‌و بێدادییه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- یووسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانیی نیشتیمانی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووی عێراق له‌ که‌رکوک و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانی دیکه‌ ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: هاوپه‌یمانێتیی سێ لایه‌نه‌که‌ بۆ دژایه‌تی هیچ گروپ و لایه‌نێك نییه به‌ڵکوو بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی ‌و بێدادییه.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ کۆبوونه‌وه‌یێکیدا له‌گه‌ڵ شاندێکی باڵای ئه‌نجومه‌نی پشتگیری به‌ره‌ی میللی له‌باره‌ی یادداشتێکی به‌ره‌ی میللییه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ فراوان کردنی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان یووسف محه‌مه‌د جه‌خت له‌ پێویستی هاوپه‌یمانیی نێوان هه‌ر سێ لایه‌نی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌، كۆمه‌ڵی ئیسلامی و هاوپه‌یمانیی دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ر‌ی ده‌کاته‌وه‌.

به‌پێی ڕاگه‌یێندراوێکی نووسینگه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌ی، یووسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانیی نیشتیمانی له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا وتوویه‌تی: "ئه‌م شکسته‌ گه‌وره‌یه‌ی ئێستای هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامی شكستی به‌ڕێوه‌ بردنێکی خراپ و نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵ و کۆششه‌کان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ بێ و کۆتایی به‌ نادادپه‌روه‌ری بێنین. پێویسته‌ گۆڕانكاری له‌ سیسته‌می سیاسی و ئابووری و په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان بكرێت."

سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانیی نیشتیمانی ئاماژه‌ی به‌وه ‌دا: "هاوپه‌یمانێتیی ئه‌و سێ لایه‌نه بۆ دژایه‌تی هیچ گرووپ و لایه‌نێک نییه‌ به‌ڵکوو بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی ‌و بێدادییه‌."

شاندێکی باڵای ئه‌نجومه‌نی پشتگیری به‌ره‌ی میللی داوایان له‌ سه‌رۆکی لیستی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی کرد بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستانیش ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ دروست بکرێت و هه‌وڵ بدرێ فراوان بکرێ و که‌سایه‌تی سیاسی و ئه‌و لایه‌نانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ گۆڕانکاریی دیموکراتی و ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ بهێنرێنه‌ ناو هاوپه‌یمانێتییه‌که‌.

سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ هاوپه‌یمانیی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی یووسف محه‌مه‌دیان كرده‌ سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق.

پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، هه‌ریه‌كه‌ له‌ هاوپه‌یمانیی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی لیستێكی هاوبه‌شیان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق له‌ كه‌ركووک و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان پێكهێنا.

لیسته‌كه‌ی ئه‌و سێ لایه‌نه‌ به‌ ناوی "نیشتیمان" بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان پێكهێنراوه‌ بۆ به‌شداری كردنی له ‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق.

شایانی باسه‌؛ بڕیاره‌ 12ی مانگی مه‌ی ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌ بچێت.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10533

Your Comment

You are replying to: .
captcha