بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕەسووڵ خزری نوێنەری سەردەشت و پیرانشار لە دیمانەیێکی کوردپرێسدا لەو بارەیەوە وتی: وڵاتی ئێمە لە کەرتی ئابووری مەرزەکاندا زۆر لاواز دەرکەوتوووە نموونەکەیشی بڕیاردانە لە بارەی داخستنی سنوورەکانی ڕۆژئاوا کە ماوەی 4 مانگی ڕابردوو بەهۆی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانەوە داخرابوو.
خزری زیادی کرد: بڕیار وابوو ئیتفاقێکی سێ لایەنە لە نێوان ئێران، عێراق و تورکیا بکرێت بەڵام بینیمان تورکیا سنوورەکانی خۆی دانەخست و ئێمە لەم نێوانەدا زەرەرمان کرد. ئێمە نەک هەر بژێوی ژیانی هاووڵاتییانمان باشتر نەکرد بەڵکوو چەندین قات ئەو کێشانەمان بۆ زیاد کردوون. دیارە ئەمنیەتی پایای وڵات بەستراوە بە ئاسایشی ژیانی سنوورنشینەکانمانەوە.
ناوبراو گوتیشی: سەرەڕای ئەوەی هەموو ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوەیێک لەو بارەیەوە کراوە بەڵام بەداخەوە سنوورەکانی پیرانشار هێشتا داخراون.
نوێنەری خەڵکی سەردەشت و پیرانشار لە پەڕلەمانی ئێران ئەوەشی خستە ڕوو: ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ بەڕێز زولفەقای جێگری ئاسایشی وەزیری ناوخۆی ئێران قسەم کرد. بەڕێزیان وتیان کردنەوە سنوورەکان بە دەست ئێمە نییە و لەو ڕێڕەوانەوە قاچاخ هاوردە دەکرێت منیش لەوڵامدا وتم نیو لە سەدی قاچاخ لەو سنوورەوە دێت بەڵام 99.5 لەسەدی قاچاخ لە سنوورە فەرمییەکان و بە کانتینەر هاوردە دەکرێت ئەگەر بەنیازن بەرەنگاری قاچاخ ببنەوە سەرێکی ئەو بەشە بدەن نەک ئەوەی وەکوو ڕێبەری باڵای شۆڕش وتیان گوشار بخەنە سەر ئەو چینە زەحمەتکێش و هەژارە. خودی بەڕێزیان فەرموویان مەبەستمان لە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ بەرپەرچدانەوەی ئەو کۆڵبەرانە نییە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment