به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌کر ئاغردیر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی کۆمپانیای ڕاپرسیی کۆندا ڕایده‌گه‌یێنێت: سێ پارتی گه‌وره‌ی تورکیا به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی دابه‌زینی ڕێژه‌ی یاسایی‌ی هه‌ڵبژاردنن که ئه‌و سێ پارته بریتییه له؛ پارتی دیموکراتیکی گه‌لان (HDP)، پارتی بزاڤی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست (MHP) و پارتی تازه‌دامه‌زراوی IP.
ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه: ئه‌و سێ پارته (HDP، IP و MHP) له‌گه‌ڵ دابه‌زینی ڕێژه‌ی یاسایی‌ی ده‌نگه‌کان له هه‌ڵبژاردن به‌ره‌وڕوون به‌ڵام HDP به هه‌موو لاوازییه‌کانییه‌وه نیسبه‌ت به دوو پارتی دیکه چانسێکی زیاتری بۆ چوونه ناو په‌رله‌مان هه‌یه.
به‌پێی یاسای ئێستاکه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیا، ئه‌و پارته سیاسییانه‌ی که 10 له‌سه‌دی ڕێژه‌ی ده‌نگه‌کان له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان وه‌ده‌ست نه‌هێنن ناتوانن بچنه ناو په‌رله‌مان. ئه‌و ڕێژه یاسایییه باڵاترین ئاستی ڕێژه‌ی یاسایی‌ی هه‌ڵبژاردن له جیهانه و له‌لایه‌ن حکوومه‌تی کووده‌تا له ساڵی 1980 په‌سه‌ند کراوه. ئامانجی سه‌ره‌کیی داڕێژه‌رانی ئه‌و یاسایه ڕێگری له چوونی پارته کوردییه‌کان بۆ ناو په‌رله‌مانی تورکیا بوو.
به دوای ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی ڕێبه‌ری MHP ڕایگه‌یاند پارته‌که‌ی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری 2019 کاندیدێکی نابێت و پشتیوانی له ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رکۆماری تورکیا ده‌کات، هه‌مدیسان پرسی ڕێژه‌ی یاسایی هه‌ڵبژاردن خرایه ڕوو.
ئاغردیر پێی وایه ئیئتیلافی MHP له‌گه‌ڵ پارتی داد و گه‌شه ئه‌و به‌ستێنه بۆ MHP ده‌ره‌خسێنێت که وه‌کوو ڕێکخراوێکی سیاسی به‌رده‌وام به چالاکییه‌کانی بدات و له یارمه‌تیی داراییی دیاریکراو بۆ ئه‌و حیزبانه به‌هره‌مه‌ند بێت که لانیکه‌م 7 له‌سه‌دی ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردن وه‌ده‌ست ده‌هێنن.
به دوای ئه‌وه‌ی که پارتی MHP به بۆنه‌ی پشتیوانییه‌کانی باخچه‌لی له ئه‌ردۆغان تووشی دابڕان هات و IPی پارت له ئه‌ندامانی دهستلهکارکشاوی ئه‌و پارته دروست کرا ئه‌و پارته له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی دابه‌زینی ڕێژه‌ی یاسایی‌ی ده‌نگه‌کان به‌ره‌وڕوو بوویه‌وه.
سه‌رچاوه: حوڕییه‌ت
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment