به‌غدا ئیداره‌ی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌رێم ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- حكوومه‌تی عێراق داوایێكی هه‌رێم بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ به‌غدا، ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌كانی عێراقیش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور هه‌رێم بۆی نییه‌ ده‌روازه‌كان به‌ڕێوه ‌ببات و ته‌نها ده‌توانێت له‌ ئیداره‌دانی گومرگه‌كاندا به‌شدار بێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، كازم محه‌مه‌د عه‌قابی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌كانی عێراق، به‌SNNی ڕاگه‌یاند: "ڕاده‌ست كردنی ده‌روازه‌كانی هه‌رێم كوردستان و ئیداره‌دانی له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌ست‌پێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كان و ڕێكه‌وتی نێوان هه‌ر دوو لا .

ناوبراو وتیشی: به‌پێی یاسای ژماره‌ 114ی ده‌ستووری عێراق، ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان به‌و پێیه‌ی بابه‌تێكی سیادین، ده‌بێ ته‌نها له ‌لایه‌ن به‌غداوه‌ به‌ڕێوه ‌ببرێت و شتێک نییه‌ له‌ ده‌ستووردا باس له‌ ئیداره‌دانی هاوبه‌ش بكات، به‌ڵام ده‌كرێت گومرگه‌كان به‌ هاوبه‌شی له ‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ڕێوه ‌ببرێن، به‌و مه‌رجه‌ی به ‌یاسا رێک بخرێت.

كازم عه‌قابی ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌ ڕاده‌ست كردنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێم به‌ حكوومه‌تی عێراق، به‌و مانایه‌ نایه‌ت كه‌ فه‌رمانبه‌ره‌ كورده‌كان ده‌ر بكرێن و فه‌رمانبه‌ری عه‌ره‌ب له‌ شوێنیان دابنرێن، وتی: ده‌كرێت سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی ده‌روازه‌كان كورد بن، به‌ڵام ده‌بێت له‌ ژێر ده‌سه‌ڵات و ئیداره‌دانی به‌غداوه‌ بن و چاودێری بكرێن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 10243

Your Comment

You are replying to: .
captcha