کوردپرێس؛ ده‌قی وتاره‌که‌ی دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح:
ئه‌و تێكشكانه سه‌ربازییه‌ی ڕووبه‌رووی ڕێكخراوی داعش بووه‌وه له عێراقدا و لێكه‌وته‌كانی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی داهاتوو، ساتێكی جیاكه‌ره‌وه‌یه له مێژوی هاوچه‌رخی عێراق. ئێستا هه‌لێك هه‌یه بۆ ڕێككردنه‌وه‌ی ڕێرهوهكه و ئاراسته‌كردنی وڵات به‌ره‌و گه‌شانه‌وه و ئارامی كه خواستێكی سه‌ره‌كین. به‌دڵنیاییشه‌وه له به‌رامبه‌ردا كۆمه‌ڵێك ئاڵنگاریی مه‌ترسیدار هه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌زوویی ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌م قۆناغه نهچێنرێتهوه، مه‌ترسی دروست ده‌كه‌ن.
له‌ده‌ستدانی هه‌لی بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقێك كه بتوانێت قه‌یرانه‌كانی تێبپه‌ڕێنێت، كاریگه‌ریی زۆر خراپتری ده‌بێت له بێتوانایی ده‌سته‌بژێری سیاسی عێراق له به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌یێكی سیاسیی ته‌ندروست له‌دوای 2003وه.
له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، عێراق پێویستییێكی زۆری به دیالۆگێكی ناوخۆییی ڕاشكاو هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ته‌نگژه‌ی كه له‌كرۆكی پرۆسه‌ی سیاسی دوای 2003وه هاتۆته كایه‌وه و عێراقی خستۆته بازنه‌ی قه‌یرانگه‌لێك، كه له ناوه‌رۆكدا پێكه‌وه به‌ستراون و له ڕووكاریشدا جیاوازن. له‌ده‌ره‌نجامیشدا هه‌موو عێراقییه‌كان، به‌جیاوازیی پێكهاته‌كانیانه‌وه، نه‌هامه‌تییان له‌كاری حكوومی و پرۆسه‌ی سیاسی به‌ركه‌وتووه. له‌به‌رامبه‌ریشدا تۆمه‌ت و تێوه‌گلان له گه‌نده‌ڵی به‌دوای چینه سیاسییه‌كه‌وه‌یه له به‌غداو به‌سره‌وه بۆ ئه‌نبار و مووسڵ و هه‌ولێر و سلێمانی.
گه‌نده‌ڵی جه‌سته‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقی خواردووه، ماڵی دزراو بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی پاره‌داركردنی توندوتیژی و قه‌یرانی به‌رده‌وام. هه‌ربۆیه كاركردن بۆ وشككردنی سه‌رچاوه‌كانی گه‌نده‌ڵی پێویسته بۆ كۆتایی پێهێنانی ئه‌و بازنه‌یه و ڕێگرتن له سه‌رله‌نوێ دروست بوونه‌وه‌ی تیرۆر، ئه‌مه‌ش مه‌رجێكی سه‌ره‌كیی به‌ده‌ست هێنانه‌وه‌ی متمانه‌ی هاوڵاتییه بۆ سیسته‌می حوكمڕانی.
له‌م بواره‌شدا گرنگه ئاماژه به‌و ده‌ستپێشخه‌رییه بكه‌ین كه سه‌رۆكوه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ڕایگه‌یاند. ده‌كرێت ئه‌م هه‌نگاوه بكرێته سه‌ره‌تایێك، به‌پێی میتۆدێكی یاسایی و زانستی، بۆ وه‌ستانه‌وه به‌رووی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه بڵاوه‌ی له په‌یكه‌ری ده‌وڵه‌ت و به‌رێوه‌بردنی سامانی گشتیدا هه‌یه.
كۆتایی هێنانی بازنه‌ی قه‌یرانه‌كانی عێراق پێویستی به‌سه‌رله‌نوێ پێكهێنانه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی ئێستا هه‌یه. ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی و به‌رزڕاگرتنی به‌ها مه‌ده‌نیه‌كان و پاڵپشتیی ڕۆڵی ژن و مافه‌كانیان و جه‌خت كردنه‌وه له پابه‌ندبوون به پێوه‌ره‌كانی مافی مرۆڤ وه‌ک میتۆدێكی ده‌ستوری.
ئه‌و ناڕوونییه‌ی له هه‌ندێ له ده‌قه ده‌ستورییه‌كاندا هه‌یه و ئه‌و خراپ جێبه‌جێكردنه‌ی له ئه‌نجامی ئه‌زمونی ڕابردووه‌وه بینراوه، واده‌كات كه پێداچوونه‌وه‌ی ده‌ستوور ئاسایی بێت، به‌ڵام ده‌بێ به‌پێی ئه‌و میكانیزمه ده‌ستورییانه بێت كه عێراقییه‌كان پێی ڕازی بوون. چوونكه ده‌ستوور مه‌رجه‌عی چاره‌سه‌ریی ناكۆكییه‌كانه.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، ناكرێ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسی كورددا له پێگه‌ی براوه به‌رامبه‌ر دۆڕاوه‌وه بكرێت. مێژوو سه‌لماندوویه‌تی كه ئه‌گه‌ر كورد له ڕووی سه‌ربازییه‌وه بشكێت، ئه‌وا له‌شاخه‌كان كۆبونه‌ته‌وه و زۆرجار به پاڵپشتییێكی ده‌ره‌كی دۆخه‌كه وه‌ك خۆی به‌رده‌وام بووه. عێراقیش هه‌ر له‌و چوارچێوه وێرانكارییه‌دا ماوه‌ته‌وه. مافی چاره‌ی خۆنوسین مافێكی سروشتیی كورده، به‌ڵام ئه‌م مافه له به‌غدای پایته‌خته‌وه به‌ده‌ست دێت، نه‌وه‌ك ئه‌نقه‌ره و تاران و واشنتۆن.
به لێكتێگه‌یشتن له هاوبه‌شه‌كانی عێراق به‌ده‌ست دێت، نه‌وه‌ك به ناكۆكی و لێكدابڕان و پشت به‌ستن به هێزی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی. وه‌ك كاری له‌پێشینه‌ش پێویستی به چاكسازیی سیاسیی ناوخۆیی و كۆتایی هێنانی گه‌نده‌ڵی و خزم خزمێنه و به‌ڕێوه‌بردنی خراپ هه‌یه، كه بووه‌ته ههڕهشهیێكی گه‌وره و خۆره‌ی جه‌سته‌ی سیسته‌می حوكمڕانی له كوردستان.
وادیاره بۆ یه‌كه‌م جاره له مێژووی هاوچه‌رخی ده‌وڵه‌تی عێراقدا، زۆرێك له كورد، داخوازی چاكسازیی ناوخۆیی و حوكمڕانیی ڕه‌شید ده‌خه‌نه پێش دروشمه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه. ئه‌مه‌ش گۆڕانكارییێكی زۆر گرنگه و پێویسته به وردی خوێندنه‌وه‌یێكی ڕاستی بۆ بكرێت تا چاره‌سه‌ری پێویست بدۆزرێته‌وه بۆ هه‌موو عێراق، نه‌وه‌ك ڕووداوه‌كه به‌كار بهێنرێت ته‌نها بۆ سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی مێژووی سته‌م لێكراوی كورد و سه‌رده‌ستیی شۆڤێنیه‌تی عروبی. خواسته‌كانی چاكسازی له سلێمانی و هه‌ولێر ته‌واو هاوتایه له‌گه‌ڵ هه‌مان ئه‌و خواستانه له به‌سره و ئه‌نبار و به‌غدا. سه‌ركه‌وتنی ئه‌م چاكسازییه‌ش به‌ستراوه به چاره‌سه‌ری گشتگیر كه بتوانێت به‌رده‌وامیی قه‌یرانه‌كان له عێراقدا كۆتایی پێ بهێنێت. ناكۆكیی نێوان به‌غدا و سه‌ركرده سیاسییه‌كانی كورد نابێ ببێته هۆكارێك بۆ سزادانی هاوڵاتیان و پشت كردنه مافه ده‌ستورییه‌كانی كوردستان. ئه‌ركی ده‌وڵه‌ته ڕێگر بێت له سزادانی هاوڵاتییه‌كانی. لهمڕوشهوه پێویسته ده‌ست بكرێت به پێدانی مووچه‌ی كه‌رته خزمه‌تگوزارییه‌كان و پێشمه‌رگه كه به‌وپه‌ڕی ئازایه‌تییه‌وه به‌ره‌و ڕووی داعش وه‌ستانه‌وه. هه‌روه‌ها ده‌بێ ده‌رگای گفتوگۆ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا بكرێته‌وه و شه‌فافیه‌ت له دۆسیه‌ی نه‌وت و داهاتدا هه‌بێت، ئه‌مه‌ش به رۆڵبینینی هه‌ردوو په‌رله‌مانی عێراقی و كوردستانی.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه په‌یوه‌ندیداره‌كان، گرنگه ئه‌وه بزانین كه به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌بێ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سوننه عێراقییه‌كان لاسه‌نگ ده‌بێت. ئه‌و سوننه عێراقییانه‌ی كه له پێشه‌وه‌ی قوربانیانی ده‌ستی داعش بوون. ئه‌مانه له‌هه‌موان زیاتر به‌رژه‌وه‌ندیی ڕاسته‌وخۆیان له ڕیشه‌كێش كردنی هزری ته‌كفیری هه‌یه. پێویسته هاوكاری و پاڵپشتی بكرێن بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه ئه‌وه‌ش له‌ڕێی به‌شداری كردنی ڕاسته‌قینه‌یان له بڕیاری عێراقی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان.
ئاڵنگاریی سه‌رله‌نوێ بنیات نانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه له‌داعش پاك كراونه‌ته‌وه، ئه‌ركێكی له‌پێشینه‌یه. به‌ڵام واقع ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه عێراق پێویستی به رێنیسانسێكی ئابووریی گشتگیر هه‌یه كه چاره‌سه‌ری پته‌وی بۆ قه‌یرانه‌كان لێبكه‌وێته‌وه و كه‌لتووری كێبڕكێ و ته‌واوكاریی ئابووری بكاته ئه‌ڵته‌رناتیڤی پێكدادانی سیاسی. ئه‌مه‌ش هه‌لێكه بۆ وردبوونه‌وه له كۆنگره‌ی به‌خشه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، كه بڕیاره له كوه‌یت ئه‌نجام بدرێت، له‌سه‌ر بنه‌مایێكی تێگه‌یشتنی گشتی كه بریتییه له: یه‌كێتیی خاكی عێراق و ئاسایشه‌كه‌ی و به‌زاندنی توندڕه‌وی، پرسگه‌لێكی په‌یوه‌ستن به په‌ره‌پێدانی ژێرخان و گه‌شه‌پێدانی ته‌واوكاری و پته‌ویی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی عێراق، هه‌روه‌ها له‌نێوان عێراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ری. به‌مه‌ش ده‌توانرێت له‌بری ڕووبه‌ری یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان، ڕووبه‌رێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی دراوسێكان بدۆزرێته‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای دروست كردنی هه‌لی كار بۆ گه‌نجان.
پێده‌چێ ڕێگه‌ی وه‌دیهێنانی ئه‌وه‌ش بریتی بێت له دروست كردنی "سندووقی وه‌به‌رهێنان" و به‌شداری كردنی ناوخۆیی هاوڵاتیانی عێراق تیایدا. به جۆرێك ده‌وڵه‌ت به ڕێژه‌یێكی دیاریكراو له داهاتی نه‌وت (بۆ نمونه 5٪ی ساڵانه) پاڵپشتیی بكات. هه‌روه‌ها كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌تی عێراقی و بیانی بتوانن به‌شدار بن تیایدا، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای به‌شداریی دامه‌زراوه داراییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ده‌وڵه‌تانی به‌خشه‌ر و سندووقه جیهانییه‌كان. دواجاریش ئه‌م "سندووقی وه‌به‌رهێنان"ه ببێته سه‌رچاوه‌ی پاره‌دار كردنی پرۆژه‌كانی ژێرخانی ستراتیجی كه گرنگییێكی ئابووریی هه‌بێت، وه‌ك به‌نده‌ری به‌سره، تۆڕی ڕێگاوبانی خێرا، هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، فرۆكه‌خانه، پرۆژه‌ی گرنگ له ده‌شتی نه‌ینه‌وا و گه‌رمیان و هه‌ولێر، چاكسازی كردن له زه‌وییه‌كانی باشوور، شاری پیشه‌سازی و به‌نداو.
سه‌ره‌ڕای ڕۆڵی ناوخۆییش، ئه‌م سندووقه ده‌توانێت به‌شدار بێت له پاره‌دار كردنی ئه‌و پرۆژانه‌ی ژێرخانی ئابووریی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌مه له كاتێكدا عێراق میحوه‌رێكی ستراتیجیی گرنگه و به‌هۆیه‌وه جیهانی عه‌ره‌بی و ئێران و توركیا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن و ئابووری كه‌نداو و ئه‌وروپا پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ده‌توانێت ببێته ڕێگه‌ی حه‌ریری نوێ به‌ره‌و ده‌ریای ناوه‌ڕاست. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا عێراق سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی گاز و نه‌وته. كه به‌هۆیه‌وه ده‌توانێت ببێته ڕێڕه‌وێكی ئاسان و ئارام بۆ سیسته‌می هه‌نارده‌كردنی وزه.
بۆ ئه‌م پرۆژانه‌ش گرنگه ته‌ماشای نمونه هاوشێوه‌كانی وه‌ك تایله‌ند و ڤێتنام و هندستان بكه‌ین كه توانییان وه‌به‌رهێنانی سندووقی هه‌ریه‌ك له وڵاتانی یابان و چین و كه‌نداو ڕابكێشن. وه‌ك وهبیرهێنانهوهیێكیش، پێویسته "سندووقی وه‌به‌رهێنان" به یاسایێكی تایبه‌ت ڕێكبخرێت و جیا بێت له حكوومه‌ت و له‌لایه‌ن ده‌سته‌یێكی تایبه‌تی پیشه‌یی، دوور له بێنه‌وبه‌رده‌ی سیاسی، به‌ڕێوه‌ببرێت. پێویسته ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕی كه‌سانی پیشه‌یی بن كه له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه پێشنیار بكریت و په‌رله‌مان په‌سه‌ندی بكات و بۆ ماوه‌ی 6 ساڵ خزمه‌ت بكه‌ن تاوه‌كوو نه‌به‌سترێنه‌وه به بابه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه. هه‌روه‌ك وا باشه له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م سندوقه‌دا دامه‌زراوه داراییه جیهانییه‌كانی وه‌ك سندوقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی ئیسلامی به‌شداربن، به‌ئامانجی ڕاكێشانی وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كی. وا پێویستیشه ئه‌م سندووقه سیسته‌مێكی ژمێریاری و داراییی هه‌بێت كه به‌رپرس بێت بۆ چاودێریی دارایی به‌پێی میكانیزمه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌مه‌ش له پێناو ڕێگرتن له‌هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێكی سیاسی و گه‌نده‌ڵی.
له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كانی عێراق به‌بێ چاره‌سه‌ریی ڕیشه‌یی شكستی هێناوه. ئه‌مڕۆ عێراق هه‌لێكی له‌به‌رده‌مدایه كه چاره‌سه‌ری گشتگیری هه‌بێ بۆ ڕێككردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بابهتهكان، به‌و هیوایه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ببێته بۆنهیێكی كۆ كردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان له پێناو دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌ی گشتگیر بۆ قه‌یرانه به‌رده‌وامه‌كانی عێراق، نه‌وه‌ك ببێته وێستگهیێكیتر بۆ دابڕان و ململانێی زیاتر.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی خه‌ندان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment