کوردەکان لە سەفەری ئەردۆغان بۆ فەرانسە ناڕازین

بەشی جیهان- هەزاران کوردی دانیشتووی پاریس لە ڕێگای خۆپیشاندانەوە ناڕەزایەتیی خۆیان هەمبەر سەفەری ئەردۆغان بۆ فەرانسە و هەروەها بێئاکام مانەوەی دۆسیەی کوژرانی سێ چالاکڤانی کورد لەو وڵاتە دەربڕی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەوڕۆ شەممە ١٦ی بەفرانبار هەزاران کوردی دانیشتووی شاری پاریس بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی هەمبەر سەفەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک‌کۆماری تورکیا بۆ وڵاتی فەرانسە و هەروەها فەشەل هێنانی دەزگای دادی وڵاتی فەرانسە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی دۆسیەی کوژرانی سێ چالاکڤانی کورد لە پاریس خۆپیشاندانیان بەڕێوەبرد.

لە جانیڤێریی ٢٠١٣ تەرمی بێگیانی سێ چالاکڤانی کوردی دانیشتووی پاریس بە ناوی سەکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا سۆیڵمز کە سەر و ملیان کرابوویە ئامانج لە باڵاخانەی ناوەندی فەرهەنگیی کوردەکانی پاریس دۆزرایەوە.

کوردەکانی دانیشتووی پاریس ئەوڕۆ لە خۆپیشاندانەکەدا ڕایان‌گەیاند بێهیوا بوونە لەوەی کە هێشتاکەش دەزگای دادی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە هۆکار و ئەنجامدەری ئەو کوشتنانە بدۆزێتەوە و سزای بدات و هەربۆیەش ناڕەزایەتیی خۆیان هەمبەر ئەم بابەتە دەربڕی.

تۆمەتەکە دەخرێتە پاڵی ڕێکخراوی هەوڵگریی تورکیا واتا ڕێکخراوی "میت" بەڵام ئەو ڕێکخراوەیە خۆی لەو تۆمەتە بەدوور دەزانێت. عومەر گونای تەنیا گومانلێکراوی ئەم دۆسیەیە دوا ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠١٦ و پێش ئەوەی دادگایی بکرێت لە زینداندا کۆچی دواییی کرد.

سەرچاوە: تەلەفزیۆنی فرانس ٢٤

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 10184

Your Comment

You are replying to: .
captcha