بەپێی هەواڵی کوردپرێس مەشریق ڕیسان لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا کە ڕۆژنامەی "القدس العربی" بڵاوی کردۆتەوە دەنووسێت: سێ لەمپەری سەرەکی هەن بۆ پەسەندکرانی ڕەشنووسی بودجەی 2018ی عێراق لە پەڕلەمانی ئەو وڵاتە بەڵام دەوڵەتی فیدراڵی عێراق خوێندنەوە بۆ ئەو بودجەیە ناکات هەر بۆیەش ئەنجومەن ینوێنەرانی عێراق بایکۆت کرانی دانیشتنەکانی لەلایەن حیزبە سیاسییەکانەوە بە خۆوە دەبینێت.
ئەو ناکۆکییانە لە حاڵێکدایە کە هەرێمی کوردستان گرفتاری قەیرانی داراییی پڕووکێنەرە کە کاری کردۆتە سەر فەرمانبەرانی هەرێمیش. ئەو ڕەوتە سەرەتا بە ناڕەزایی دەربڕینی نوێنەرە کوردەکان بەرانبەر بە شایستە دارییەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد کە لە 17 بۆ 12 لە سەد کەم کرایەوە. لەو نێوانەدا ڕێزان شێخ دلێر نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەڕلەمانی عێراق پێداگر بوو لە سەر دژایەتیی حیزبەکەی خۆی بەرانبەر بە کەم کردنەوەی پشکی بودجەی هەرێم و وتی نەک هەر یەکێتی بەڵکوو حیزبە سوننەکانیش ناڕازین بە بودجەی 2018ی عێراق.
سەرەڕای ئەو ناڕەزایی دەربڕینەی حێزبە کوردستانییەکان، شێخ دلێر بە دووری زانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق بکشێنەوە چوونکە بە ڕای ناوبراو ئەو داپەڕە ناکۆکییەکان زیاتر دەکات.
لەو نێوانەشدا سوننەکانی عێراق بودجەی 2018ی عێراق بە خرابترین بودجەی ئەو وڵاتە وەسف دەکەن.
نوور جەباری نوێنەرێکی ئیئتیلافی سوننەکان لە پەڕلەمانی عێراق بە ڕۆژنامە "القدس العربی"ی وت: لەو بودجەیەدا هیچ بڕە پارەیێک بۆ پارێزگا خەسار لێکەوتوووەکان بە تایبەت نەینەوا، سەڵاحەدین و ئەنبار تەرخان نەکراوە.
جەباری زیادی کرد: تەنها هاوپەیمانیی سوننەی عێراق نین کە لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2018 ناڕازین بەڵکوو هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی باشووری عێراقیش کە بەرهەم هێنەری نەوتن تێبینییان لە سەر ئەو بودجەیە هەیە.
ناوبراو جەختیشی کردۆتەوە: نوێنەرانی هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند ناکەن چوونکە لەو پڕۆژەیەدا هیچ بڕە پارەیێک بۆ پارێزگا خەسار لێکەوتوووەکان بە تایبەت نەینەوا، سەڵاحەدین و ئەنبار تەرخان نەکراوە و ئاوارە عێراقییەکانیش لەبەر چاو نەگیراون.
ئەو نوێنەرە داوای لە دەوڵەتی فیدراڵ کرد لە قەرزە نێودەوڵەتییەکان بەشە بودجەیێک بۆ ئەو چەند پارێزگایە تەرخان بکات .
ناڕەزایی بەرانبەر بە پڕۆژەیاسای بودجەی 2018ی عێراق تەنها بە کورد و سوننەوە نەبەستراوە بەڵکوو هەندێک لە لایەنە شیعەکانیش پێی ناڕازین بەتایبەت ئیدارەی پارێزگای بەسرە.
تۆفێق کەعبی نوێنەری هاوپەیمانیی نیشتمانی لە پارێزگای بەسرە بە "القدس العری"ی وتوووە: " ئێمە وەکوو نوێنەرانی بەسرە بڕیارمان داوە دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە نەدەین چوونکە تەوەری پێترۆ دۆلاری تێدا لەبەر چاو نەگیراوە. لە حاڵێکدا بەسرە شادەماری ئابووری عێراقە."
کەعبی زیادی کردوووە: دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دیداری سەرۆک فراکسیۆنەکاندا لەسەر بودجەی 2018 گفتوگۆیان کردوووە و گوێیان لە ڕای دژبەرانی ئەو پڕۆژەیاسایە گرتوووە.
ناوبراو ئەوەشی وتوووە: سێ پرسی جێناکۆکی لەو پڕۆژەیاسایەدا هەیە کە یەکیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پارێزگایانەی نەوت بەرهەم دەهێنن و دووهەم ناڕەزاییی ئەو سێ پارێزگایەی لە شەڕی داعشدا خەساریان لێکەوتوووە و سێهەم ناڕەزاییی کوردەکانە بەرانبەر بە بودجەی 2018 کە پشکەکەیان لە 17 بۆ 12 لە سەد کەم کراوەتەوە.
کەعبی لە کۆتاییدا وتیشی: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەنیازە بۆ موناقەشە کردنی ئەو بابەتە لەگەڵ حەیدەر عەبادی کۆمیسیۆنێک پێک بهێنێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment