عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: ناردنی مووچه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ چاكسازییێكی زۆر له‌ هه‌رێمدا بكرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- عه‌لی حه‌مه‌ساڵح په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕای‌گه‌یاند: "ناردنی مووچه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ چاكسازییێكی زۆر له‌ هه‌رێمدا بكرێت و چاودێریی داراییی عێراقیش وردبینی له‌و لیست و دۆسیانه‌دا بكات و چاودێرییان بكات".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌لی حه‌مه‌ساڵح به ‌خه‌ندانی وت: "ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ بێت داهاتی نه‌وت و خاڵه‌ سنوورییه‌كان ڕاده‌ست بكات و ده‌وڵه‌تی عێراقیش خۆی پێداچوونه‌وه‌ به‌ لیستی مووچه‌خۆراندا بكات، ئه‌وا ده‌وڵه‌تی عێراق مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌نێرێت".

ناوبراو وتیشی: "دوای وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده ‌و ته‌ندروستی وردبینی له ‌وه‌زاره‌ته‌ مه‌ده‌نییه‌كانی دیكه‌دا ده‌كرێت له‌لایه‌ن به‌غداوه‌".

حکوومه‌تی هه‌رێم تا ئێستا چه‌ند جارێک داوای‌ له‌ به‌غدا كردوووه‌ پێكه‌وه‌ به ڕێگه‌ی‌ گفتوگۆ كێشه‌كانی‌ نێوانیان به ‌تایبه‌تی‌ كێشه‌كانیان له‌سه‌ر بوودجه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن به‌ڵام تا ئێستا به‌غدا ئاماده‌یی نیشان نه‌داوه‌ و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق مه‌رجی هه‌یه‌ بۆ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان.

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو: "ناردنی مووچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده ‌و ته‌ندروستی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی به‌غداوه‌ وه‌ک نیازپاكییێک دێت. ئه‌گه‌ر كێشه‌ دروست نه‌بێت و حكوومه‌تی هه‌رێم داهاتی نه‌وت و خاڵه‌ سنوورییه‌كان ڕاده‌ستی به‌غدا بكات مووچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ش ده‌نێرێت".

ئاستی گرژییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ ئه‌نجام‌دانی ڕیفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان زیاتر بوو ئه‌وه‌ش له‌ ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا ھه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند ده‌ستپێشخه‌رییێكیش خرانه ‌ڕوو به‌ڵام تا ئێستا گفتوگۆكان ده‌ست پێنه‌كراونه‌ته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9939

Your Comment

You are replying to: .
captcha