کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی یاسای چاکسازیی مووچە کۆتایی هات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەر پرسی یاسای چاکسازیی مووچە، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ڕایگەیاند حکوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازی و پێبەندیش دەبێت بە ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر مەلەفی نەوت و بودجە.

ڕۆژی چوارشەممە 2020/1/15 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆ بووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەردانی ئەم هەفتەیەی شاندی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە لە گەڵ شاندی عێراقی جەخت لە گرنگیی پابەندبوون بە رێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی نەوت و بودجە و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان کراوەتەوە.

پاشان سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە پرۆژە یاسای چاکسازی دا و جەختی کردەوە کە حکوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازی و دووپاتیشی کردەوە کە ئامانج لە چاکسازی رێکخستنەوەی مووچە و دابەشکردنی داهاتە بە شێوەیێکی دادپەروەرانە.

مەسروور بارزانی دڵنیاییشی دا کە مووچە و مافی هیچ کەسێکی شایستە بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت. لە م بارەیەوە بڕیار درا ڕوونکردنەوەی پێویست لە بارەی پاراستنی مافی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیان و گیراوانی سیاسی بدرێتە پەرلەمانی کوردستان.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە ، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی پڕۆژەی چوارچێوەی هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت ( Public Private Partnership (PPP) ) کە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای پشتیوانی­کردنی پڕۆژەکە لە پێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوزاری بە هاوبەشی کەرتی تایبەت لە چوارچێوەیێکی یاسایی ڕوون و ئاشکرا و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی پلاندانانی ڕاسپارد لێکۆڵینەوەی زیاتر لەم بارەیەوە بکات و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پێشنیار و تێبینییەکانیان پڕۆژەکە دەوڵەمەندتر بکەن.

News Code 97256

Your Comment

You are replying to: .
captcha