ئەورووپا مکانیزمی ماشە بەرانبەر بە ئێران کارا دەکاتەوە

بەشی ئێران- سێ وڵاتی ئەورووپیی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، لە بەیانێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند بە مەبەستی پێبەندکردنی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی مێکانیزمی ماشە کارا دەکەنەوە.

کوردپرێس:

پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەی تاکلایەنانە لە ساڵی 2018 لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی 5 کۆ یەک کشایەوە، ئێران ماوەی یەک ساڵ دانی بە خۆدا گرت و بە هەموو خاڵەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە پێبەند بوو و لەو ماوەیەدا بەردەوام داوای لە لایەنی ئەورووپی و دیکەی ئەندامانی ڕککەوتنەکە کردووە کە پارێزگاری لە بەرژەوەندی و قازانجی ئێران بکەن بەڵام لایەنەکانی دیکەی ڕێکەوتنەکە سەرباری بەڵێنی زارەکی، بە کرداری هیچیان نەکرد هەر بۆیەش ئێران پاش زیاتر لە یەک ساڵ دەستی کرد بە کەم کردنەوەی پێبەندبوونی بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و لە 5 قۆناغدا بۆ ماوەی یەک مانگ و دوو مانگ دەرفەتی بە ئەورووپییەکان دەدا کە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئێرانەوە بکەن.

مانگی بەفرانباری 1398 ئێران قۆناغی پێنجەمی کەم کردنەوەی پێبەندبوونی بە ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە ڕاگەیاند و بەو پێیەش ئێران پێبەند نابێت بە هیچ سنوورێک بۆ پیتاندن و بەرهەمهێنانی ئورانیۆم.

ئەمڕۆ سێشەمە 24ی بەفرانباری 1398 بەرانبەر بە 14ی کانوونی دووهەمی 2020 سێ وڵاتی ئەورووپیی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا) لە بەیانێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند مکانیزمی ماشە بەرانبەر بە ئێران کارا دەکەنەوە.

میکانیزمی ماشە بریتییە لەوەی، ئەگەر لە قۆناغێکدا یەک لە ئەندامانی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران ناکۆک بوون لە سەر دەقی ڕێککەوتنەکە ئەوا دیکەی ئەندامان هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکە بەڵام ئەگەر لە توانای ئەنداماندا نەبوو ناکۆکییەکە چارە بکەن ئەوا بە هاوبەشی سکاڵا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرز دەکەنەوە.

بەو پێیەش ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەک مانگ دەرفەت دادەنێت بۆ ئەوەی ناکۆکییەکە لە نێو ئەندامانی ڕێککەوتنەکەدا یەکلا بێتەوە. ئەگەر پاش یەک مانگ هیچ ڕێککەوتنێک نەهاتە ئاراوە ئەوا بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سزا ئابووری و سەربازییەکان دەگەڕێندرێتەوە سەر ئێران و دۆخەکە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ناسراو بە "بەرجام".

خاڵی تێبینی ئەوەیە کە لە ڕێککەوتنی واژۆکراودا وڵاتی هاوپەیمانی ئێران واتا ڕووسیا بەشدارە و کاراکردنەوە مکانیزمی ماشە پێویستی بە کۆدەنگیی ئەندامان دەبێت و ئەگەر تەنانەت یەک ئەندامیش ناڕەزا بێت دیکەی ئەندامان ناتوانن ئەو مکانیزمە کارا بکەنەوە.

News Code 97244

Your Comment

You are replying to: .
captcha