نێچیرڤان بارزانی: وتەکانی سەید حەسەن نەسروڵڵا نەشیاو و دوور لە شێواز و ئەتەکێتی سیاسى بوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا وەڵامی حەسەن نەسروڵڵای دایەوە و دەڵێت: "قسەکانی ئه‌ميندارى گشتيى حيزبوڵڵاى لوبنانى نەشیاون بەرامبەر‌ سه‌رۆک مه‌سعوود بارزانى و قوربانیدانی پێشمەرگە".

کوردپرێس: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت جێگه‌ى داخه کەسێکی وەک حەسەن نەسروڵڵا بەبێ رەچاوکردنی رۆڵی مێژووییانەی سەرۆک بارزانی لە بەرەنگاربوونەوەی رژێمە دیکتاتۆریيەکان و رۆڵی مەیدانیانەی لە تێکشکاندنی داعشدا، بەو شێوەیە هەستی گەلی کوردستان بریندار بکات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەیشی گوتووە "سەرۆک بارزانی هه‌موو ته‌مه‌نى خۆى لە بەرەنگاربوونەوەی ستەم و ستەمکاران و له‌پێناو ئازاديى گه‌له‌که‌يدا به‌خشيوه‌، لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشیشدا وەک فەرماندەی هێزی پێشمەرگە بە شێوەیێکی راسته‌وخۆى مەیدانی و لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە سەنگەردا، رۆڵێکی قارەمانانەی نواند کە هەموو گەلی کوردستان و زۆر لە سەرکردەکانی جیهان بۆ ئازایەتيی پێشمەرگە و جه‌نابى سه‌رۆک، شايه‌تييان دا".

لە پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە "گه‌لى کوردستان هه‌ميشه‌ به‌ هاوکارييه‌کانى دۆستانى ده‌زانێت و سوپاسى هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌کات که‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا يارمه‌تيى هه‌رێمى کوردستانيان داوه‌، به‌ رێزه‌وه‌ له‌و پشتگيرييه‌ى ئه‌وان ده‌ڕوانێت و قه‌ت له‌بيرى ناکات".

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی هەرێمی کوردستان

به‌ڕێز حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، ئه‌ميندارى گشتيى حيزبوڵڵاى لوبنانى له‌ وتارێکدا دوور لە شێواز و ئەتەکێتی سیاسى، به‌ شێوەیەکی نەشیاو ده‌رهه‌ق به‌ سه‌رۆک مه‌سعوود بارزانى و قوربانیدان و قارەمانيه‌تيی پێشمەرگە، قسەی کردووە. جێگه‌ى داخه کەسێکی وەک به‌ڕێز نەسروڵڵا بەبێ ڕەچاوکردنی ڕۆڵی مێژووییانەی سەرۆک بارزانی لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمە دیکتاتۆریيەکان و ڕۆڵی مەیدانیانەی لە تێکشکاندنی داعشدا، بەو شێوەیە هەستی گەلی کوردستان بریندار بکات.

سەرۆک بارزانی هه‌موو ته‌مه‌نى خۆى لە بەرەنگاربوونەوەی ستەم و ستەمکاران و له‌پێناو ئازاديى گه‌له‌که‌يدا به‌خشيوه‌، لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشیشدا وەک فەرماندەی هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی ڕاسته‌وخۆى مەیدانی و لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە سەنگەردا، ڕۆڵێکی قارەمانانەی نواند کە هەموو گەلی کوردستان و زۆر لە سەرکردەکانی جیهان بۆ ئازایەتيی پێشمەرگە و جه‌نابى سه‌رۆک، شايه‌تييان دا.

گه‌لى کوردستان هه‌ميشه‌ به‌ هاوکارييه‌کانى دۆستانى ده‌زانێت و سوپاسى هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌کات که‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا يارمه‌تيى هه‌رێمى کوردستانيان داوه‌، به‌ ڕێزه‌وه‌ له‌و پشتگيرييه‌ى ئه‌وان ده‌ڕوانێت و قه‌ت له‌بيرى ناکات.

گه‌لى کوردستان و پێشمەرگە زیاتر لە سەدەیه‌کە بەرەنگاری گەورەترین و دڕاندانەترین هێرشی قڕکاری بوونەتەوه‌، له‌ شه‌ڕى داعشيشدا هەرێمی کوردستانيان پاراست و بەشدار بوون لە پاراستن و ڕزگارکردنی زۆر شوێنی دیکەی عێراق، ئەمڕۆش پاراستنی ئاشتی و پێکەوەژیان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بە ئه‌رکى هەرە لەپێشی خۆيان دەبينن، له‌ کاتێکدا دۆخى ناوچه‌که‌ وا ده‌خوازێت هه‌موومان کار بۆ ئارام کردنه‌وه‌ و گێڕانه‌وه‌ى سه‌قامگيرى بکه‌ين.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 97235

Your Comment

You are replying to: .
captcha