بزووتنەوەی گۆڕان داوا دەکات هەرێمی کوردستان خۆی لە گرژییەکانی ناوچەکە دوور بگرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بزووتنەوەی گۆڕان داوا دەکات هەرێمی کوردستان خۆی لە گرژییەکانی ناوچەکە دوور بگرێت و هەوڵ بدات بۆ چارەسەریی کێشەکان و کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەربارەی هەڵوێستییان لە سەر ڕووداوەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کردنی عێراق بە شوێنی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان، بەشێکن لە گۆڕینی ئاڕاستەی کارکردنی دەوڵەتی عێراق کە توانیبووی لە ساڵانی ڕابردوودا جۆرێک لە هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییە ئیقلیمییە دژبەیەکەکان ڕابگرێت.

بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە بێ وردبینی کردن سێ یاسای گرنگی وەک یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکای تێپەڕاند کە سەپاندنی ویست و بەرژەوەندی گرووپ، یان بەشێک لە پێکهاتەیەکە، کە دەیەوێت عێراقی داهاتوو لەسەر تێگەیشتن و بەرژەوەندی ئێستای خۆی ڕەنگڕێژ بکات.

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان:

لە چەند رۆژی رابردوودا، کۆمەڵێک رووداوی مەترسیدار رووبەڕوومان بووەتەوە، چ لە رووی سەربازی و توندوتیژیەوە، چ لە رووی دەستووری و چەمکی پێکەوە ژیانەوە.

کردنی عێراق بە شوێنی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتیەکان و کردەی سەربازی کە بەهۆیەوە چەندین کەس لەهەموو لایەنەکان بوونە قوربانی، بەشێکن لە گۆڕینی ئاراستەی کارکردنی دەوڵەتی عێراق کە توانی بووی لە ساڵانی رابردوودا جۆرێک لە هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندیە ئیقلیمیە دژبەیەکەکان رابگرێت.

یەکێکی تر لە دەرهاویشتە ئەم بارودۆخە، هەوڵەکانی پەرلەمانی عێراقە بۆ تێپەڕاندنی کۆمەڵێک یاسای گرنگ، کە پەیوەستن بە ئایندەی پرۆسەی سیاسی و دەستورییەوە.

لە پەرلەمانی عێراقدا، ئەوە چەند جارێکە بێ ویستی پێکهاتەکانی تر و تەنانەت بێ گوێدان بە ناڕەزایەتی و سەرنجەکانیان، تەنها ویستی پێکهاتەیەک دەسەپێندرێت، کە ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەم قۆناغە تازەیەی عێراق.

پەرلەمانی عێراق لە ماوەیێکی کەم و بێ وردبینی تەواو، سێ پرۆژەی مەترسیداری تێپەڕاند:

یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، مامەڵەکردن لەگەڵ رێکەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا.

ئەم یاسایانە سەرباری پەلەکردن لە ناردن و پەسەندکردنیان و کاڵوکرچیان لەزۆر بواردا، لەهەمانکاتدا سەپاندنی ویست و بەرژەوەندی گرووپ، یا بەشێک لەو پێکهاتەیەکە، کە دەیەوێت عێراقی ئایندە لەسەر تێگەیشتن و بەرژەوەندی ئێستای خۆی رەنگرێژ بکات.

بۆ خەڵکی کوردستان ئەمە مەترسی تاکڕەوی و پشتگوێ خستنی بەرژەوەندیەکانی پێکهاتەکانی تری عێراق و پەراوێزخستن و گوێنەدانە بە بوون و قورساییان.

عێراقی دوای سەدام حوسێن و دەسەڵاتی بەعس، لە چوارچێوەی دەستوور و بەشداری سەرجەم هاوڵاتیان لە جومگەکانی دەسەلاتی فیدرالدا، پێویست بوو سیاسەتە گشتیەکانی رەنگدانەوەی بەرژەوەندی بالای هاوڵاتیان و قووڵ کردنەوەی گیانی پێکەوە کارکردن و پێکەوە ژیان و هاوڵاتیبوون، نەک سەپاندنی زۆرەملێیانەی هەندێک یاساو بڕیار.

هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکوومەت و هێزە سیاسیەکانیەوە، لەبەردەم پێشهاتێکی نوێدان و دەبێ وریایانە مامەڵەی لەگەل بکەن و خۆیانی بۆ ئامادە بکەن.

بە تێڕوانینی ئێمە، ئەرکی سەرەکیی هەرێم لە ئێستادا، لە سێ هەنگاوی گەورەو گرنگ دا خۆی ئەبینێتەوە:

یەکەم: گەیاندنی ناڕەزایەتیەکانی هەرێم بەبەغدا و داواکردنی گەڕانەوە بۆ شەراکەتی راستەقینەی دوور لە تاکڕەوی و خۆسەپاندن و مامەڵەکردنێکی دەستوریانە و لە چوارچێوەی گیانی پێکەوە ژیان لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکاندا. لەهەمان کاتدا چڕکردنەوەی پەیوەندیەکان لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان و هەوڵدان بۆ گەڵاڵەکردنی نەخشە رێگایێکی تۆکمە بۆ بەڕیوەبردنی عێراق لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنانەی ئەم وڵاتەیان لەسەر بنیاتنرایەوە.

دووەم: دوور راگرتنی هەرێم لەهەر بارگرژی و توندوتیژیەک و هەوڵی هاوسەنگی و بینینی رۆڵی ئیجابیانە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتایی هێنان بەم قۆناغی بارگرژیە وێرانکاریەی ئێستا. هەرێمی کوردستان لە ئێستادا دەبێت لە چوارچێوەی دامەزراوە شەرعیەکانیدا کار لەسەر گەڵاڵەکردنی هەڵوێستی یەکگرتوی هەرێم لەو پرسانەدا بکاتەوە. رۆڵی پەرلەمانی کوردستان پێویستە سەرەکی و یەکلاکەرەوەبێت لەو پرۆسەیەدا.

سێیەم: بەرەی یەکگرتوی ناوخۆ تەنها بە قوڵکردنەوەی گیانی هاوڵاتی بوون و رەخساندنی دەرفەتی بەشداری سەرجەم هاوڵاتیان و نوێنەرە سیاسیەکانیان لە پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان دەبێت. بۆیە ئێستا پێویستمان بە ئاوڕدانەوەیێکی خێرایە بۆ پاکێجەکانی چاکسازی راستەقینەو ئیرادەیە بۆ سەرجەم پرس و سێکتەرەکان.

لە ئەمڕۆدا، لە پێناو بەهێزکردنی توانای ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێم، بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار و دامەزراندن و ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان، پێویستمان بە کۆتایی هێنانی دەستی ئەو باند و تاقمانەیە کە داهاتی ئەم میلەت و نیشتمانە دەدزن و بۆ بەرژەوەندی خۆیانی بەکاردێنن.

یەکخستنەوەی سەرچاوەکانی داهات و روونی لە خەرج کردنیان و گرنگی دان بە نەوەی نوێی کۆمەڵگا و گەنجەکان و باشترکردنی ژێرخانی وڵات، تەنها رێگایە بۆ ئەوەی یەکگرتوانەو بەهەستێکی بەرپرسیارێتی هاوبەشەوە بنواڕینە ئایندە و ئاڵنگاریەکانی.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 97211

Your Comment

You are replying to: .
captcha