به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه د. یوسف محه‌مه‌د سادق، سه‌رۆکى پهرلهمانىی کوردستان به ئاماده‌بوونى میدیا جیهانى و عه‌ره‌بى و ناوخۆییه‌کان له کۆنگره‌یێکى رۆژنامه‌وانیدا ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى ڕاگه‌یاند و له وته‌یێکدا پوختهیێکى له‌باره‌ى کاره‌کانى له ماوه‌ى ڕابردوودا خسته‌ڕوو، هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌ى به رووداوه‌کانى چه‌ند ساڵى رابردوو کرد له کارى په‌رله‌مانى و کووده‌تا به سه‌ر په‌رله‌مان و گه‌یاندنى هه‌رێمى کوردستان به‌م دۆخه‌ى ئه‌مڕۆ له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه.
سه‌رۆکى په‌رله‌مان، ڕای گه‌یاند: ئامانجى ئێمه له رۆژى دهستبهکاربونمانهوه ئه‌وه بووه که چۆن ده‌سه‌ڵات له خه‌ڵکه‌وه بۆ خه‌ڵک بێت، په‌یمانیش ده‌ده‌ین له داهاتوودا له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌رک و ئامانج بڕۆین.
هه‌روه‌ک کارى په‌رله‌مانى له‌م خوله‌دا به‌سه‌ر دوو قۆناغدا دابه‌ش کرد که ئه‌وانیش "قۆناغى پێش کوده‌تا و دواى کوده‌تا”ن و وتیشى: "هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکى ته‌ندروست له دنیادا ده‌بێت ملکه‌چ و به‌رپرسیار بێت به‌رامبه‌ر گه‌له‌که‌ى، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتى کوردى پێچه‌وانه‌یه ملکه‌چ بۆ ئه‌وانى دیکه و سه‌رسه‌خت و توندوتیژ بۆ خه‌ڵکى ناوخۆ و کوردستان”.
جه‌ختیشی کرده‌وه ئێستا قۆرخاکاریی سیاسى و ئابوورى و هه‌موو بواره‌کانمان هه‌یه له کوردستان، جه‌ختى له‌وه‌ش کرده‌وه که کاریان کردوووه بۆ ئه‌وه‌ى په‌رله‌مان مه‌رجه‌ع بێت و وتیشى درێژه به خه‌باتى مه‌ده‌نى و په‌رله‌مانى ده‌ده‌ین.
ده‌قى وتاره‌که:
"کۆتایی قۆناغێک"
وتاری ده‌ست له کارکێشانه‌وه‌ی سه‌رۆکی په‌رله‌مان.
هاونیشتیمانییانی ئازیز
لای هه‌مووتان ئاشکرایه که ئێستا کوردستان له دۆخێکی ئێجگار سهختدای دایه. خه‌ڵکی ژیانێکی سه‌خت و پڕ له ناخۆشی ده‌ژین.. ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه که ژیانێکی باش دابین بکات، نه‌ک خۆی ببێته سه‌رچاوه‌ی سه‌ختکردنی ژیانی خه‌ڵک. ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کوردستان به ئاراسته‌ی دژایه‌تیی خه‌ڵكدا ده‌ڕوات. ئه‌م ئاراسته‌یه ده‌بێت رێگری لێی بکرێت نه‌ک پشتیوانی.
ئامانجی ئێمه له یه‌که‌م ڕۆژی وه‌رگرتنی شه‌ره‌فی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆ ئه‌وه بوووه که چۆن وا بکه‌ین ده‌سه‌ڵات له خه‌ڵکه‌وه بێت و بۆ خه‌ڵک بێت. ئه‌مڕۆ که بڕیاری ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌مان ده‌ده‌ین له پێناوی هه‌مان ئامانج دایه و په‌یمانیش ده‌ده‌ین که له داهاتووشدا له‌سه‌ر هه‌مان ئامانج و رێگا به‌رده‌وام ده‌بین.
شاراوه نییه که ماوه‌ی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان رێک دابه‌شبوو به‌سه‌ر دوو قۆناغدا، قۆناغێکیان ده‌کرێت بوترێت ئاسایی، به‌ڵام قۆناغی کۆتاییی نائاسایی له هه‌موو ڕویه‌که‌وه. ده‌توانین هه‌روه‌ها به قۆناغی پێش کووده‌تا و پاش کووده‌تا ناوی بنیین. کووده‌تا به مانای به‌کارهێنانی هیزه بۆ گه‌یشتن به ئامانجی سیاسیی ناشه‌رعی، ئه‌مڕۆ هه‌مان به‌کارهێنانی هێز ده‌بینین بۆ هه‌مان ئامانجی ناشه‌رعی. به‌داخه‌وه وه‌ها ده‌رده‌که‌وێت ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی کوردستان به‌هیچ شێویێک سڵ ناکه‌نه‌وه له په‌نا بردن بۆ چه‌ک و تۆقاندن و توندوتیژی بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان.
هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی ته‌ندروست له دونیادا، ده‌بێت مل که‌چ بێت له ئاست خواسته‌کانی خه‌ڵكدا و مکووڕ بێت له‌سه‌ر خواسته‌کانی له به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌کانی گه‌له‌که‌ی. به‌ڵام وادیاره ده‌سه‌ڵاتی کوردی به ته‌واوی به پێچه‌وانه‌وه‌یه: مل که‌چ بۆ ئه‌وانی تر و سه‌رسه‌خت و توندوتیژ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی سیڤیلی کوردستان، ڕێک وه‌ک په‌نده کوردییه‌که: (شێری ماڵه‌وه و ڕێویی ده‌ره‌وه).
کووده‌تا به سه‌ر په‌رله‌ماندا سه‌ره‌تای دیارده‌ی گوێ پێنه‌دان و بێباکی بوو بۆ هه‌ر به‌هایێکی سه‌رده‌م و خواستی خه‌ڵكی و یاسا و شه‌رعییه‌ت. پاشان سه‌رکێشیی ریفراندۆمیشی به‌دوادا هات، که درێژه‌پێدانی هه‌مان ڕه‌فتار و ئه‌خلاق و ئاگایی بوو. ئه‌مڕۆش، سووربوون له‌سه‌ر درێژه‌دان به حکومڕانییێکی شکست‌خواردووی دژه‌خه‌ڵک قۆناغی سێیه‌می ئه‌م ره‌فتاره سیاسییه‌یه.
خه‌ڵک، کوردستانیان خۆشده‌وێت، له‌پێناویدا ده‌مرن، برسێتی و ئازار ده‌چێژن، دان به‌خۆیاندا ده‌گرن. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌وه به خه‌ڵكی کوردستان ڕه‌وا نابینن که به‌شێک بن له خاوه‌ندارێتیی کوردستان. ئه‌مه ته‌نها له رێگای سیسته‌مێکی سیاسییه‌وه دێته دی که دابه‌ش کردنێکی دادپه‌روه‌رانه بۆ ده‌رفه‌ت و سامان و کار و پله و پایه دێنێته ئاراوه. ئه‌مڕۆ له بری دابه‌ش کردنێکی دادپه‌روه‌رانه ئێمه قۆرخکاریی سیاسی و ئابووری و خاک و سامان و هه‌موو بواره‌کانمان هه‌یه.
به‌ڕێزان،
هه‌رێمی کوردستان پێکهاتووه له هێز و پارتی سیاسی و دیدی جیاواز، هه‌موو ئه‌م دید و پێکهاته سیاسییه جیاوازانه‌ش به‌شێکی سروشتی و گرنگن له پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی. ته‌نها چوارچیوهیێکیش که بتوانرێ له ناویدا ئه‌م جیاوازیانه بپارێزرێت په‌رله‌مانه، که تیایدا ئه‌م جیاوازیانه ببن به سه‌رچاوه‌ی هێز بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان.
به درێژاییی ئه‌و کاته‌ی که تیایدا ئێمه ئه‌رکی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانمان کهوتبوووه سه‌ر شان، کڕۆکی ئامانجی ئێمه سیسته‌می په‌رله‌مانیی ته‌ندروست و په‌رله‌مانێکی چالاک بوووه هه‌ر چیێکیشمان پێکرا بێ به‌بێ درێغی ئه‌نجامماندا له پێناو گه‌یشتن به‌م ئامانجه. به پێچه‌وانه‌شه‌وه، په‌رله‌مانێکی لاواز و پاشکۆ و ناکاریگه‌ر، دیارده‌یێکی ترسناکه بۆ ژیانی سیاسیی ئێمه و نوێنه‌رایه‌تی کردنی خه‌ڵک و پێگه‌ی خه‌ڵک له ناو کایه‌ی سیاسی‌دا. هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ش په‌رله‌مانێکی پاشکۆ و بێ کاریگه‌ری هیچ کاتێک بژارده‌ی ئێمه نه‌بووه و، وه‌کوو کاری په‌رله‌مانیش بۆ ئێمه قه‌بوڵکراو نه‌بووه.
باوه‌ڕ و په‌یامی نه‌گۆڕی ئێمه به‌رده‌وام ئه‌وه بوووه که په‌رله‌مان ئه‌و سیسته‌م و جێگایه‌یه که هه‌مووان به هه‌موو جیاوازیه‌کانیانه‌وه ده‌توانن تیایدا ئاماده بن و له‌گه‌ڵ یه‌کتردا له پێناو گه‌یشتن به به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش گفتوگۆ بکه‌ن، گوێ له یه‌کتر بگرن و رێز له بۆچوونی یه‌کتری بگرن. بۆیه بۆ کۆمه‌ڵگه‌یێکی وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه، که هێشتا له سه‌ره‌تاکانی بونیادنانی سیسته‌م دایه، په‌رله‌مان گرنگترین ده‌زگایه.
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ش، په‌رله‌مان به‌دیلی حوکمی شه‌خسه، به‌دیلی حوکمی ده‌سته‌بژێرێکی به‌رته‌سکه‌وه هه‌روه‌ها په‌رله‌مان مۆدێلی حوکمی یاسا و سه‌روه‌ریی یاسایییه.
کوردستانیانی ئازیز،
ئێمه له دوو ساڵی یه‌که‌می خولی چواره‌م، به‌م دیده‌وه کارمان کرد. به هاوکاریی په‌رله‌مانتاران هه‌وڵمان دا په‌رله‌مان بگه‌ڕێنینه‌وه شوێن و رێچکه ڕاسته‌قینه‌که‌ی خۆی، که پێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی کردنی خه‌ڵک و به‌رگری کردنه له ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مری واقیع له کوردستان. پێکه‌وه له ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ به‌ڕێز فه‌خره‌دین قادر سکرتێری پێشووی په‌رله‌مان و هاوئاهه‌نگ له‌گه‌ڵ به‌شێکی زۆری فراکسیۆن و په‌رله‌مانتاران، کارمان کرد بۆ سه‌روه‌ریی یاسا و وه‌ستانه‌وه دژ به گه‌نده‌ڵی و راشکاوانه‌ش خستنه ژێر پرسیاری ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ­کار له کوردستان. له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ره‌ڕای که‌میی ئه‌و یاسایانه‌ی ده‌رچوێندراون، به‌ڵام ئه‌مانه یاساگه‌لێکی چۆنایه‌تی و گرنگ بوون. هه‌وڵمان دا له ویژدانی نه‌ته‌وه‌یی گه‌له‌که‌مان و ئازار و کێشه و خۆشییه‌کانی نزیک بین. شه‌نگال و کۆبانێ گه‌واهی ئه‌م ڕاستییه‌ن. ده‌رگای په‌رله‌مانمان کرده‌وه به ڕووی کوردانی هه‌ر چوار پارچه و ڕه‌وه‌ندی کوردستانی و ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی نوێنه‌رایه‌تییان ده‌که‌ن. له‌و ماوه‌یه‌دا په‌رله‌مان ده‌ستی برد بۆ کۆمه‌ڵێک مه‌سه‌له‌ی گرنگ و هه‌ستیار که پیش‌تر ده‌ست بردن بۆیان ئه‌سته‌م بوو، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت مومکینیش نه‌بوو. نه‌چووینه ژێر باری هیچ فشار و ئیراده‌یێکی نایاسایی بۆ به‌لاڕێدا بردنی کاری په‌رله‌مانی. هه‌ر بۆیه‌ش په‌رله‌مان په‌کخرا. له‌م باره‌یه‌وه قسه زۆره بۆ کردن، که ده‌کرێ له ده‌رفه‌تی تردا بکرێن.
به‌ڕێزان،
پاش کووده‌تاش به سه‌ر په‌رله‌ماندا له ١٢ی ئۆکتۆبه‌ری ٢٠١٥، هه‌وڵی سه‌ره‌کیمان دیسان بۆ ئه‌وه بوو که چۆن په‌رله‌مان، وه‌ک ده‌زگایێک و وه‌ک قهزیهیێکی هه‌ره گرنگ له سیسته‌می دیموکراتیدا، په‌راوێز نه‌خرێت و بێ به‌ها و بێ نرخ نه‌کرێت. له‌م پێناوه‌شدا به‌رده‌وام بووین له کاری په‌یوه‌ندی دروست کردن، له کاری دیپلۆماسی و له خه‌باتی دروست کردنی دۆست و تۆڕی به‌رفراوان له پێناو ناساندنی پرسی په‌رله‌مان و پرسی سیسته‌می دیمۆکراتی ڕاسته‌قینه.
له دوو ساڵی ڕابردوودا به بێ حه‌سانه‌وه خه‌می په‌رله‌مان و خه‌مه‌کانی تری گه‌له‌که‌مان وه‌ک جێنۆسایدی خوشک و برایانی ئێزیدیمان له‌گه‌ڵ خۆماندا هه‌ڵگرت بۆ زۆر شوێنی دونیا، به تایبه‌تی وڵاتانی ئه‌ورووپای رۆژئاوا. زۆر خه‌ڵكی دیموکراتخواز و مافدۆست له دونیادا هاوڕا و هاوخه‌ممان بوون له مه‌سه‌له‌ی په‌کخستنی په‌رله‌مانی کوردستان. بێگومان گه‌یاندنی ئه‌م خه‌م و په‌یامه‌ش به جیهانی ده‌ره‌وه، له سۆنگه‌ی بڕوای قوڵمانه‌وه بوو که په‌رله‌مان ڕۆڵێکی گرنگی هه‌یه له به‌ره‌وپێشبردنی دۆخی سیاسیی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و جێگیرکردنی سیسته‌می دامه‌زراو له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌وایه‌تیی دیمۆکراسی. لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم که زۆر سوپاسی ڕه‌وه‌ندی کوردستانی له ئه‌وروپا بکه‌م که زۆر هاوکارمان بوون له‌م هه‌ڵمه‌ته دیبلۆماسییه چڕه‌دا.
ئێمه شانازی ده‌که‌ین که په‌رله‌مانمان کرده چه‌قی بڕیاری سیاسی له هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام که پهکیشخرا ئه‌و کاته ئه‌م پهکخستنهمان کرده پرسێکی هه‌رێمی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی. به تایبه‌تی شانازی به‌وه‌شه‌وه ده‌که‌ین که هه‌موو هه‌وڵێکمان دا تا په‌رله‌مان بکه‌ینه ده‌زگایێک که له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا بوون و ئاماده‌یی هه‌بێت، به‌شێکیش له‌م هه‌وڵه له دیپلۆماسیی په‌رله‌مانی و دیپلۆماسیی خه‌لک دا خۆی ده‌بینییه‌وه. ده‌نگدانه‌وه‌ی داخستنی په‌رله‌مانیش له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا، به‌ڵگه‌ی ڕاستی کارکردنی ئێمه بووه.
ئه‌وه شاردراوه نییه که په‌رله‌مان و سیسته‌می سیاسی له هه‌ندێک له وڵاتانی جیهان به قه‌یراندا گوزه‌ریان کردووه، زۆر جار له لایه‌ن ئه‌وانه‌ی که له ده‌سه‌ڵات و نوێنه‌رایه‌تی و ده‌نگی خه‌ڵک ده‌ترسن رێگرییان لێکراوه، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام، سه‌رباری قه‌یران و کێشه، سه‌رکه‌وتن هه‌ر بۆ ئیراده‌ی خه‌ڵک بوووه. ئێمه ئه‌مرۆ که بڕیاری ده‌ست له کارکێشانه‌وه‌مان ده‌ده‌ین، به‌ڵێن ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ هاوڕێکانمان به به‌رده‌وامی دان به خه‌باتی په‌رله‌مانی له رێگای بوون به ئوپۆزسیون. هه‌ر وه‌ک چۆن پێشتریش بڕوامان وابوو که ئۆپۆزسیون بڕبڕه‌ی پشتی هه‌موو په‌رله‌مانێکی شه‌رعیی سه‌رکه‌وتوو و سیسته‌می دیمۆکراتیی ڕاسته‌قینه‌یه، ئێستاش ئه‌م باوه‌ڕه‌مان نه‌گۆڕه.
په‌رله‌مان ئه‌مڕۆ به قۆناغێکی زۆر مه‌ترسیداردا ده‌ڕوات، چونکه په‌رله‌مان گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه بۆ ڕۆژگارێک که هیچ پێگه و ڕۆڵ و کاریگه‌رییێکی نه‌بوو و پاشکۆی تاقم و که‌س و ده‌سته‌بژێر بوو. بهکارخستهوهی په‌رله‌مان به‌م جۆره، نیشانه‌یێکی زه‌قی خواسته بۆ ده‌سته‌مۆ کردنی په‌رله‌مان، بۆ کردنی په‌رله‌مان به ده‌زگایێک که وه‌ک ده‌زگاکانی سیسته‌می دیکتاتۆری کار و چالاکییه‌کانی به‌ڕێوه ببات!
له ڕاستیدا کارا کردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌و شێوه‌یه‌ی که کرا، بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه به‌کار ببرێت بۆ تێپه‌ڕاندنی خواستی تاکه‌که‌سی و حیزبیی ریفراندۆم، رێفراندۆمێک که به هه‌ره‌سێکی بێ وێنه ته‌واو بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش که له دوا ساته‌کان، به‌ر له ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، ده‌رفه‌تێکی زێڕین و مێژوویی درا به کورد له رێگای ڕه‌شنووسی نامه‌که‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، که به بڕوای ئێمه ده‌کرێ بڵێین ئه‌م نامه‌یه به‌ڵگه‌نامه‌ی سه‌ده بوو، به‌ڵام دیسان ئه‌م ده‌رفه‌ته مێژووییهیهش له‌ده‌ست درا.
ئێستا دوای هه‌ره‌س و کاریسه‌ی ١٦ی ئۆکتۆبه‌ر و له‌ده‌ست دانی، نیوه‌ی خاکی کوردستان و قوڵبوونه‌وه‌ی قه‌یران و کێشه ئابووری و سیاسییه‌کانی هه‌رێم، هیچ بژارده‌یێک له به‌رده‌م حکوومه‌تی شکست‌خواردووی هه‌رێمدا نه‌ماوه جگه له هه‌ر چی زووتره ڕاگه‌یاندنی شکستی خۆی و وازهێنان. وه‌ک ئاشکراشه ئه‌مه ئه‌مڕۆ بووه به داخوازیی به‌رفراوانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان. ئه‌م په‌یامه‌ی خه‌ڵک به ڕوونی له رۆژانی دواییدا گه‌یشت له رێگای خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌کان له شار و شارۆچکه‌کانی کوردستان. ئێمه‌ش له لای خۆمانه‌وه وه‌ک سه‌رۆکی په‌رله‌مان به ئه‌رکی خۆمان زانی که پشتگیری له‌م خۆپیشاندانانه و داوا ڕه‌واکانیان بکه‌ین، وه‌ک مافێکی ڕه‌وای خه‌ڵکی کوردستان. هه‌ر لێره‌شه‌وه جارێکی تر سه‌ره‌خۆشیی خۆم بۆ که‌سوکاری قوربانیانی خۆپیشاندانه‌کان ده‌رده‌بڕم و به پێویستی ده‌زانین سه‌رجه‌م ده‌ستگیرکراوانیش ئازاد بکرێن.
ئێستا دوای ئه‌م هه‌موو داڕمان و قه‌یرانه قوڵ و فراوانانه، به ئه‌رکی خۆمی ده‌زانم که بڵێم هه‌رێمی کوردستان هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌کانی جێنه‌هێشتوون، به‌ڵکوو به‌رده‌وامی دان به‌م ده‌سه‌ڵاته شکستخواردوووه مه‌ترسیی گه‌وره‌تریشمان دێنێته‌پێش. که‌واته هه‌ر چرکه ساتێک دواکه‌وتنی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌کرێ ببێته هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیشدا ماوه له‌ده‌ست بچێت. رێگری له‌م هه‌ڵدێره هه‌ر ئێستا و بێ دواکه‌وتن به‌رپرسیاریی هه‌موو هێزه دڵسۆز و هاونیشتمانییه خه‌مخۆره‌کانی هه‌رێمه‌که‌مانه به دروست کردنی به‌ره‌یێکی به‌رفراوانی ڕزگاریی نیشتیمانی. ئه‌مڕۆ کاتی هیممه‌ته، به‌ڵام ده‌کرێ سبه‌ینێ زۆر دره‌نگ بکه‌وین. به سه‌ربازگه کردنی شار و شارۆچکه‌کانی هه‌رێم و سه‌پاندنی حوکمی عورفیی حیزبی، نه‌ک ته‌نها کارێکی نا ده‌ستووری و نایاسایییه، به‌ڵکوو چاره‌سه‌ری گرفته‌کانیش ناکات و هێنده‌ی تر خه‌ڵک تووڕه و نا‌ئومێد ده‌کات.
به‌ڕێزان، له‌وپه‌ڕی حه‌ز و باوه‌ڕمانه‌وه خوازیار بووین که بگه‌ڕێینه‌وه بۆ په‌رله‌مان و له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاران به‌رده‌وام بین له‌سه‌ر ئه‌و ڕێچکه‌یه‌ی به‌ر له نزیکه‌ی چوار ساڵ ده‌ستمان پێ‌کرد. به‌ڵام ئه‌و دانیشتنانه‌ی له دوای ١٥ی سێپتێمبێری ٢٠١٧ه‌وه ئه‌نجام دران، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن که به مه‌رجی ته‌سلیم بوون به ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مری واقیع له کوردستان و به ده‌سته‌مۆیی، ده‌رگاکانی په‌رله‌مان کراونه‌ته‌وه. په‌رله‌مانێکی ئاواش دڵخوازی ئێمه نییه و باوه‌ڕیشمان به په‌رله‌مانێکی له‌و جۆره نییه.
به‌ڵام داوا له په‌رله‌مانتارانی ئازیزی هاوڕێم ده‌که‌م، به بێ ڕه‌چاو کردنی ئه‌و ئیراده‌یه‌ی سه‌پێنراوه به سه‌ر په‌رله‌ماندا، هه‌ر وه‌ک ڕابردوو به‌رده‌وام بن له پێداگرییان له‌سه‌ر نوێنه‌رایه‌تی کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌کان و ته‌سلیم نه‌بوون به ئیراده‌ی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌کان. دواجار، داوای لێبوردن له هه‌ر که‌موکورتی و کارێکی نه‌گونجاو ده‌که‌م که به‌رامبه‌ر به ئێوه‌ی به‌ڕێز به‌بێ مه‌به‌ست ئه‌نجاممان دابێت.
هه‌ر لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم که سوپاسی بێ پایانی خۆم ئاڕاسته‌ی میدیای ئازا و ئازاد و میدیاکاران بکه‌م، که پشتیوان و ڕێ نیشانده‌ر و هاوکارمان بوون.
ئێستا ئیتر له دوای ئه‌م ماوه‌یه‌ی به‌رپرسیارێتیم وه‌ک سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان، به ویژدانێکی ئارام و ئاسووده‌وه، خۆم به سه‌ربه‌رز ده‌زانم، له ئاست خوای گه‌وره و هاووڵاتییانی کوردستان و ده‌نگده‌ران و بزوتنه‌وه‌که‌م و به‌تایبه‌تیش به‌رامبه‌ر به ڕۆحی پاکی ڕه‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا که متمانه‌ی پێکردین، خیانه‌تم له متمانه و ده‌نگه‌کانیان نه‌کرد و تا دوا ئاست شه‌ڕی دادپه‌روه‌ریی و سه‌روه‌ریی یاسام کرد. دیاریشه ئه‌م خه‌ون و خولیا و ئامانجه‌ی ئێمه، له‌مپه‌ر بوو بۆ کاری زۆر که‌س و لایه‌نی سیاسی که کاریان ده‌کرد بۆ جێگیرکردنی فه‌رمانڕه‌وایی تاکه‌که‌س و ده‌سته‌بژێرێکی تایبه‌ت.
له‌به‌ر کۆی ئه‌و هۆکارانه‌ی که پێشتر ئاماژه‌م پێدا و پاش ڕه‌زامه‌ندیی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، وازهێنانی خۆم له سه‌رۆکایه‌تی و ئه‌ندامێتیی په‌رله‌مانی کوردستان ڕاده‌گه‌یێنم.!
خوای گه‌وره کوردستان و گه‌له سه‌ربه‌رزه‌که‌ی بپارێزێت.
د. یوسف محه‌مه‌د صادق
٢٦/١٢/٢٠١٧
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment