کوردپرێس:
سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا بە سەردانێک شاری جۆلەمێرگی کوردستانی تورکیای بەسەر کردەوە و بە ئامادەبووونی فەرماندەی هێزەکانی جەندەرمەی ئەو شارە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: " ئەو کەسانەی دەیانەوێت ببنە مۆتەکە بۆ ئەو وڵاتە با باش بزانن ساڵی 2020 وا لێیان دەدەین نەتوانن لە سەر عەرز هەستنەوە. نەک هەر لەم خاکەدا بەڵکوو لە هەر کوێیێک خۆیان حەشار دابێت و لە کوێیێک نیاز پلاندانان دژی تورکیا بن وەڵامێکی ددانشکێن وەردەگرن. تورکیا دەسەڵاتی پێویستی بۆ ئەم مەسەلەیە هەیە. ساڵی 2020 دەبین بە مۆتەکە بۆ گیانی پەکەکە."
بەگوێرەی نووسراوی ڕۆژنامەی یەنی شەفەق، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەوەشی زیاد کردووە: " ساڵی 2019مان تێپەڕاند. هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لەم ساڵەدا بە ئوپەراسیۆنی کانیی ئاشتی مەیدانیان تەنگ کرد لە تیرۆریستەکان. ئێستا هەنگاوێکی تر لە لیبیا و مەدیتەرانەی خۆرهەڵات دەبڕین."
سولەیمان سۆیلۆ ئەوەشی نەشاردەوە کە تورکیا نیازی چیە لەم لەشکرکێشییەکان و گوتیشی: "لە ڕابردوودا نموونەی کەسانی وەک "باربارۆس خێرەدین" مێژوویان بۆ تۆمار کردین و ئێستاش هێزە ئەمنییەکانمان ئامادەن بۆ نووسینەوەی مێژوو."
Your Comment