پەیامی بارزانییەکان بەبۆنەی جێژی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی لە سێ پەیامی جیاجیادا پیرۆزباییی ساڵی نوێی زاینی دەکەن و ئاواتی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەخوازن.

ڕۆژی سێشەمە 24ی کانوونی یەکەمی 2019 کە 6 ڕۆژ بەدەستەوە ماوە بۆ دەستپێکردنی ساڵی 2020ی زاینی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ پەیامی جیاجیادا پیرۆزباییی ئەو جێژنەی کریستییانەکانیان کرد.

ده‌قی په‌یامی مەسعوود بارزانی به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیح:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی و جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی عیسا مەسیح دروودی خوای لەسەر بێت، گەرمترین پیرۆزباییی خۆم ئاراستەی خوشك و برایانی كریستیان لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای شادی و بەختەوەرییان بۆ دەخوازم.

لەم بۆنەیەدا جەخت لەسەر قووڵتركردنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتیی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان دەكەم و ئومێدی ئەوەیش دەخوازم خوشك و برا كریستیانەكانمان هەموو جەژن و بۆنە و خۆشییەكانیان لە ئارامی و تەباییدا بەڕێ بكەن و ئاشتی و برایەتیش باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت.

هاوکات نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە پەیامێکی جیادا پیرۆزباییی خۆی بە بۆنەی سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە ڕاگەیاند و گوتیشی هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە لانکەى پێکەوەژیان و لێبوردەیى و تەبایى و ئاشتەوایى بۆ هەموو پێکهاتەکانى دەمێنێتەوە

پەیامی سەرۆکی هەرێم بۆ جەژنی لە دایکبوونی مەسیح:

جەژنى لەدایکبوونى حەزرەتى مەسیح و کریسمس، بە گەرمى لە خوشک و برایانى کریستیان لە هەرێمى کوردستان، عێراق و هەموو ئەوانە پیرۆز دەکەم کە لە هەر شوێنێکى جیهان ئەم جەژنە دەگێڕن، جەژن و پشوویێکى خۆش و ئارامیان بۆ دەخوازم و هیوادارم ئەم جەژنە لەگەڵ خۆیدا خێر و خۆشى و ئارامى و ئاشتەوایى بۆ هەمووان بهێنێت.

لەم یادە پیرۆزەدا، دووپاتى دەکەینەوە کە هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە لانکەى پێکەوەژیان و لێبوردەیى و تەبایى و ئاشتەوایى بۆ هەموو پێکهاتەکانى دەمێنێتەوە و لەپێناو ئاشتى و ئارامى و سەقامگیریى ناوچەکەشدا لە هەوڵى بەردەوامدا دەبێت.

کریستیانان لە هەرێمى کوردستان خاوەن و پێکهاتەیێکى ڕەسەنى وڵاتن کە هەمیشە پێکەوە لەگەڵ پێکهاتەکانى دیکەدا بە لێبوردەیى و تەبایى و ئاشتەوایى ژیاون و ڕۆڵیان لە پاراستن و بنیاتنان و پێشخستنى هەرێمى کوردستاندا هەیە. جەژن و یاد و بۆنەکانى ئەوان هى هەموو پێکهاتەکانى کوردستانە و جەژن لە هەمووان پیرۆز بێت.

لای خۆیەوە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی پەیامی پیرۆزباییی دەرکرد و ڕایگەیاند هەرێمی کوردستان وەك مەڵبەندی بەیەکەوە ژیانی نەتەوەیی و ئاینی دەمێنێتەوە.

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیح:

بەبۆنەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح "کریسمس"، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی مەسیحییەکانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم. هیوادارم لە کەشێکی ئارام و ئاسوودەدا، جەژن بەسەر ببەن.

هەرێمی کوردستان وەك مەڵبەندی بەیەکەوە ژیانی نەتەوەیی و ئاینی دەمێنێتەوە. شانازیش دەکەین کە پەناگەیەك بووە بۆ میوانداریکردنی سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر و لەناویشیاندا مەسیحییەکانی عێراق و ناوچەکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش درێغی نەکردووە و بەردەوامیش دەبێت لەدابینکردنی ئارامی و دڵنیایی و یارمەتیدانی هەموو ئەوانەی لەبەر ستەم و زۆرداری پەنای بۆ دەهێنن.

هیوداراین شەڕو نەهامەتیی لەناوچەکە و جیهان بە گشتی کۆتایی پێ بێت و ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی سەقامگیر بێت.

News Code 96985

Your Comment

You are replying to: .
captcha