ئارین شێخموس ڕۆژنامەوانی سووریا لە گفتوگۆیێکدا لەگەڵ کوردپرێس باس لە شوێنی هێزە جیاوازەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات و دەڵێت: لە نێو شاری کۆبانی و گوندەکانی دەوروبەریدا هێزەکانی ئاسایش جێگیرن. لەسەر سنووری کۆبانی سوپای تورکیا ئامادەیە. لە نێو شارەکەیشدا ئەو خاڵانەی پێشتر لە کونترۆڵی هێزە ئەمەریکییەکاندا بوون ئێستا کەوتۆتە دەستی هێزی ڕووسیا.
ناوبراو درێژەی دا، لە مەودای سێ کیلۆمەتریی سەر سنوور هێزەکانی سووریای دیموکرات ئامادەن، لە شارەکانی تریشدا وەکوو دیرک و عامودا و قامیشلو ئەم حاڵەتە بەرقەرارە.
ناوبراو زیادی کرد: هەموو شارە سنوورییەکانی کوردستانی سووریا لە ژێر کونترۆڵی هێزەکانی ئاسایشدان و دەروازەی سنووریی "سمیلکا"ش لە کونترۆڵی هێزە کوردییەکاندان و گۆڕانکاریی بەخۆوە نەبینیوە.
ئارین شێخموس ئاشکرای کرد هێزەکانی سوپای سووریا لە دیرک تا مەنبج خاڵە سنووریەکانیان بەدەستۆیە و بەپێی ڕێککەوتنێک کە لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای سووریا کراوە مۆڵەتی داخڵ بوون بە شار و گوندەکانیان پێنەدراوە و بێ ئیزنی هێزەکانی سووریای دیموکرات ناجووڵنەوە.
ئەم ڕۆژنامەوانە ئاماژەی دا بە شێوازی بڵاو بوونەوەی هێزە ئەمەریکی و ڕووسەکان لە باکووری سووریا و وتی: لە ڕۆژئاوای قامیشلو هێزە ڕووسیەکان جێگیرن و لە ڕۆژهەڵاتی ئەم شارە هێزی ئەمەریکی دەبینرێن، هێزەکانی سوپای سووریاش لە سەر سنوورەکانن و لە باشوورەوە تا ڕەقە و دەیرەزور هێزەکانی سووریای دیموکرات ئامادەن.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە ئەو ناوچانەی کە پێشتر هێزی ئەمەریکی لێبوون بە تایبەت لە شارەکانی (دەربەسیە، عاموود، مەنبج، عەین عیسا کوبانی، یەل تەمەر) ئێستا هێزەکانی ڕووسیا ئامادەن و لە دیکەی شارەکان لەوان (دیرک، قامیشلو، حەسەکە، رەمیلان، دەیرەزوور، ڕەقە، تەبقا) هێزی ئەمەریکی جێگیرن.
شێخموس ڕۆژنامەوانی سووری، ئاماژەی دا بە گەڕی هاوبەشی هێزەکانی ڕووسیا و تورکیا لە ناوچەکانی باکووری سووریا و وتی: هەندێک ڕۆژ گەڕانێکی هاوبەشی دوو کاتژمێریی هێزەکانی تورکیا و ڕووسیا دەبینرێت.
ئارین شێخموس جەختی کردەوە: کێشەی گەورە لە سەرێکانی و گرێ سپی و بەشێک لە تەل تەمەر و عەین عیسادایە چوونکە سوپای تورکیا و گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بەو وڵاتە پێبەندی ئاگربڕ نین و هەموو ڕۆژێک هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment