غالب محەمەد نوێنەری کوردی پەرلەمانی عێراق سەربە فراکسیۆنی گۆڕان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی ڕێککەوتنی ئەمدواییەی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق لەبارەی بوودجە و نەوت و پێش بینییەکان لەبارەی حکوومەتی داهاتوو و پڕۆسەی پەسەند کردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی 2020ی عێراق ڕایگەیاند: ئەم ڕێککەوتنە کە کراوە، ڕێککەوتنێک نییە کە لەگەڵ لایەن سیاسییەکاندا یان لەگەڵ حکوومەتێکی بەهێزی عێراقدا کرابێت حکوومەتی عێراق ئێستا حکوومەتێکی لاوازە بۆ ئەوەی کە هیچ فراکسیۆنێکی لە پەرلەماندا نییە، باشتر وابوو کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق ڕێککەوتنی کردبا تا ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەت. چوونکە دوایی ئەم بابەتە هەر دێتە ناو پەرلەمان و هەموو ساڵێک وایە ڕەقەمەکان دێنە ناو پەرلەمان و لەنێو پەرلەماندا کێشەی بۆ دروست دەبێت.
نوێنەری کوردی پەرلەمانی عێراق پێش بینیی ئەوەشی کرد ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا ڕێکنەکەوێت و هەروەها بەرپرسە باڵاکانی هەرێم لەگەڵ لایەنە سەرەکییە سیاسییەکانی پەرلەمانی عێراق ڕێکنەکەون لەسەر بوودجە ونەوت، ئەوانیش دەنگ بە یاسای بوودجە نادەن.
غالب محەمەد دەڵێت: بە تایبەتی کە حکوومەتی هەرێم لە ساڵی 2019دا ئیلتیزامی نەکرد بە یاساکە واتا 250هەزار بەرمیلە نەوتەکەی تەسلیم نەکرد و ئەمە خۆی بێ متمانەییێکی لەنێو لایەنە سیاسییەکاندا دروست کردووە.
نابراو لەبارەی دەست نیشان کردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق ڕایگەیاند: تا ئێستا ئەم ناوانە هەموویان بەس ناون، واتا هیچ شتێکی ڕەسمی لەسەریان نییە کە ئەمانە کاندیدن.
ناوبراو درێژەی دا: تا ئەو کاتەی کە کاندیدەکان بە فەرمی دیاری نەکرێت و لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە نەنێردرێن ناتوانین قسە لەسەر هیچ یەکیان بکەین. چوونکە ئەمانە هەموویان بەس ناون و لە سوشیاڵ میدیا بڵاو کراونەتەوە و دەقیق نییە.
غالب محەمەد نوێنەری کوردی پەرلەمانی عێراق لەبارەی شەرت و مەرجی لایەنی کوردی بۆ دیاری کردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق ئاشکرای کرد: گرینگ ئەمەیە کە پێوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا پەرە پێبدات و هەوڵ بدات مادەی 140 و مەسەلەی پێشمەرگە و ناوچە کێشەلەسەرەکان چارەسەر بکات و بابەتێکی دیکە کە بۆ ئێمە گرینگە ئەمەیە کە ئەو کەسە بە دڵی خۆپیشاندەرانیش بێت یەعنی ئەو سەفاتانەی کە خۆپیشاندەران دیارییان کردووە جێبەجێ بکرێت، ئەو کاتە ئێمەیش لەگەڵی دەبین و دەنگی پێدەدەین.
نوێنەرەکەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران لە بارەی مەرجەکانی کورد بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران زیادی کرد: بەڵام ئەگەر کەسێک بێت کە هەم کەسی حزبی بێت و هەم ئەو کەسانە بێت کە چەندین ساڵە لە عێراق گەندەڵی دەکەن، بڕوا ناکەم ئێمە بتوانین لەسەری ڕێککەوین.
ناوبراو وتیشی تا ئێستا هیچ ناوێک نەهاتووە تا ئێمە بزانین کامیان باشە و هەر کەسێک ناوێک لە سوشیاڵ میدیا بڵاو دەکاتەوە و بەشێوازی ڕەسمی نییە.
ڕۆژی یەکشەمە 1ی کانوونی یەکەمی 2019 لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق 241 پەرلەمانتار ئامادە بوون و بەپێی مادەی 75ـی دەستوور دەستلەکارکێشانەوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان پەسند کرد، هەروەها محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەپێی مادەی 76ـی دەستوور داوای لە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کرد کەسێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکات، ئەم مۆڵەتەش ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی کانوونی یەکەم کۆتایی پێدێت و هێشتا ڕێککەوتنێک لەسەر ئەم پرسە نەکراوە و کەسیش بەربژێر نەکراوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment