بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی یەکشەمە 1ی کانوونی یەکەمی 2019 لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق 241 پەرلەمانتار ئامادە بوون و بەپێی مادەی 75ـی دەستوور دەستلەکارکێشانەوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان پەسند کرد، هەروەها محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەپێی مادەی 76ـی دەستوور داوای لە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کرد کەسێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکات، ئەم مۆڵەتەش ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی کانوونی یەکەم کۆتایی پێدێت و هێشتا ڕێککەوتنێک لەسەر ئەم پرسە نەکراوە و کەسیش بەربژێر نەکراوە.
ڕابوون مەعرووف سەرۆکی فراکسیۆنی ئایندە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ڕاوبۆچوونی لایەنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەو بەربژیرانەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەهێنرێت بە کوردپرێسی وت: تا ئێستا ھیچ ناوێک بە فەرمی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە پێشکەش بە پەرلەمان نەکراوە، بۆیە ئەو ناوانەی تائێستا ئاماژەیان بۆ دەکرێت زیاتر بۆ زانینی کاردانەوەی شەقامی عێراقی و حیزبە سیاسیەکانە.
ناوبراو لەباەری هەڵویستی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق وتی: ھێشتا حیزبە کوردییەکان ھەڵوێستی ھاوبەشیان رانەگەیاندووە، بەڵام پێدەچێت بۆ ھەموو حیزب و ھێزە کوردییەکان گرنگ بێت کە کەسێکی میانڕەوی نادەمارگیر ببێتە سەرۆک وەزیر کە پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان بپارێزێت و رێکەوتنەکان سەبارەت بە بودجە و شایستە داراییەکانی ھەرێم جێبەجێ بکات.
نوێنەرە کوردەکەی پەرلەمانی عێراق درێژەی دا: بە گشتی حیزب و ھێزە کوردیەکان سەبارەت بە ھەندێک بابەت ھاودید و ھاوڕان و لە ھەندێک بابەتیش جیاوازن.
ڕابوون مەعرووف لەبارەی هەڵویستی فراکسیۆنی ئایندە وەکوو فراکسیۆنێکی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ وتی: لە دیدی ئێمەوە وەک فراکسیۆنی ئایندە گرنگە کە سەرۆک وەزیری تازە، ھەم پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بپارێزێت و ھەم ئازایانە جەنگی گەندەڵی و ناشەفافیەت بکات.
سەرۆکی فراکسیۆنی ئایندە زیادی کرد: ئێمە لەو خاڵە لەگەل پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی جیا دەبینەوە کە پێمانوایە ئەو دوو حیزبە حوکمڕانە لە ھەرێم بەشێکن لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی داھات و سامانی نیشتیمانی و پێویستە لێکۆڵینەوە لە سەروەت و سامانی سەرکردە دەستڕۆیشتووەکانی ئەو دوو حیزبە بکرێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: بەوجۆرە ئێمە ئومێدەوارین پلانی سەرۆک وەزیری تازە بۆ موحارەبەی گەندەڵی و ناشەفافیەت، بۆ نمونە فرۆش و داھاتی نەوت، ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment