ئایەتوڵڵا سیستانی: پێویستە ئەوانەی گەنجەكەی گۆڕەپانی وەسبەیان هەڵواسی سزا بدرێن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق سەركۆنەی كوشتن و هەڵواسینی تەرمی گەنجێكی كرد لە گۆڕەپانی وەسبەی بەغدا و داوای دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی ئەو كارەی كرد.

کوردپرێس:

ئەحمەد سافی نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە وتاری نوێژی هەینیدا پەیامی مەرجەعی باڵای شیعەكانی خوێندەوە، كە لە بەشێكیدا ئیدانەی كوشتنە و هەڵواسینی تەرمی گەنجێكی كردبوو لە گۆڕەپانی وەسبەی بەغدا.

ئایەتوڵڵا سیستانی لەو بڕوایەدایە ئامانج لە كردەوەی لەو جۆرە بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانی ئاشتیانەیە و رێگە بۆ پشێوی و ئاژاوە دەكاتەوە.

مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق داواشی كردووە، ئەنجامدەرانی ڕووداوەكەی گۆڕەپانی وەسبە دەستگیر و رادەستی دادگا بكرێن.

ئایەتوڵڵا سیستانی لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا وێڕای بە بیرهێنانەوەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعش، داوای لە سوپا و هێزە ئەمنیەكان كردووە پیشەییانە بجوڵێنەوە و تەنها پارێزەری خاكی عێراق بن لەبەرامبەر دەستدرێژی دەرەكی و پارێزگاری لە سیستەمی حكومڕانی وڵاتە بكەن، كە هەڵقوڵاوی ئیرادەی خەڵكە.

مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق ئاماژەی بەوەش كردووە، دوای شەڕی داعش كە بەسەركەوتوویی كۆتاییهاتووە ئێستا عێراقیەكان لەبەردەم شەڕی چاكسازی و رووبەڕوبونەوەی گەندەڵیدان و دەتوانن لەوەشدا سەركەون.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 96861

Your Comment

You are replying to: .
captcha