سێ بژاردەی پێشنیازکراو بۆ سیتەمی نوێی سەرۆکایەتیی یەکێتی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بۆ دیاریکردنی 462 ئەندامی چوارەم کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە سنووری 17 مەڵبەندی ئەو حیزبە کۆنفرانس بەڕێوە چوو، سێ بژاردەش پێشنیاز کراون بۆ سیستەمێکی نوێی سەرکردایەتی.

کوردپرێس:

ئەوانەی بەشدارییان لە دەنگدانەکەدا کرد پێشتر لە کۆنفرانسی کۆمیتەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنابوو، هەزار و 728 بەربژێر ململانێیان لەسەر 462 کورسیی کۆنگرە کرد، بەپێی سەنگی قورسایی یەکێتی لە ناوچە جیاجیاکان پشکی مەڵبەندەکان دیاریکرابوون.

جووتیار نووری، ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنفرانسی مەڵبەندەکان گوتی "17 لیژنەمان هەیە لە مەڵبەندەکانی یەکێتی لە هەموو شوێنەکان، بە هەمان شێوە سەرۆکی لیژنە هەیە و 20 هەڤاڵی دیکە لەگەڵم ئەندامی ئەم لیژنەیەن، لیژنەی باڵای ئامادەکاری کۆنگرە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەکانی ساڵانی 2014 و 2018ـی دەنگدان کرایە بنەمای دیاریکردنی ئەندامانی کۆنفرانسەکان، کە یەکێتی لەو ناوچەیە چەند دەنگی هێناوە".

مشتومڕەکە لەسەر سیستەمێکی نوێی سەرکردایەتییە بۆ حیزبەکە، سێ بژاردەش پێشنیاز کراون کە ئەوانیش سیستەمی سکرتارییەت، هاوسەرۆکایەتی و دانانی سێ ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنن، کۆنگرە دەبێ یەکێک لەو سێ بژاردەیە یەکلابکاتەوە، ئەگەری زیاتریش ئەوەیە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی پەسەندبکرێت.

ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت "کۆنگرە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات، بەڵام دوو جۆرە بۆچوون هەیە، هەندێ باس لە رێککەوتن دەکەن، ئەوە مانای ئەوە نییە لیستەکان دابنرێ و بڵێین ئەمانە سەرکردایەتین، ئێمە لەگەڵ ئەوەین خوێنی تازە و گەنجی تازە و ژنان بێنە پێشەوە و ببنە سەرکردایەتی، بەڵام لێکگەیشتن لەسەر بنەمای بەدامەزراویکردنی یەکێتییە".

ئەم کۆنگرەیە بۆ یەکێتی جیاوازە، کە لەدوای کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی یەکەم کۆنگرەیە و رەنگە دەستپێکی قۆناخێکی نوێ بێت.

کەرکووک زیاتر لە هەموو ناوچەکانی دیکە ئەندام دەنێرێت بۆ کۆنگرە، 124 ئەندامی کۆنگرە لە مەڵبەندی دوو هەڵبژێردران و دەبنە ئەندامی چوارەم کۆنگرەی ئەو حیزبە.

پێشەنگ بورهان، کادری یەکێتی لەبارەی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتییەوە دەڵێت "کۆنگرە دەبێتە هۆی نوێبوونەوەی یەکێتی، هەم لەڕووی فکرەوە و هەم لەڕووی دیسپلینی حیزبییەوە، یەکێتی ئەمجارە بایەخی زیاتر بە ناوچە دابڕاوەکان دەدات". کادرێکی دیکەی یەکێتی بەناوی چیا هیوا هیوادارە کۆنگرە ببێتە هۆی نوێبوونەوەی حیزبەکەی و بیکاتەوە بە یەکێتییەکەی جاران.

کرێکار ساڵەیی، کادری یەکێتی پێیوایە لە کەرکووک تایبەتمەندی هەیە و ئەوان جگە لە کاری حیزبی لە کێشەیەکدان کە ئەویش ململانێی نەتەوەییە.

چوارەم کۆنگرەی یەکێتی بە بەشداریی زیاتر لە 1000 ئەندام بەڕێوەدەچێت. جیا لەو ئەندامانەی لە کۆنفرانسی مەڵبەندەکان هەڵبژێردران، ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی ناوەندی و پەرلەمانتاران و بەرپرسە باڵاکان و پێشمەرگە دێرینەکانی ساڵی 1976 راستەوخۆ دەبنە ئەندامی کۆنگرە، مەکتەبەکانیش پێشتر ئەندامەکانیان دیاریکردووە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی سکرتێری گشتی کە ئێستا دەسەڵاتەکانی لای کۆسرەت رەسوولە، مافی دیاریکردنی ژمارەیەک ئەندامی هەیە بۆ کۆنگرە بە تەزکیە.

News Code 96845

Your Comment

You are replying to: .
captcha