کوردپرێس: جوان رۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە هەفتەی داھاتوو وۆركشۆپێک لەبارەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بەڕێوە ببەین و تێیدا ژمارەیێک پێشنیاز بۆ ھەمواركردنەوەی ماددەی ١٤٠ ئامادە دەكرێن، كە بەپێی خواستی خەڵكی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان بێت، ھەموو ئەو پێشنیازانەش دوای كۆكردنەوەیان رادەستی لیژنەی ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراق دەكرێن".
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان دەشڵێت: "لەگەڵ لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق قسەمان كردووە و پێیان راگەیاندوون پێداچوونەوە بە ھەموو ماددەكانی نێو دەستووردا دەكەن، تەنیا چەند ماددەیێک ھەموار ناكرێنەوە، مادام ھەموو ماددەكان دەگرێتەوە، دیارە ماددەی ١٤٠یش یەكێكە لەوانەی بەر ھەمواركردنەوەكە دەكەوێت".
رۆژبەیانی گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كاتێكی دیاركراو بۆ جێبەجێ كردنی ماددەی ١٤٠ دیاری بكرێت، یانیش پێشینیازی دیكە دەیخە ڕوو لە شوێنی ماددەی ١٤٠ جێگیر بكرێن".
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەگەر بەغدا نیەتی ھەبووایە، لە چەند ساڵی رابردوودا ماددەی ١٤٠ی جێبەجێ دەكرد، چوونكە پێمان وایە دەستوور رێگاچارەی بۆ داناوە و ھیچ زەحمەت نییە بۆ جێبەجێ كردن".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment