به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه ژماره‌یێک چالاكوانی مه‌ده‌نی له شاری هه‌ولێر سه‌ردانی پارێزگای هه‌ولێریان كرد و به فه‌رمی داواكاری ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانیان پێشكه‌شی پارێزگار كرد.
نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر له‌و باره‌یه‌وه ڕایگه‌یاند: "ئه‌و داواكارییه‌م تا ئێستا نه‌بینیوه كه داوای خۆپیشاندانیان كردوووه به‌ڵام به هیچ شێوه‌یێک ڕێگه ناده‌ین له‌م كاته نه‌خوازراوه‌دا خۆپیشاندان له هه‌ولێر وه‌ک شاره‌كانی دیكه ئه‌نجام بدرێت چوونكه بارودۆخه‌كه گونجاو نییه".
چالاكوانانی مه‌ده‌نی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌یان دیاری كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان له به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ئه‌نجام بده‌ن. به‌پێی یاسای ڕێكخستنی خۆپیشاندان له ھه‌رێمی كوردستان ده‌بێت له ماوه‌ی 24 كاتژمێردا وه‌ڵامی داواكارییه‌كه بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانه‌كه بدرێته‌وه.
شایانی باسه؛ ڕێگری كردن له به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندان له شاری هه‌ولێر له كاتێكدایه له دوو ڕۆژی ڕابردوودا له به‌شێک له شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێم خۆپیشاندان به‌ڕێوه چوو و به‌هۆی ته‌قه‌ی "هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه" 5 خۆپیشانده‌ر شه‌هید بوون و زیاتر له 100 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.
سه‌رچاوه: خه‌ندان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment