سه‌رۆک كۆمار په‌یامێک له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی هه‌رێم بڵاو ده‌كاته‌وه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- له‌سه‌ر رووداوه‌كانی دوو رۆژی رابردووی هه‌رێمی كوردستان و خۆپیشاندانه‌كان، سه‌رۆک كۆماری عێراق په‌یامێک بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و داواش له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێم ده‌كات به‌هه‌ستی نیشتمانیی و یه‌كڕیزییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و له‌ خه‌می هێور كردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌دا بن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ په‌یامه‌کەی فوئاد مه‌عسوومدا هاتووه‌: له‌ كاتێكدا پشتیوانی و داكۆكی له ‌هه‌ر خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌یێكی جه‌ماوه‌ریی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین له ‌هه‌ر شوێن و جێگه‌یێكی وڵات بێت بۆ خستنه‌ڕووی داواكاریی خواسته‌ ره‌واكانیان، له‌هه‌مان كاتدا پێویستیی و گرنگیی پاراستنی سه‌روماڵی خه‌ڵک و ژیانی هاوڵاتیان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیی و حكومییه‌كان دوپات ده‌كه‌ینه‌وه‌.

سەرۆک کۆماری عێراق راشیگه‌یاندووه:‌ ده‌بێت خۆپیشانده‌ران و رێكخه‌رانی خۆپیشاندان و كۆبوونه‌وه‌كانیش ئه‌وپه‌ڕی وشیاریی بخه‌نه‌كار، بۆئه‌وه‌ی رێچكه‌ی داواكارییه‌كانیان به‌لادا نه‌برێت و موڵكی گشتیی و دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت بپارێزرێن.

سه‌رۆک كۆماری عێراق، په‌رۆشی خۆی بۆ جێبه‌جێ كردنی سه‌رله‌به‌ری داوا ره‌واكانی خه‌ڵک، له‌ مووچه‌ وخزمه‌تگوزاریی و دابین كردنی ژیانێكی سه‌ربه‌رز و دادپه‌روه‌رانه‌، دووپات كردۆته‌وه‌ و داواشی له‌ هه‌موو لایێک كردووه‌ نه‌زم و ئارامیی و ئۆقره‌یی بخه‌نه‌ ریزی پێشه‌وه‌و ئه‌وپه‌ڕی توانا بخه‌نه‌كار بۆ له ‌بار نه‌بردنی ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تیی و روخساری مه‌ده‌نییانه‌ی داواكارییه‌كانیان له‌كه‌دار نه‌كرێت.

فوئاد مه‌عسووم داواشی له‌ هێزه‌كانی ناوخۆ و پۆلیس و ئاسایش كردووه‌، به‌وپه‌ڕی نه‌رمونیانیی و به‌رپرسیارانه‌ی پیشه‌یی و ئه‌منیی و نیشتمانییه‌وه‌ ،ئه‌ركه‌كانیان رابپه‌ڕێنن و چاوكراوه‌ و دان به‌خۆدا بگرن له‌ ئاست هه‌ر كاردانه‌وه‌یێک و له‌ چوارچێوه‌ی قانوونه‌كاندا مافی خۆپیشانده‌ران بپارێزن و رێگه‌ نه‌ده‌ن به‌ پێشێلكاریی و زیاده‌رۆیی له‌ راپه‌ڕاندنی ئه‌ركاكانیاندا.

هه‌روه‌ک داواشی له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه‌ له‌ ئاست ئه‌م رووداوانه‌دا، به‌هه‌ستی نیشتمانی و یه‌كڕیزییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و هه‌مووان له‌ خه‌می هێور كردنه‌وه‌ و ئارام كردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌دا بن، رێگه‌ش له‌هه‌ر ته‌شه‌نه‌سه‌ندن و ئاڵۆزییێک و رووداوی نه‌خوازراوی جه‌رگبڕی تر بگرن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 9532

Your Comment

You are replying to: .
captcha