دیداری نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئاڵمانیا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- لە دیداری نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئاڵمانیا جەخت کرایە سەر به‌رده‌وام بوونی ئه‌ڵمانیا له‌ هاوكاری كردنى پێشمه‌رگه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا، ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ى له‌ شه‌ڕى دژى داعش به‌رز نرخاند و هه‌روه‌ها ئاماده‌ییى وڵاته‌كه‌ى نیشان دا بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر هاوكاریكردنى پێشمه‌رگه‌ و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ مایه‌ى بڕوا و متمانه‌یه‌ و مه‌شق و ڕاهێنان و هاوكارییه‌كانى ئه‌ڵمانیا بۆ پێشمه‌رگه‌ به‌ شێوازێكى دیكه‌ به‌رده‌وام ده‌بن.

له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌كانیدا له‌ ئه‌ڵمانیا ئێواره‌ى ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 19/12/2017، له‌ به‌رلین، شاندى باڵاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك‌وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین كۆ بوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، وێڕاى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانى شاندى باڵاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌رلین، نیگه‌رانیى خۆى له‌ دۆخى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراق ده‌ربڕى و هیواى خواست، كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوولا له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵمانیا و دۆستانى دیكه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن هاوكار بن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراق و پشتگیرى و هاوكاری كردنى هه‌رێمى كوردستانى به‌ ئه‌رك له‌ قه‌ڵه‌م دا.

هه‌روه‌ها وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا، ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ى له‌ شه‌ڕى دژى داعش به‌رز نرخاند و ستایشى ئه‌و هاوبه‌شى و هه‌ماهه‌نگییه‌ى كرد كه‌ له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانى ئه‌ڵمانیا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعشدا هه‌بووه‌ و به‌رده‌وامه‌. هه‌روه‌ها ئاماده‌ییى وڵاته‌كه‌ى نیشان دا بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر هاوكاریكردنى پێشمه‌رگه‌ و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ مایه‌ى بڕوا و متمانه‌یه‌ و مه‌شق و ڕاهێنان و هاوكارییه‌كانى ئه‌ڵمانیا بۆ پێشمه‌رگه‌ به‌ شێوازێكى دیكه‌ به‌رده‌وام ده‌بن.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك‌وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسى پێشوازى له‌ شاندى هه‌رێم و هاوكارى و پشتگیریى ئه‌ڵمانیاى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ سه‌ردانه‌كانى ڤۆن دێر لاین بۆ هه‌رێمى كوردستان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى هێزه‌كانیان له‌ هه‌رێم، گرینگ و مایه‌ى بایه‌خ بوون. وێڕاى دووپات‌كردنه‌وه‌ى خواستى هه‌رێمى كوردستانیش بۆ به‌رده‌وامى و بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا، ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا له‌ كاتێكدا هێشتا هۆكاره‌كانى دروستبوونى داعش له‌ عێراق چاره‌سه‌ر نه‌كراون، ئه‌گه‌ر و مه‌ترسیى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش هه‌یه، بۆیه‌ هه‌رێمى كوردستان چاوه‌ڕێى پشتگیرى له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌كات.

له‌باره‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌، سه‌رۆك‌وه‌زیران، ئاماده‌ییى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌ داهاتوویێكى نزیكدا نیشان دا و داواى كرد بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخى سه‌ختى ئابوورى و دارایى له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئه‌ڵمانیا له‌ ڕێگه‌ى "ئاى ئێم ئێف"ه‌وه‌ هاوكار بێت بۆ دابینكردنى بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌.

هاوكات جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق، ئاماده‌ى گفتوگۆیه ‌و به‌ پێویستى زانى ئه‌ڵمانیا و وڵاتانى دیكه‌ى دۆست هانى عێراق بده‌ن بۆ هه‌نگاونان به‌ ئاراسته‌ی‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان. هه‌موو ئاماده‌یى و پشتگیرییه‌كى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیشى بۆ به‌رده‌وامیى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا، دووپات كرده‌وه‌.

سەرچاوە: ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 9511

Your Comment

You are replying to: .
captcha