کوردپرێس:
بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، لە کۆبونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و هاوپەیمانێتیی هیوادا چەندین تەوەری هەستیار و گرنگی تایبەت بە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی گفتوگۆ کران، پرسی گۆڕینی پەیوەندیی نێوان هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی بۆ پەیوەندیی هاوکاری و تەواوکاری دیدی هاوبەشی هەردوولا بووە، هاوکات پشکی هەرێمی کوردستان لە موازەنەی فیدراڵیی و شایستە داراییەکانیی جوتیاران و فەرمانگە فیدرالییەکان و کێشەی فەرمانبەرانی بەنداوەکانی هەرێم و زیندانیانی سیاسیی و شەهیدان و ئەو گرفتانەی تر کە لە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە باس کران.
تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆسێی ماف و ئازادییەکان لە کوردستان و داوامان کرد کە سەرۆک وەزیرانی عیراق هەولەکانی بۆ ئازادکردنی زیندانیەکانی دهۆک و بادینان بخاتە گەڕ کە لە پێناوی ئازادیی رادەربرین چەندین مانگە خراونەتە زیندانەوە و ژیان و سەلامەتیان لە مەترسیدایە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق بە بایەخەوە کارکردنی هاوپەیمانیی هیوای کوردستانیی بەرز نرخاند و رایگەیاند لە پێناوی دژایەتی کردنی گەندەڵی و داکۆکیکردن لە بەرژوەندیی هاوڵاتیان هەماهەنگ و پشتیوانی یەکتری دەبن .
سەرۆک وەزیران بەڵێنیدا بە زوویی کێشەی فەرمانگە فیدرالیەکان و بەنداوەکان و شایستە داراییەکانیی جوتیاران چارەسەر بکرێت و بەدواداچون بۆ هەمو کێشە و گرفتەکانی تریش بکات.
لەو کۆبونەوەیەدا چەندین تەوەری تری هەستیار و جێگای بایەخ گفتوگۆکرا لەوانە دژایەتیی گوتاری شەعبەوی کە بازرگانیی بە ناوی قەومیەت و مەزهەبەوە دەکا و گرنگیی کارکردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردی دور لە تەزویر و ساختەکاری. لەو ڕوەشەوە بریاری هەماهەنگی و دیدار و کۆبونەوەی دەوری درا.
Your Comment