به‌غدا پێداگره‌ له‌سه‌ر مه‌رجی خۆی بۆ گفتوگۆ کردن له‌گه‌ڵ هه‌ولێر

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- حكوومه‌تی‌ عێراق جارێكی‌ دیكه‌ داوا له ‌هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات به‌ فه‌رمی‌ دان به‌وه‌ دابنێت كه‌ ئه‌نجامی‌ ریفڕاندۆمه‌كه‌ی‌ هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌، به‌رپرسی‌ دۆسێی‌ كورد له ‌هاوپه‌یمانیی‌ نیشتیمانیی‌ شیعه‌كانیش ڕای­ده‌گه‌یێنێت: "پشت به ‌لێدوانه‌كانی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم نابه‌ستین، به‌ڵكوو پێویسته‌ به ‌نووسراو ئاگادارمان بكاته‌وه‌"، ده‌شڵێت: "ناوی‌ سه‌دان فه‌رمانبه‌ری‌ بندیوار و نایاساییی هه‌رێممان ئاشكرا كردووه‌".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌بدوڵڵا زه‌یدی‌ به‌رپرسی‌ دۆسێی‌ كورد له‌ هاوپه‌یمانیی‌ نیشتیمانیی‌ شیعه‌كان به ‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند: "ئه‌و وتانه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ هه‌ڵوشاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ ڕیفراندۆم جێی‌ متمانه‌ی‌ عێراق نییه ‌و پێوسته‌ به‌ فه‌رمی‌ و به ‌زمانێكی‌ یاسایی و ڕوون له ‌ڕێگه‌ی‌ نووسراوه‌وه‌ دانی‌ پێدا بنێت".

وتیشی: "تا ئێستا حكوومه‌تی‌ هه‌رێم بۆچوونێكی‌ ڕوونی‌ نییه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ ڕیفراندۆم و ئه‌و وتانه‌ش كه‌ وتراون ناڕوونن و ده‌توانرێت خوێندنه‌وه‌ی‌ دیكه‌ی‌ بۆ بكرێت وه‌ک ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ ڕێز له ‌بڕیاره‌كانی‌ دادگای‌ فیدڕاڵی‌ ده‌گرین و پابه‌ندین به ‌یه‌كپارچه‌ییی خاكی‌ عێراق".

زه‌یدی‌ جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی "پێویسته‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم به ‌نووسراوی‌ فه‌رمی‌ دان به‌وه‌دا بنێت كه‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ ڕیفراندۆم هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و چیتر و به‌ هیچ شێوه‌یێک كاری‌ پێناكرێت، دواتر به‌غدا ئاماه‌ییی خۆی‌ ده‌رده‌بڕێت بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ دانوستانه‌كان".

به‌رپرسی‌ دۆسێی‌ كورد له ‌هاوپه‌یمانیی‌ نیشتیمانی‌ی شیعه‌كان ئاشكراشی كرد، حكوومه‌تی‌ هه‌رێم هیچ به‌ڵگه‌یێكی‌ بۆ به‌غدا نه‌ناردووه‌ كه‌ دان به‌ یه‌كێتیی‌ خاكی‌ عێراق و هه‌ڵوشاندنه‌وه‌ی‌ ڕیفراندۆمدا بنێت، "بۆیه‌ هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش به‌غدا ترسی‌ له‌وه‌ هه‌یه‌ ڕۆژێک له ‌ڕۆژان جارێكی‌ دیكه‌ كورد پشت به‌م ڕیفراندۆمه‌ ببه‌ستێت و په‌نا بۆ جیابوونه‌وه‌ ببات".

سه‌باره‌ت به ‌وردبین كردنی‌ به‌غدا له ‌ناو و ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم، زه‌یدی‌ وتی‌: "حكوومه‌تی‌ عێراق له ‌وردبینییه‌كانیدا بۆ شه‌فاف كردنی‌ لیستی‌ ناوی‌ فه‌رمانبه‌ران پشتی‌ به‌ داتاكانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان و فۆرمی‌ خۆراک و كارتی‌ بایۆمه‌تری‌ ده‌نگدان به‌ستووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا زۆر ورد و ڕوون نییه‌".

ئه‌وه‌شی‌ نه‌شارده‌وه: "سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌و وربینییانه‌ ڕوون نیین، به‌ڵام ناوی‌ سه‌دان فه‌رمانبه‌ری‌ بندیوار و نایاساییمان ئاشكرا كردووه‌".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 9354

Your Comment

You are replying to: .
captcha