به‌غدا ناوی‌ هه‌زاران فه‌رمانبه‌ری‌ ساخته‌ییی هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حكوومه‌تی‌ عێراق وردبینی كردن له‌ لیستی‌ ناوی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم ته‌واو ده‌كات و دوای‌ په‌سه‌ند كردنی‌ بودجه‌ی 2018ش، مووچه‌ ده‌نێرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جاسم محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر، په‌رله‌مانتاری‌ ده‌وڵه‌تی یاسا و كه‌سی‌ نزیكی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق، رای­‌گه‌یاند: لیژنه‌ی وردبینی كردن له‌ لیستی ناوی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، كۆتایی به‌ كاره‌كانی هێناوه ‌و لیستی‌ نوێی ناوی‌ فه‌رمانبه‌ران ئاماده‌یه‌.

ناوبراو وتیشی: له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و لیسته‌ نوێیه‌، حكوومه‌تی عێراق ئاماده‌یه‌ دوای په‌سه‌ند كردنی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی گشتیی 2018 له ‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی راسته‌قینه‌ی هه‌رێم بنێرێت.

به‌ وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا، له‌ كۆی زیاتر له‌ ملیۆنێک و 200 هه‌زار مووچه‌خۆری هه‌رێم، لیژنه‌ی وردبینی كردن، ته‌نها ناوی 683 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری راسته‌قینه‌ی په‌سه‌ند كردوووه ‌و هه‌زاران ناوی ساخته‌ و دووباره‌شی له‌ لیسته‌كه‌دا ده‌رهێناوه‌.

جاسم محه‌مه‌د ئاشكراشی كرد: وردبینی كردنه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و لیسته‌ بووه‌ كه‌ هه‌رێم ره‌وانه‌ی به‌غدای كردوووه‌، لیسته‌كه‌ش جۆرێک له‌ ناڕێكی‌ و نارێكخستن له‌ ناوه‌كاندا هه‌یه‌، ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه‌ مووچه‌كانیان به‌پێی‌ بڕوانامه ‌و ساڵانی‌ خزمه‌ت و ته‌مه‌نیان رێک نه‌خراوه‌.

ئەو په‌رله‌مانتاره‌ جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ ئه‌و 683 هه‌زار فه‌رمانبه‌ره‌ی هه‌رێم كه‌ ناوه‌كانیان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ په‌سه‌ند كراوه‌، فه‌رمانبه‌ری مه‌ده‌نین و هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و لیسته‌دان كه‌ له‌سه‌ر هێزه‌ وشكانییه‌كانی‌ عێراق بودجه‌یان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت و په‌یوه‌ستیشه‌ به‌ رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.

سەرچاوە: ‌ SNN

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 9187

Your Comment

You are replying to: .
captcha