به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له نیۆیۆرک تایمزی ئه‌مریکیدا یادداشتێکی بڵاو کردۆته‌وه و له‌و یادداشته‌دا باسی نیازپاکیی ئێران و په‌یمانشکێنیی ده‌وڵه‌تی تره‌مپی کردووه و ده‌ڵێت: ئه‌مریکا متمانه‌ی پێ ناکرێت هه‌ر بۆیه‌ش داوا له ئه‌ورووپا ده‌که‌م سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی پێشوو دووپات نه‌که‌نه‌وه و په‌یڕه‌وی سیاسه‌ته‌کانی کۆشکی سپی نه‌که‌ن.
زه‌ریف زیادی کردووه: ڕێککه‌وتنی ئه‌تۆمیی ئێران و 1+5 نموونه‌یێکی نایابی ده‌ستکه‌وتی دیپلۆماسییه هه‌ر بۆیه‌ش هه‌وڵ بۆ سڕ کردنی ئه‌و ڕێککه‌وتنه هه‌ڵه‌یه و نابێت ئه‌ورووپا مل به ئیراده‌ی واشنتۆن بۆ گۆڕینی ڕه‌وته‌که به‌ره‌و قه‌یران بدات ئێستا چ به‌رنامه‌ی مووشه‌کیی ئێران بێت چ هه‌بوونی ئێران له ناوچه‌که‌دا.
زه‌ریف له درێژه‌دا تیشکی خستۆته سه‌ر توانای سه‌ربازیی ئێران له‌سه‌ر په‌یڕه‌وی نێوده‌وڵه‌تی و له‌سه‌ر بنه‌مای ستراتێژیی به‌رگری کردن و ده‌ڵێت: پێکهاته‌ی سه‌ربازیی ئێران له‌سه‌ر ڕه‌وتی پشت به‌ستن به‌خۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنی عه‌قڵییه‌تی ژێئۆستراتێژیک و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌خلاق و مه‌زهه‌ب دامه‌زراوه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران زیادی کرد: پێبه‌ند بوونی ئێمه به به‌رگریی مهشرووعهوه ته‌نها دروشم نییه. ئێمه مووشه‌که‌کانمان ته‌نها بۆ به‌رگری کردن له خۆمان له به‌رانبه‌ر ژماره‌یێکی دیاری دوژمنانمان به کار هێناوه.
له درێژه‌ی یادداشته‌که‌ی زه‌ریفدا تیشک خراوه‌ته سه‌ر دانیشتنه‌کانی سووچی و ڕووداوه‌کانی یه‌مه‌ن و تۆپبارانی سعوودییه له‌و وڵاته و پێداگریی ئێران له‌سه‌ر دامڕکاندنی ئاگری شه‌ڕ و ئاژاوه له ناوچه‌که‌دا.
زه‌ریف له کۆتاییی یادداشته‌که‌یدا نووسیویه‌تی داوا له هه‌موو ئه‌وانه ده‌که‌م که نیسبه‌ت به داهاتوو هه‌ست به بهرپهرسایهتی ده‌که‌ن کۆوه ببن و به مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ر کردنی به‌رژه‌وه‌ندیێکی هاوبه‌ش بۆ داهاتوویێکی ئاشتییانه هه‌نگاوی کرداری هه‌ڵبگرن.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment