یه‌کێتیی نیشتمانی له‌ ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتنی عێراق به‌سه‌ر داعشدا به‌شداریی نه‌کرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕای‌گه‌یاند حه‌یده‌ر عه‌بادی باسی له‌ ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژه‌ داعشدا نه‌کردووه‌ و یه‌کێتیش بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌ ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتنی عێراق به‌سه‌ر داعشدا به‌شداریی نه‌کرد‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئارێز عه‌بدوڵڵا له‌ لێدوانێک بۆ "الغد پرس" ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد له‌ ڕێگای نامه‌یێکی نووسینگه‌ی سه‌رۆک‌وه‌زیرانه‌وه‌‌ به‌ فه‌رمی بۆ ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتنی عێراق به‌سه‌ر داعش بانگهێشت کراوه‌ و وتیشی پاش بیستنی وته‌کانی عه‌بادی سه‌باره‌ت به‌ کۆتایی شه‌ڕی داعش و سپاسی سه‌رۆک‌وه‌زیران له‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌کان به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوێک له‌ پێشمه‌رگه‌ بهێنرێت و ڕۆڵیان له‌ شه‌ڕی داعشدا ئاماژه‌ی پێبکرێت بڕیاری داوه‌ له‌ ئاهه‌نگه‌که‌دا به‌شداری نه‌کات.

ناوبراو وتی هیوادارم ئه‌م داپه‌ڕه‌ی عه‌بادی ئانقه‌ست نه‌بووبێت و ڕاشی‌گه‌یاند: سه‌رۆک‌وه‌زیران له‌ هه‌موو لێدوان و قسه‌کانی خۆیدا له‌سه‌ر یه‌کگرتوویی و یه‌کپارچه‌یی عێراق و پێبه‌ند بوون به‌ ده‌ستوور جه‌خت ده‌کاته‌وه‌ به‌ڵام نه‌هێنانی ناوی پێشمه‌رگه‌ و ئاماژه‌ نه‌کردن به‌ ڕۆڵی ئه‌و هێزه‌ له‌ شه‌ڕی دژه‌ داعشدا ڕێک وه‌کوو پێشێل کردنی ده‌ستووره‌.

باسی له‌وه‌ش کرد عه‌بادی هێزی پێشمه‌رگه‌ی له‌ بودجه‌ی 2018 بێبه‌ش کردووه‌ و جه‌ختی کرده‌وه‌: ئه‌م چه‌شنه‌ ڕه‌فتار و ئاکارانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی کوردستان و تێکڕای عێراقیش نییه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60105

News Code 9162

Your Comment

You are replying to: .
captcha