بەپێی هەواڵی کوردپرێس رۆژی 6-12-2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لەكاتی پێشكەش كردنی وتارێكدا لە بەغدا رایگەیاند "یەكخستنی عێراق و رێگری كردن لە دابەشبوون، سەركەوتنێكی دیكە بوو، كە هیچی كەمتر نەبوو لە سەركەوتن بەسەر چەتەكانی داعشی تیرۆریستدا".
لە وەڵامی لێدوانەكەی عەبادیدا، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێكدا باسی لەوە كردووە "ئەو سەركەوتنە گەورەیە بە سەر داعشدا كە عەبادی ئێستا نازی پێوە دەكات، بە شاهیدیی هەموو دونیا ئەگەر پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان نەبوونایە، هەرگیز بەدی نەدەهات، هەمان ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی ئەگەر گیانفیدایی و بەرگریی جوامێرانەی ئەوان نەبوایە، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری رابردووەوە، هێزە عێراقییەكانی ژێر فەرماندەیی عەبادی، هەموو كوردستانیان بە دەردی خورماتوو دەبرد".
وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاندووە: لەكاتێكدا هەمووان چاویان لە رەخساندنی زەمینەیێكی ئارام و لەبارە بۆ گفتوگۆ و نەهێشتنی ناكۆكی و ئاڵۆزییەكان، ئەم لێدوانە كرۆكی بیركردنەوە و هەموو ئەو رق و قینە دەردەخات كە بەرامبەر گەلی كوردستان هەیانە، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی كە ئیرادەی گەلی كوردستان بە هیچ كەس و هێزێك نەشكاوە و ناشكێت.
دەقی راگەیەنراوەكە وەزارەتی پێشمەرگە:
رۆژی 6-12-2017 لە لێدوانێكی نابەرپرسانە و لە بۆنەیێكی حیزبی دەعوەی ئیسلامیدا، سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدراڵ بەڕێز حەیدەر عەبادی، هێرش و داگیركاریی هێزە عێراقییەكانی لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو و رۆژانی دواتردا، بە سەركەوتنێكی گەورە لە قەڵەم دا و پێی وایە هیچی لە سەركەوتنی گەورەی شكاندنی داعش لە عێراق كەمتر نییه.
بەڕێز عەبادی داگیركردنی سەربازی و هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان، كوشتن و ئاوارەكردنی خەڵكی كەركووك، خورماتوو و ناوچەكانی دیكە، رووخاندن و تەقاندنەوەی خانوو و تاڵانكردنی ماڵی هاووڵاتیانی كوردستان لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە، بە سەركەوتنێكی گەورە لە قەڵەم دەدات و لەگەڵ سەركەوتن بەسەر داعشدا هاوتا و بەراوردی دەكات.
ئەو سەركەوتنە گەورەیە بە سەر داعشدا كە بەڕێز عەبادی ئێستا نازی پێوە دەكات، بە شاهیدیی هەموو دنیا ئەگەر پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان نەبوونایه، هەرگیز بەدی نەدەهات، هەمان ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی ئەگەر گیانفیدایی و بەرگریی جوامێرانەی ئەوان نەبووایە، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری رابردووەوە، هێزە عێراقییەكانی ژێر فەرماندەیی بەڕێز عەبادی، هەموو كوردستانیان بە دەردی خورماتوو دەبرد.
زۆر بەداخەوە بۆ سەرۆكوەزیرانی وڵاتێك كە هێرشكردنە سەر خەڵكی وڵاتەكەی، لەگەڵ سەركەوتن بە سەر تیرۆرستاندا پێكەوە بەراورد و هاوتا دەكات و بە شانازییەوە لافی پێ لێدەدات. لە كاتێكدا هەمووان چاویان لە رەخساندنی زەمینەیێكی ئارام و لەبارە بۆ گفتوگۆ و نەهێشتنی ناكۆكی و ئاڵۆزییەكان، ئەم لێدوانە كرۆكی بیركردنەوە و هەموو ئەو رق و قینە دەردەخات كە بەرامبەر گەلی كوردستان هەیانە، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی كە ئیرادەی گەلی كوردستان بە هیچ كەس و هێزێك نەشكاوە و ناشكێت.
سەرچاوە: ڕادیۆ نەوا
Your Comment