به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانیی تورکیا ڕۆژی سێشه‌ممه پێشنیاری به حکوومه‌تی ئه‌و وڵاته کردووه له کانتۆنی عه‌فرین که به ده‌ست کورده‌کانی سووریاوه‌یه ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی ئه‌نجام بدات.
نووره‌ددین جانیکلی وه‌زیری به‌رگریی تورکیاش ڕۆژی دووشه‌ممه باسی ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازیی تورکیا بۆ عه‌فرینی کردبوو. تورکیاش ڕایگه‌یاندووه هه‌بوونی کورده‌کان له عه‌فرین هه‌ڕه‌شه‌یه دژ به تورکیا هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌نجامدانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه پێویست ده‌بێت.
به‌ڵام سه‌رحه‌د ئهرکهمهن خاوه‌ن بیرێکی پرسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له په‌یمانگای سه‌ده‌ی 21 به عه‌ره‌ب نیووزی وتووه: پاش ڕێککه‌وتنی حه‌فته‌ی ڕابردووی نێوان سێ وڵاتی ئێران، ڕووسیا و تورکیا له شاری سووچی دوور له چاوه‌ڕوانییه که جووڵه‌یێکی سه‌ربازیی فراوان له ناوچه‌که‌دا ئه‌نجام ببێت چوونکه ته‌نگه‌ژه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و جووڵه سه‌ربازییه‌ش ئه‌نجام ببێت له ئاستێک‌دا نابێت که هاوکێشه‌ی هێزه‌کان بگۆڕدرێت.
ناوبراو زیادی کردووه: هه‌ر چه‌شنه ههنگاوێکی تورکیا له عه‌فرین پێویستی به ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕووسیا هه‌یه. ئه‌نقه‌ره ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کام لایه‌ن (حکوومه‌تی سووریا و سوپای ئازاد) پاش چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی کورده‌کانی سووریا له عه‌فرین کۆنتڕۆڵی ئه‌و کانتۆنه به‌ده‌سته‌وه بگرێت، له‌گه‌ڵ ڕووسیا ڕێکبکه‌وێت. تورکیا تا ئه‌و کاته‌ی په‌که‌که له عه‌فرین بێت ئاسایشی نابێت.
ئه‌و خاوه‌ن بیره مه‌ترسیی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی دژ به کورده‌کان به زۆر وه‌سف ده‌کات و پێی وایه په‌که‌که ده‌مێکه خۆی بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه به‌رانبه‌ر هێرشی سه‌ربازیی تورکیا ئاماده کردووه. ئه‌و کاره‌ش ڕیسکێکی سیاسییه چوونکه کاردانه‌وه‌ی حکوومه‌تی سووریا به‌رانبه‌ر به‌و داپه‌ڕه ڕوون نییه.
بۆرا به‌یره‌قدار خاوه‌ن بیرێکی دیکه‌ی پرسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ئاکادیمیای که‌لتووره‌وه پێی وایه ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی تورکیا له عه‌فرین زیاتر درێژه‌ی هه‌مان ڕه‌وتی پێکهێنانی ناوچه‌ی ئارام له ئیدلیب ده‌بێت.
ناوبراو ده‌ڵێت: 55 له‌سه‌دی حه‌شیمه‌تی عه‌فرین عه‌ره‌بن و کورده‌کان 30 بۆ 35 له‌سه‌دی حه‌شیمه‌تی ناوچه‌که پێکده‌هێنن و ژماره‌یێکی که‌میش تورکمانن به‌ڵام پاش هێرشی سه‌ربازیی تورکیا بۆ ئه‌و ناوچه‌یه پێکهاته سه‌ره‌کییه‌که‌ی حه‌شیمه‌تی عه‌فرین ده‌بووژێته‌وه و یه‌په‌گه و په‌که‌که له‌وێ ده‌چنه ده‌ره‌وه.
ئه‌و خاوه‌ن بیره‌ی پرسی سیاسی وێنای ئه‌وه‌ش ده‌کات ئه‌گه‌ر کورده‌کانی سووریا له به‌رانبه‌ر هێرشی سه‌ربازیی تورکیا به‌رگری بکه‌ن ئۆپه‌راسیۆنی ئاسمانی و تۆپخانه‌یی ده‌ست پێده‌کات.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment