پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت/لە چەواشەکاریی بەغدا نیگەرانین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە 27-11-2017 لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد و لە بارەی پێشهات و گۆڕانکارییەکانی کوردستان و عێراق وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە چەواشەکاری و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک لەلایەن بەغداوە نیگەرانین، ئێستا نیوەی ئەو نەوتەی پێشتر دەمان فرۆشت لە دەست بەغدایە، کەچی نە خۆیان سوودی لێوەر دەگرن نە رێگە دەدەن ئێمە بیفرۆشین و مووچەی خەڵکی پێبدەین.

سەرۆکی حکوومەت لە بارەی مووچە رای گەیاند: بەردەوام دەبین و ئێستا دابەش دەکرێت، ئێستا نیوەی ئەو نەوتەی هەناردەمان دەکرد لە دەست حکوومەتی عێراقە، سوودیشی لێوەرناگرن، بەڵام لێناگەڕێن ئێمە سوودی لێوەرگرین و مووچەی پێ دابین بکەین.

بارزانی گوتیشی: هەرێمی کوردستان ئێستا لە بارودۆخێکی زۆر سەختدایە، تێگەیشتنی هاووڵاتیان بۆ ئەم پرسە زۆر گرنگە، پێشتریش بە ڕوونی گوتوومانە هەتا پێمانبکرێ بەردەوام دەبین، ئەگەر نەشمانتوانی بە ئاشکرا بە خەڵک دەڵێین بارودۆخە بەمشێوەیە و چیدی ناتوانین مووچە دابین بکەین.

هەر پەیوەست بەم بابەتە نێچیرڤان بارزانی زیادی کرد: حکوومەتی عێراق بەردەوام دەڵێت لە خەمی خەڵکی هەرێمی کوردستاندان، کەچی ئامادەنین ئێمە نەوت بفرۆشین و مووچەی پێ دابین بکەین، تەنانەت تاوەکوو دەگەینە رێککەوتنێکی گشتی، ئەوە چەواشەکارییە و ئێمە لە چەواشەکاری و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک نیگەرانین.

ناوبراو لە بارەی بڕیاری دادگای باڵای فیدارڵی عێراقیش رای گەیاند: دادگای ئیتیحادی دەڵێت: "هەڵوەشاندنەوەی ئاسەوارەکانی دوای گشتپرسی"، بەڵام ئێمە هیچمان لە دوای گشتپرسی نەکردووە و ئەوان هەرچی پێیان کراوە کردوویانە و دەبێت بڕیارەکانی ئەوان رەت بکرێنەوە، بۆیە پێویستە ئەوان بڕیارەکانیان هەڵبوەشێننەوە بەتایبەت ئەوانەی لە پەرلەمانی عێراق دەرکران.

لە بارەی دابەش کردنی زەوی بەسەر شەهیدانی شەڕی دژی داعش، نێچیرڤان بارزانی گوتی: لە هەموو شوێنەکان دەکرێت، دابەش کردنی زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش لە سلێمانی و لە هەولێر و لە دهۆکیش دەکرێت، ئەگەر لە شوێنێک زووتر کراوە، مانای ئەوە نییە لە شوێنەکانی دیکە ناکرێت، بە تەئکید لە شوێنەکانی دیکەش دەکرێت.

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی ئاشتی هەوارمی و ئەو دەنگۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی بە پێکەنینەوە گوتی: بۆ ون بووە؟ بە ئیش و کاری حکوومەت و وەزارەتەکەی لە دەرەوەیە و لەوێ ئەرکەکانی خۆی رادەپەڕێنێ، ئەمەش زۆر ئاساییە، پێویستیش با واژۆ کۆکردنەوە و پێشکەش کردنی داواکاری بۆ ئینتەرپول ناکات.

دەقی گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی:

کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانمان هەبوو، دوو هەفتە لەمەوبەر وەزیری شەهیدان و ئەنفال کراونمان راسپارد بۆ ئەوەی، وەکوو لیژنەیێک لە سەر بارودۆخی ئاوارەکانی دوز و کەرکووک بۆ ئەوەی بچن لە نزیکەوە هەڵسەنگاندنێک بۆ دۆخیان بکەن و بزانن چ پێویستە، بێگومان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ راپۆرتی خۆیان پێشکەش کرد.

ئەوەی بە تایبەتی لە ناوچەی دوز و ئەو شوێنانە کراوە، زۆر زۆر کارەساتێکی گەورەیە بەرامبەر بە خەڵکی ئەو ناوچانە، ئێمە لە دوای شەڕی داعش، لە راستیدا پێشبینی ئەوەمان نەدەکرد و پێشمان وانەبوو نزیکەی 180 هەزار کەس ئاوارە ببن لە دەستی هێزەکانی عێراقی، هێزە عێراقییەکان ببنە هۆکاری ئەوەی ئەو خەڵکە ئاوارە ببن، ژمارەیێکی زۆر لە ماڵ و حاڵی خەڵکی سووتێنراوە، دەستدرێژی کراوە، کە ئەمە بە هەموو مانایێک بە کارەساتێکی گەورە دەبینین، بەرپرسیاریێتیەکەشی دەخەینە ئەستۆی هێزەکانی عێراقی، داواش دەکەین حکوومەتی فیدراڵی بە پەلە لیژنەیێکی لێکۆڵینەوە لەمبارەیەوە دروست کات، ئەو لیژنەیە راستییەکان بزانن بە چ شێوەیێک بووە، لە هەمووشی گرنگتر قەرەبووی ئەو خەڵکە بکرێتەوە، هەروەها ئەو خەڵکە بە رێزەوە بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و گەرەنتی ئەوەش بدرێت.

ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکەین کە بە جددی لەسەر ئەو پرسە رابووەستن، چوونکە ئەوەی ئێمە دەبینین، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش وەکوو پێویست ئاوڕی لەو بابەتە نەداوەتەوە، گرنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەوبارەیەوە بێتە سەر خەت.

ئەمە بابەتێکی گرنگ بوو کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باسمان کرد، ئەوەی دیکە کارنامەی رۆتینی ئەنجومەنی وەزیران بوو، کە ئەویش باس کراوە، ئەویش پێشنیاری وەزارەتی شارەوانییە بۆ مەسەلەی یاسایێک بە مەبەستی خۆڵ و خاشاک لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کارنامەی دیکە بە شێوەی رۆتینی قسەی لەسەر کرا.

لە لایێکی دیکەوە ئەمڕۆ دەست پێکردنی چالاکییەکانی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی بوو دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران لە مەراسیمی راگەیاندنی ئەو هەڵمەتە بەشدار بووین، ئەمە بابەتێکی یەکجار زۆر گرنگە بە نسبەت هەرێمی کوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا، ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی لەو بوارەدا کردوویەتی، بەڵام ئەگەر پرسیار ئەوە بێت ئایا ئەم کارانە بەسن؟ من دەڵێم نەخێر بەس نین، بەڵکوو پێویست بەوە دەکات تێڕوانین و بۆچوونەکانی ئێمە هەمووی لە سەر ئەم پرسە بگۆڕدرێت، هاوکات بۆ ئەوەی بتوانین کۆمەڵگەیێکی تەندروست بونیاد بنێین، پێویستە تاوەکوو پێمان دەکرێت بابەتی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و ژنان کەم بکرێتەوە و بنبڕ بکرێت و کۆتایی پێبێت. دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی باڵای خانمان دەکەین کە کاری زۆر باشیان لەو بوارەدا کردووە، دەستخۆشیش لە یەکەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەکەم، ئەوانەی کە دامەزراون بۆ ئەم بابەتە، کاری باشیان کردووە. دەستخۆشی لە دادگاکانی کوردستان دەکەم بۆ ئەو بڕیارانەی بەباشی لەو کەیسانە داویانە، ئەمانە پرسی گرنگن و پێویستە بەردەوام دەزگاکانی راگەیاندن، وەزارەتەکان و کۆمەڵگەی خۆی لەسەر ئەو پرسە رابووەستێت و ئینشائەڵڵا بتوانین بگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە هەموومان پێشبینی دەکەین.

وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان

پرسیار: تاوەکوو ئێستا ئاماژەکان روون نین لە نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە دانووستاندنەکان، تاوەکو ئێستا هیچ شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە نەچووەتە بەغدا، هاوکات هیچ وەڵامێک لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان نەبووە. پێتان وایە دانووستاندن و کۆبوونەوەکان هەڵدەپەسێردرێن تاوەکوو ئەوکاتەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن؟

نێچیرڤان بارزانی: لە ڕاستیدا هەڵوێستی ئێمە ڕوونە، هەرکاتێک بەغدا ئامادەی گفتوگۆ بێت، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەو رەغبەتەمان هەیە، پێمان وایە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا پێویستی بە دانووستاندنێکی جددی هەیە، بۆ ئەوەی ئێمە بگەین بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر هەموو ئەو پرسانەی کە هەیە. تاوەکوو ئێستا بەغدا دەبێ ئەو بڕیارە بدات، رەغبەتی خۆمان وەکوو هەرێمی کوردستان هەیە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمان، ئێمە ئێستا هەروەکوو خۆتان ئاگادارن، هەفتەی رابردوو سەردانی سلێمانیمان کرد و لەگەڵ گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانی و حیزبی سۆسیالیست دیدارمان کردووە، بە نیازین ئەو دیدارانەی ئێمە لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، دوای ئەوە ئێمە بە دڵنیاییەوە بڕیاری خۆمان دەدەین بە نسبەت هەڵبژاردن. هەڵبژاردن کەی لە هەرێمی کوردستان بکرێت، بە تەئکید بە نیسبەت ئێمە و هەموو لایەنەکان هەڵبژاردنێکی گرنگە، پێویستە بکرێت، ئێمە ئێستا بەس لەسەر ئەوە ماوین کەی رۆژی هەڵبژاردن دەستنیشان بکەین.

پرسیار: وەکوو خۆتان ئاماژەتان بۆ کرد سەردانی ژمارەیێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانتان کردووە و بڕیارە درێژە بە سەردانەکانیشتان بدەن، ئایا ئەو سەردانانە هیچ دەرئەنجامێکی هەبووە؟

نێچیرڤان بارزانی: سەردانەکان باش بوون، واتە بەشێوەیێکی گشتی ئەو پرەنسیپانەی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگن، ئەو لایەنانەی ئێمە سەردانیشمان کردن تەئکیدیان لەسەر ئەو پرەنسیپانە کردووەتەوە، مومکینە لە هەندێک شت ئێمە ناکۆکیمان هەیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە وەکوو هەموو هێزە سیاسییەکان لە کوردستاندا، بەڵام هەندێک پرەنسیپ هەیە کە ئەوان لەگەڵ هەموو لایەنەکانی کەی ئێمە سەردانمان کردووە لەسەر ئەو پرەنسیپانەی هەرێمی کوردستان هاوەنگ کۆکن، ئەمە گرنگترین شتە. ئەوەی تر پێشنیازەکە لەسەر ئەوە هاتووە، ئایا مەسەلەی حکوومەتی کاتی دروست بکرێت و دروست نەکرێت؟ پێشنیاز کراوە ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنەکان قسە بکەین، هەڵسەنگاندی ئەو بابابەتە، ئایا پێویستە ئەو حکوومەتە دابمەزرێت، یان وەکوو من پێشتریش ئەوەم خستەڕوو، ئەم حکوومەتە خۆی کاتییە و وادەی هەڵبژاردن دیاری بکەین و دەست بە هەڵبژاردنێکی رێک بکەین لە هەرێمی کوردستان، ئەوە دەمینێتەوە بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی کە ئێمە وەکوو پرەنسیپ رەزامەندیمان لەسەر پیشان داوە، دانیشتن بکەین، ئەو بابەتە هەڵبسەنگێنین و هەموو لایێکمان لە چوارچێوەی بەژەوەندیی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر بدەین.

پرسیار: ئایا ئێوە ئامادەن بۆ ئەنجام دانی هەڵبژاردنی پێشوەختە؟ ئەو پرسە تاووتوێ کراوە، دەتوانن لە ماوەیێکی کورتدا ئامادەکارییەکان تەواو بکەن؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەم پەرلەمان و ئەو حکوومەتە خۆی وادەیێکی هەیە بۆ دوو خولی تەشریعی، کە دەکاتە نزیکەی 8 مانگ، دوای دیدارمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە تەئکید ئێمە ئەوکاتە دەتوانین بڕیار لەسەر رۆژی هەڵبژاردن بدەین، با ئەو دیدارانە تەواو ببن، ئێمە رۆژەکەی دیاری دەکەین.

پرسیار: کەی مەرسووم بۆ پارێزگای سلێمانی دەردەکرێت، رازی بوونی گۆڕان بە دەرکردنی ئەو مەرسوومە مانای هاتنە ناوەوەی گۆڕان نییە جارێکی دیکە بۆ ناو ئەو حکوومەتەی ئێستا؟

نێچیرڤان بارزانی: سەبارەت بە دەرکردنی مەرسووم بۆ پارێزگای سلێمانی، بەڵێ ئەو مەرسوومە دەرکراوە و ئیمزام کردووە. سەبارەت بە گۆڕان خۆ ئەوان لە حکوومەتدان، لە حکوومەتی خۆجێیی لە سلێمانی بەشدارن، لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئیستحقاقاتی خۆیان وەکوو خۆیان هەیە و مەوجوودن. ئێمە تەمەننا دەکەین پارێزگاری نوێ سەرکەوتوو بێت لە کارەکانی، هیوادارین بتوانین بە باشترین شێوە شاری خۆشەویستی سلێمانی و هەموو پارێزگای سلێمانی بکاتن و هەر لێرەوە تەمەننای ئەوە دەکەین کە ئەو سەرکەوتوو بێت لە کارەکانی.

پرسیار: چەند هاوکارییێکی هاوپەیمانان هەبوو بۆ چەند لیوایێکی پێشمەرگە لە چەک و تەقەمەنی و تەنانەت دابین کردنی مووچەش، ئایا ئەو هاوکاریانە تاوەکوو ئێستا ماون؟

نێچیرڤان بارزانی: وەکوو پرۆتۆکۆڵێک وادەی هاوکارییەکە کۆتایی پێهاتبوو، بەڵام ئێمە ئێستا لەگەڵیان خەریکین بۆ نوێ کردنەوەی ئەو پرۆتۆکۆڵە، شەخسی خۆم کێشەیێک نابینم لەسەر ئەوەی ئەوە نوێ بکرێتەوە و بەردەوام بێت.

پرسیار: سەبارەت بە دۆخی کارەبا، پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشتر کردنی کارەبا چییە؟ لە کاتێکدا هێشتا سووتەمەنی بەسەر هاووڵاتیان دابەش نەکراوە.

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە پلانمان هەیە، کێشەی کارەبا دوو بەشە، بەشێکیان تەولیدی کارەبایە، لە ڕاستیدا لەو بەشەی لە تەولیدی کارەبایە کێشەیێکی ئەوەندە گەورە نییە، بەڵکوو کێشەکە لە چۆنیەتیی دابەش کردنی کارەبایە، خۆشتان دەزانن کارەبا وەکوو پێویست لە هەرێمی کوردستان دەستی پێوە ناگیرێت، ئیسرافێکی یەکجار زۆر لە هەموو شوێنێک دەکرێت، زۆر زۆر بەداخەوە ئەو کلتوورە لە نێو ئێمە هەیە، هیچ حیسابێک بۆ ئەوە ناکرێت کە ئەم کارەبایە دەبێت دەستی پێوە بگیرێت و ئیسرافی تێدا نەکرێت، ئەو گڵۆپانەی پێویست نین بکوژێندرێنەوە، ئەو کلتوورە خراپەش لە نێو ئێمەدا هەیە، یەکێک لەو شتانەی کە زۆرجار پێی ناڕەحەت دەبم ئەوەیە کە بۆ بەم شێوەیە بێت، ئێمە ئەو فەرهەنگ و کلتوورەمان لە وڵاتانی دیکە بینیوە، کارەبای ژوورێک پێویست نەبووە کوژاندوویانەتەوە، بەڵام لێرە بە رۆژیش گڵۆپەکان ناکوژێننەوە، لەوەدا ئیسرافێکی زۆر هەیە. ئێمە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانمان هەیە بۆ ئەوەی بتوانین. ئێستا وەزارەتی کارەبای ئێمە زۆر بە جددی لەگەڵ کۆمپانیاکان خەریک بوون، بەس ئەو دۆخەی بەسەردا هات، ئەگەرنا پلانێکمان هەیە هەم بۆ چاک کردنەوەی دۆخی کارەبا، هەم بۆ ئەوەش کارەبا بە شێوەیێک بێت ئەوەی سەرف دەکات دەبێت پارەکەشی بدات، لە ڕاستیدا ئێستا ئێمە خەریکی ئەوەین.

پرسیار: لە نێو هاووڵاتیاندا باس لەوە دەکرێت گوایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنها دەتوانێت یەک مووچەی دیکە بدات، وەڵامی ئێوە لەوبارەیەوە چییە؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە بەردەوام دەبین، ئێستا مووچە دابەش دەکرێت، خۆتان دەزانن زەرەرێکی گەورە بە دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان کەوتووە، ئێستا نیوەی ئەو نەوتەی کە هەناردەی دەرەوەمان دەکرد، ئێستا لە دەستی عێراقە زۆر بەداخەوە ئیستفادەشی لێناکات، بەڵام ئامادە نییە بیداتە ئێمە بۆئەوەی ئێمە مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی پێ دابین بکەین. لە لایێکی دیکەشەوە دەڵێ ئێمە خەمخۆری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانین و ئامادەین مووچە بدەین، من لێرەوە جارێکی دیکە دەیڵێم ئەگەر ئەو ئامادەیە مووچە لەسەر بنەمای سیستەمی بایۆمەتری هەرێمی کوردستان بدات، ئێمە ئامادەین سبەی لیستەکانیان بۆ بنێرین بۆ ئەوەی دابینی بکات، بەڵام هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و چەواشەکردنی زۆر زۆر نیگەرانین.

ئێستا نیوەی ئەو نەوتە هەناردەی دەرەوەی دەکەین، نیوەکەی دیکە کە خۆیان قازانجیشی لێناکەن، بۆ هیچ شوێنێکیش ناڕوات بەڵام ئامادە نین ئەو نیوەیەی دیکە کە ئێستا لە ژێر دەستیانە هەناردە بکەین تاوەکوو دەگەینە رێککەوتنێکی گشتی، بەڵام بەغدا ئامادە نییە ئەمە بکات.

من پێشتریش گوتوومە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت، تێگەیشتنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەو بابەتدا زۆر زۆر گرنگە، ئێمە تاوەکوو ئێستا مووچەمان داوە، لەو رۆژەش کە پێمان نەکرێت مووچە بدەین، ئێمە بە فەرمی رای دەگەیێنین، دەڵێین پێمان ناکرێت و دۆخەکەمان بەو شێوەیەیە و ناتوانین بیکەین، ئێمە قەت لەگەڵ هاووڵاتییانی خۆمان ئەوە ناکەین، ئەوەی راستییە پێیان دەڵێین.

پرسیار: پاش دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە گشتپرسی، ئێستا حکوومەتی عێراق دەڵێت، دەبێ دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان رادەستی بەغدا بکرێتەوە، ئایا هیچ میکانیزمێک دانراوە؟ تا ئێستا حکوومەتی عێراق لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی میکانیزمێک لەوبارەیەوە دابنرێت؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە ئەوانەمان تەنها لە میدیاکان گوێ لێبووە، تاوەکوو ئێستا بەغدا ئامادە نەبووە کۆبوونەوەمان لەگەڵ بکات بۆ ئەوەی ئێمە بزانین مەبەست چییە لە رادەست کردنی، ئێمە دەستوورێکمان هەیە، لە دەستووری عێراقدا بەڕوونی ئەرکەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدای دیاری کردووە لەسەر بابەتی سنوورەکان، مەبەست لە رادەست کردن چییە ئەی ئەوەی لەوێ کاردەکات، بەڵام بە کوردی قسە دەکات عێراقی نییە، دیارە فعلەن بەغدا بە هاووڵاتی عێراقی نازانێت، بۆیە رادەستی کێی بکەین، ئەمانەش عێراقین و خەڵکی عێراقن، ئێمە تێناگەین رادەست کردن مانای چییە، ئەگەر دەیانەوێت تەواجودیان هەبێت لەوەی بزانن چۆن سنوورەکان بەڕێوە دەچن، ئێمە مانعمان نییە با بفەرموون، لە فڕۆکەخانەکانی هاوکارییان لەگەڵ دەکەین بۆ ئەوەی بزانن فڕۆکەخانەکانی ئێمە چۆن بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەگەر مەبەست ئەوەیە رادەست کردن ئەوەبێت دەبێت یەکێک بە عەرەبی قسە بکات بۆ ئەوەی بێت و فڕۆکەخانەکانی رادەست بکەین، ئێ خۆ کوردەکەش هەر عێراقییە. لە لایێکی دیکەوە تاوەکوو ئێستا ئەوان لە میدیاکانەوە قسە لەگەڵ ئێمە دەکەن، نە لەگەڵ ئێمە دادەنیشن نە کۆبوونەوە دەکەن، ئەگەر هەر لە رێگەی میدیاوە بێت دۆخەکە هەر بەو شێوەیە دەبێت کە هەیە.

پرسیار: حکوومەتی عێراق رۆژ لە دوای رۆژ مەرجەکان لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر دەکات و دەڵێ دەبێت خۆمان نەوت دەربهێنین و سەرپەرشتی بکەین، بۆ ئەوەی مووچەی 682 هەزار و 21 فەرمانبەر بدەن، ئایا ئەمە وادەکات دەرگای گفتوگۆ زیاتر بکاتەوە یان دابخات لەگەڵ هەرێمی کوردستان؟

نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان پابەندیی خۆی بە دەستووری عێراق دەربڕیوە، ئەرکمان لەسەرە و واجباتیشمان هەیە، بەپێی دەستووری عێراق ئێمە ئامادەین ئەو کێشانە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین، ئەوەی ئێستا ئێمە دەیبینین پچڕ پچڕ سنوورمان پێبدەن و نەوتمان رادەست بکەن و دوایی گفتوگۆ دەکەین، ئەمە مەعقوڵ نییە، دەبێت دانیشتن بکەین، دەستوورێکمان هەیە، ئەو دەستوورە دەبێت حەکەم بێت لە نێوانی ئێمە و ئەوان، واجباتی ئێمە چییە، داواکاری ئێمە چییە و مافی ئێمە چییە و واجباتی ئەوان چییە؟ ئەمانە دەبێت لە گفتوگۆ چارەسەریان بکەین.

با من وا باسی بکەم، 14 ساڵە ئەم دۆخەی لە کوردستان و عێراق هەیە، ئەگەر هەموو لایێکمان بیرمان لەوە بکردبایەوە کە دەستوور وەکوو ئەوەی کە هەیە جێبەجێی بکەین، بەدڵنیاییەوە دۆخەکە بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت، من ئێستاش دەڵێم گرنگترین شت بە نسبەت ئێمە ئەوەیە دەبێت سەقامگیری لەو وڵاتە هەبێت، بۆ ئەوەی سەقامگیری لەو وڵاتە هەبێت دەبێت گفتوگۆیێکی جددی دەست پێبکرێت لە نێوانی هەردوولا بۆ ئەوەی بگەینە تەفاهومێک لەسەر بنەمای ئەو دەستوورە، بەڵام ئەمە تاوەکوو ئێستا نییە، بەغدا نایەتە پێش لەسەر ئەو بابەتە.

پرسیار: حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند نووسراوێکی لە رێگەی وەزارەتی گواستنەوە گەیاندووەتە عێراق، ئایا وەڵامی ئێوەیان داوەتەوە؟ هاوکات هیچ هەوڵێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و بەریتانیا و وڵاتانەوە هەیە بۆ گوشار خستنە سەر عێراق بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکان؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە لەگەڵ هەموو لایێک قسەمان کردووە، لەسەر فڕۆکەخانەکان، لەسەر ئەو رێکارانەی کە عێراق کردوویەتی، زۆر باسی دادگای فیدراڵی دەکرێت؟ ئەو بڕیارەی لە دادگای فیدراڵی باسی دەکرێت، ئێمە پێشتریش گوتوومان رێزی بڕیاری دادگای فیدراڵیمان گرتووە، بەڵام لە بڕیاری ئێستای دادگای فیدراڵی کە دەڵێ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئاسەوارانەی کە دوای گشتپرسی دروست بوون، پرسیارەکە ئەوەیە ئێمە دوای گشتپرسی چیمان کردووە؟ ریفراندۆم کراوە دوای ئەوە هیچمان نەکردووە، بەڵام ئایا ئەوەی عێراق کردوویەتی چییە؟ ئەوەی دوای گشتپرسی کردوویەتی ئەو بڕیارانەی کە پەرلەمانی عێراق دەری کردوون، کۆمەڵێک بڕیاری دەرکردووە دژی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی بەغدا خۆی لە ئەنجوومەنی وەزیران کۆمەڵێک بڕیاری دەرکردووە دژی هەرێمی کوردستان، هەرچی پێیان کراوە کردوویانە، بڕیاری دادگای فیدراڵی لە بارەی هەڵوەشانەوەی دەرهاویشتەکانی گشتپرسی ئەوان کە دەبێت هەڵبووەشێنەوە، دەبێت ئەوانە نەمێنن، ئەوان ناڵێن دەبێت رێز لە بڕیاری دادگا بگیرێت فەرموون ئەو بڕیارانە هەڵوەشێننەوە، ئێمە پێشتریش گوتوومانە رێزمان لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی گرتووە، بەڵام ئایا لەبارەی دەرهاویشتەکانی عێراق چی کردووە، ئەمە پرسیارێکە ئەوان دەبێت لەخۆیان بکەن و دەبێت وەڵامیشیان هەبێت بۆ ئەو شتانەی دژی گەلی کوردستان کردوویانە، پێش ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیار بدات، ئەوان کۆمەڵێک رێکاری نادەستووری لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە، هاوکات کۆمەڵێک رێکاری نادەستووری لە بەغداش دەرچووە لەسەر ئەو بابەتە، بۆ دەبێت ئەمانە هەڵوەشێندرێنەوە.

پرسیار: هیچ بەرنامەیێک هەیە بۆ ئەوەی سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێران وڵاتێکی گرنگە بە نسبەت ئێمە، پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لە پێشتریش و ئێستاش خوازیاری ئەوەیە لەگەڵ ئێران پەیوەندی باشی هەبێت، بەڵێ ئێمە کۆمەڵێک پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ ئێران، پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ ئێران بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت.

پرسیار: مەبەستی سەردانەکانی مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆ تورکیاچی بووە؟

نێچیرڤان بارزانی: سەردانی مامۆستا بۆ دەرەوە، بە دڵنیاییەوە لەو ماوەیە ئەوەی پێویست بووە و لەسەر شانی مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین بووە وەکوو ئەمینداری گشتی یەکگرتوو کردوویەتی بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە ئاسایی بکرێتەوە، ئێمە سەردانەکەی بۆ تورکیا هەر لەو چوارچێوەیە دەبینین، بە دڵنیاییەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بارودۆخی هەرێمی کوردستان.

پرسیار: چارەنووسی کەیسی مامۆستا وشیار ئیسماعیل و بە سزا گەیاندنی تاوانبارانی ئەو کەیسە، کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە؟

نێچیرڤان بارزانی: سەبارەت بە کەیسی خوالێخۆشبوو مامۆستا وشیار لە ڕاستیدا من وردەکاریەکەی نازانم، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوەی ئێمە مەبەستمانە ئەوەیە دەبێت یاسا سەروەر بێت لەو وڵاتە، بەپێی سەروەری یاسا ئەوەی پێویست بێ، دەبێت جێ بەجێ بکرێت.

پرسیار: گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رای گەیاند، ئەوان لارییان لەسەر ئەو ئامارانە نییە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەینێرێت، بەو مەرجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیێکی فەرمی دان بە هەڵوەشاندنەوەی دەرئەنجامی ریفراندۆم بنێت؟

نێچیرڤان بارزانی: من ئەوەم نەبیستووە، ئێمە قسەکانی خۆمان پێشتر لە بەیانێکدا گوتووە، گوتوومانە ئێمە رێزمان لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی گرتووە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوان ئێستا دەبێت ئەو دەرهاوێشتانە هەڵوشێننەوە کە لە بڕیاری دادگای فیدراڵی هاتووە، ئەو بڕیارانەی داویانە پێویستیان بە هەڵوەشاندنەوە هەیە.

پرسیار: حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند قەرزداری نێوخۆ و دەرەوەیە؟

نێچیرڤان بارزانی: ژمارەی تەواوم لا نییە تاوەکوو ئێستا باسی قەرزەکان بکەم، بەڵام ئێمە زیاتر لە قەرزداری ئەو کۆمپانیایەین کە نەوتمان پێیان فرۆشتووە و پێشەکی پارەکەمان وەرگرتووە و پارەکەشمان داوەتە مووچە، ئێمە خشتەی قەرزەکانمان بۆ بەغدا ناردووە، لەو کۆبوونەوانەی IMیش کە لە ئوردن کراوە، ئێمە دیسان بۆ لایەنی عێراقیمان ناردووە بۆ IMFیشمان ناردووە، لەسەر هەمووشی روون کردنەوەمان داوە قەرزەکانمان چەندن و بە چ شێوەیێکن.

پرسیار: هەندێک لە شەقام و لایەنی سیاسی دەڵێن، ئەوانەی گشتپرسییان ئەنجام دا، کە بووە هۆی ئەوەی حکوومەتی عێراق کۆمەڵێک بڕیار دژی هەرێمی کوردستان دەربکات، بۆیە دەبێت ئەوان داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن، ئایا ئێوە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لێبووردن لە خەڵک دەکەن؟

نێچیرڤان بارزانی: ریفراندۆم بڕیاری یەک هێزی سیاسی یان تاکە کەسێک لە هەرێمی کوردستان نەبووە، بڕیارێک بووە هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕایی، ئەگەر هەمووشی نەڵێم بڕیاریان لێداوە، ئەوانەی لەو بڕیارە بەشداریش نەبوون لە رۆژی دەنگدان زۆر بە ئیفتخارەوە گوتیان ئێمە دەنگمان پێداوە و گوتوومانە بەڵێ. سروشتی ژیان ئەوەیە گرنگ ئەوەیە لەو کێشانەی کە دێتە پێش کێ دەڵێ من زیاتر تەحەمولی مەسئولیەت دەکەم و هەوڵدەدات ئیشەکان چاک بکاتەوە، ئەمە بابەتێکی ترە، بەڵام بابەتی ریفراندۆم هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە تێکڕا بڕیاریان لەسەر ریفراندۆم دا، بڕیاریان لەسەر رۆژی ریفراندۆم دا، هەمووشیان بەشدار بوون، وەکوو گوتم ئەوەی بەشداریش نەبووە لە رۆژی دەنگدان زۆر بە شانازییەوە گوتی من دەنگی "بەڵێ"م بۆ ریفراندۆمەکە داوە، کەواتە سێ ملیۆن و ئەوەندە کەسە لە هەرێمی کوردستان بەشدار بوون لە ریفراندۆمێک کە تەنها بۆ دەربڕینی رایێک بووە، ئێمە پێش ریفراندۆمیش گوتوومانە هەر رۆژی دواتریش خۆم گوتوومە کێشەکان دەبێت بە دیالۆگ لەگەڵ بە‌غدا چارەسەر بکرێن، ئەگەر بە بیریشتان بێت پرسیاری ئەوەیان لە من کرد ئەو ئاڵایەی عێراق هەتا کەی دەمێنێت، گوتم ئەو ئاڵایە ئەمڕۆ لێرەیە سبەش لێرەیە و دواڕۆژیش لێرە دەمێنێت ئێمە دەبێت بە دانووستاندن لەگەڵ بەغدا کێشەکان چارەسەر بکەین، هەڵوێستی ئێمە لەوبارەیەوە هیچ نەگۆڕاوە، پێش ریفراندۆمیش ئەو رایەمان هەبوو، ئێستاش ئەو رایەمان هەیە لە دواڕۆژیش ئەو رایەمان دەبێت.

پرسیار: سەبارەت بەو نیگەرانیانەی لەسەر دۆخی کەرکووک و ناوچەکە هەیە، ئایا هیچ هەوڵێک هەیە ئەو دۆسیەیە بە نێودەوڵەتی بکرێت؟

نێچیرڤان بارزانی: نیگەرانیی ئێمە لەسەر ئەوەی لە دوزخورماتوو و شوێنەکانی دیکە روویان دا، ئێمە ئێستا دۆکیۆمێنتی بۆ ئامادە دەکەین، هیوادارین بەغداش لەگەڵ ئێمە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین قەرەبووی ئەو خەڵکە بکەینەوە، ئەوەی گرنگە لەلایە ئێمە ئەو خەڵکە بگەڕێتەوە ماڵ و حاڵی خۆی بەڕێزەوە.

پرسیار: لە دهۆک دەست بە دابەش کردنی زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش کراوە، لە هەولێر و سلێمانیش باس لەوە دەکرێت 85% کارەکان تەواو بووە، ئایا دەست بە دابەش کردنی زەوی لە هەولێر و سلێمانی بەسەر کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش دەکرێت؟

نێچیرڤان بارزانی: لە هەموو شوێنەکان دەکرێت، دابەش کردنی زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش لە سلێمانی و لە هەولێر و لە دهۆکیش دەکرێت، ئەگەر لە شوێنێک زووتر کراوە، مانای ئەوە نییە لە شوێنەکانی دیکە ناکرێت، بە تەئکید لە شوێنەکانی دیکەش دەکرێت.

پرسیار: لە هەندێک میدیای عێراقی باس لە چوونی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەکرێت بە نهێنی و گوایە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە و داوا لە عەبادی کراوە لەگەڵ سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ نەبێتەوە، بە بیانوی ئەوەی حکوومەتێکی کاتی یان رزگاری نیشتمانی دروست دەبێت؟

نێچیرڤان بارزانی: من ئەوەم نەبیستووە.

پرسیار: لە نێو خەڵکیدا دەنگۆی ئەوە هەیە ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەکان چووبێتە دەرەوەی وڵات. دەگوترێت لە پەرلەمانیش ئیمزای لەسەر کۆ دەکرێتەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: بە ئیشوکاری حکوومەت و وەزارەتەکەی لە دەرەوەیە، نە رای کردووە، نە بزریش بووە، ئەوە ئیشی حکوومەتە چوونکە ئەو وەزیرێکە لە کابینەی حکوومەت، من تەسەور ناکەم پێویست بەوە بکات ئیمزا کۆ بکرێتەوە و نە پێویستیش دەکات، ئەو بە ئیشی حکوومەت و وەزارەتەکەی لە دەرەوەیە، ئەرکەکانی خۆی لەوێ رادەپەڕێنێت، ئەگەر کارەکانیش تەواو بێت ئەوا دەگەڕێتەوە، نە پێویست بە ئیمزا کۆکردنەوە دەکات نە بە ئینتەرپۆلیش بڵێن بیگرن.

سەرچاوە: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8854

Your Comment

You are replying to: .
captcha