وه‌هابییه‌ت نوسخه‌ی ڕه‌شی ته‌کفیره‌ له‌ جیهانی ئیسلامدا

به‌شی ئێران- شێخ به‌هائه‌ددین نه‌قشبه‌ندی ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: زانا ئایینییه‌کان و شێخه‌کانی ته‌ریقه‌ت له‌ مێنبه‌ره‌کاندا ده‌ورێکی هه‌ره‌گرینگ بۆ وریا کردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر و پێش گرتن له‌ په‌ره‌سه‌ندنی بیرۆکه‌ی ته‌کفیری له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌گێڕن.

شێخ به‌هائه‌ددین نه‌قشبه‌ندی شێخی ته‌رێقه‌تی نه‌قشبه‌ندی له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق که‌ به‌شداری کۆنفڕانسی هۆگرانی ئه‌هلی به‌یت و پرسی ته‌کفیر له‌ تاران بووه‌ گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێس کردووه‌ و له‌ دیمانه‌که‌ی خۆیدا تیشکی خستۆته‌ سه‌ر پرسی ته‌کفیر له‌ جیهانی ئیسلامدا.

ناوبراو ده‌ڵێت: مێژووی ته‌کفیر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می حه‌زره‌تی عه‌لی(د.خ) که‌ له‌و کاته‌دا خه‌وارج سه‌ریان هه‌ڵدا یه‌که‌م ده‌سته‌واژه‌ی سه‌ر زاری ئه‌و گرووپه‌ ته‌کفیرییه‌ ته‌کفیر کردنی زاتی پیرۆزی حه‌زره‌تی ئه‌میره‌لموئمنین بوو.

شێخ به‌هائه‌ددین نه‌قشبه‌ندی درێژه‌ی پێداوه‌: پاش مێژووی خه‌وارج ڕه‌وتی سه‌رهه‌ڵدانی وه‌هابییه‌ت چووه‌ قۆناغێکی نوێوه‌ و ئه‌وه‌ش سه‌رهه‌ڵدانی ته‌کفیر بوو له‌ جیهانی ئیسلامدا که‌ سه‌رجه‌م موسڵمانه‌کان به‌ کافر ده‌زانن و ئه‌وانه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی عه‌قیده‌ی ئه‌واندا نه‌جووڵێنه‌وه‌ به‌ موشرکیان ده‌زانن ته‌نانه‌ت محه‌مه‌دی کوڕی وه‌هاب که‌ بنیاتنه‌ری ئه‌و فیرقه‌ به‌لاڕێداچووه‌ بوو داوای له‌ موسڵمانان کرد به‌ره‌و ئه‌و کۆچ بکه‌ن.

ناوبراو وتیشی: ئه‌و مێژوووه‌ مه‌نحووس و ڕه‌شه‌ی ئه‌و فیرقه‌یه‌ تاوه‌کوو ئه‌مرۆ ماوه‌ته‌وه‌ و له‌م دواییانه‌دا به‌ ناوی ئه‌لقاعیده‌ و تاڵه‌بان و جوندولئیسلام و داعش و... سه‌ری هه‌ڵداوه‌.

شێخ به‌هائه‌ددین نه‌قشبه‌ندی ئاماژه‌ی به‌ بیدعه‌تی نوێی داعش له‌ نێوان موسڵمانان و ده‌وری زانایانی کورد بۆ شه‌ڕی دژ به‌و گرووپه‌ وتی: ڕاسته‌ داعش ئه‌مڕۆکه‌ وه‌کوو گرووپێکی چه‌کدار له‌ عێراق و سووریا کۆتاییی پێ هاتووه‌ به‌ڵام بیرۆکه‌ی داعش له‌ مێشکی گه‌نجانی سووریا و عێراقدا هه‌یه‌ و پێویستمان به‌وه‌یه‌ زانا ئایینییه‌کانی ئیسلام و شێخه‌کانی ته‌ریقه‌ت و تێکڕای توێژه‌ر و لێکۆڵه‌ران بێنه‌ مه‌یدان و ئه‌و بیرۆکه‌ ڕه‌شه‌ له‌ مێشکی جه‌ماوه‌ری ناوچه‌که‌دا پاک بکه‌نه‌وه‌.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: ئێمه‌ ده‌بێت به‌ گه‌نجه‌کانمان بسه‌لمێنین حه‌قێقه‌تی ئایینیی ئیسلام ئه‌وه‌ نییه‌ داعش پیشانی ده‌دات به‌ڵکوو حه‌قێقه‌تی ئیسلام له‌ دڵی ڕاستییه‌کانی کۆمه‌ڵگای ڕاسته‌قینه‌ی ئیسلامدا شاردراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌رکی سه‌ر شانی زانا ئایینییه‌کانی ئیسلامه‌ وانه‌ی ئه‌و ڕاستییانه‌ به‌ خه‌ڵکی فێر بکه‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8749

Your Comment

You are replying to: .
captcha