کوردپرێس: راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوی کردەوە، لهدرێژهی دیدارەکانی شاندی پەرلەمانی کوردستان لە بهغدا، لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری داراییی عێراقى کۆ بووەوە و باس له پهیوهندیی نێوان ههرێمی كوردستان و حكوومهتی فیدراڵی عێراق كرا و جهخت لهسهر چارەسەرکردنی کێشە ههڵپهسێردراوهكانی نێوانیان بەرێگهی دیالۆگێکی راستەقینە و بهپێی دەستوور و جێگیر كردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان له بودجهى گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2020 کرایەوە.
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات نیازپاکیی هەرێمی کوردستانی بە ڕادەست کردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت بەکۆمپانیای سۆمۆ نیشاندا، بهو مهرجهى بهغداش پابهند بێت بهناردنی شایستەداراییەکان و بودجەی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا هێمن هەورامی باسی لە پێویستیی بوونی پەیوەندییێکی باش له نێوان لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان و لیژنهكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییهكان کرد بۆ ئالوگۆڕی راوبۆچوون و پێشنیازەکانی هەردوولا پێش ئامادە کردنی هەر پڕۆژەیاسایێک.
لە راگەیەندراوەکەی پەرلەمانی کوردستاندا ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە کۆبوونەوەکە فوئاد حسێن، وەزیری داراییی عێراق بەگرنگییەوە باسی لە پێویستیی بوونی پەیوەندییێکی باش لە نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتی لە چارەسەری کێشەکان بەرێگهی دانوستاندن و لێکتێگەشتن بۆ سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان كردهوه.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment