به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP) به‌یاننامه‌یێکی بڵاو کرده‌وه که له‌لایه‌ن سزایی ته‌مه‌لی هاوسه‌رۆکی حیزبه‌وه واژۆ کراوه و له به‌یاننامه‌که‌دا دوورخستنه‌وه‌ی شاره‌وانه کورده‌کان به کووده‌تا دژی سیاسه‌تی دیموکرات له تورکیا وه‌سف کراوه و هاتووه: ئاشکرایه که ئه‌م کووده‌تایه ته‌نها شاره‌وانییه کوردییه‌کان ناگرێته‌وه. ناتوانین هه‌ندێک بابه‌ت وه‌ک ڕێگرتن له چاوپێکه‌وتنی ئۆجه‌لان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه و پارێزه‌رانی -که ڕۆژی 9ی سێپتێمبێر په‌یامی ئاشتی بڵاو کردبوو- و به‌رده‌وامیی گۆشه‌گیریی ناوبراو به جیا له‌م گۆڕانکارییانه له‌به‌رچاو بگرین. هاندانی بنه‌ماڵه کورده‌کان بۆ گردبوونه‌وه له به‌رده‌م بینای هه‌ده‌په له دیاربه‌کر که داوای ئاشکرابوونی چاره‌نووسی ڕۆڵه‌کانیان ده‌که‌ن و هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی میتینگی ناڕه‌زایه‌تی له شاره جۆراوجۆره‌کانی تورکیا به ئاماده‌بوونی بنه‌ماڵه‌ی هێزی ئه‌منی، سه‌ربازی و فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌کان به‌شێک له کووده‌تا دژی شاره‌وانییه‌کان بوو.
هه‌ده‌په له درێژه‌ی به‌یاننامه‌که‌دا باسی له‌وه کردووه: ئیراده‌ی به‌هێزی ئێمه بۆ په‌ره‌پێدان و ده‌وڵه‌مه‌ندترکردنی ڕه‌هه‌ندی خه‌باتی ڕه‌وا و دیموکراتیکمان له به‌رانبه‌ر کووده‌تا دژی شاره‌وانییه‌کان له‌پێناو وه‌رگرتنی ئه‌و شاره‌وانییانه له ده‌ست قه‌یوومه‌کان درێژه‌ی ده‌بێت. سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌ی که دژ به کوودهتان و داهاتووی وڵات له دیموکراسیدا ده‌بیننه‌وه بانگهێشت ده‌که‌ین هاوڕای هه‌ده‌په بن. ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سیاسی له تورکیا پشتیوانیی زۆرینه‌ی له‌ده‌ست داوه. ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سیاسی مه‌شرووعییه‌تی دیموکراتیکی خۆی له‌ده‌ست داوه و به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت. به‌رده‌وامیی سیاسه‌تی جه‌نگ و تاڵانکاری له جێگایێکی مه‌شرووع و دیموکرات نامومکینه. به‌م بۆنه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌پێناو به‌رده‌وامیی سیاسه‌تی شه‌ڕ و تاڵانکارییان ته‌نها ئاسته‌نگی به‌رده‌میان واتا هه‌ده‌په به تاوانبار پیشان بده‌ن و له‌ناوی به‌رن.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment