ڕه‌خنه‌ له‌ ده‌ستی ده‌ستی کردنی به‌غدا بۆ ئاشکراکردنی ناسنامه‌ی ڕووفاته‌کانی سه‌ماوه‌ ده‌گیردرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- که‌سوکاری ئه‌نفالکراوانی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌که‌ی سه‌ماوه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ده‌ستی ده‌ستی کردنی به‌غدا بۆ ئاشکراکردنی ناسنامه‌ی ڕووفاته‌کان ده‌گرن و داوا ده‌که‌ن ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ خێراتر بکرێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا 4 گۆڕی به‌کۆمه‌ڵی نوێ له‌ بیاوانه‌کانی سه‌ماوه‌ هه‌ڵکه‌وتوو له‌ باشووری عێراق دۆزرایه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌کان ده‌ریخست که‌ ئه‌م گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵانه‌ ڕووفاتی کوردی ناوچه‌ی گه‌رمیانی تێدایه‌ که‌ له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ کۆمه‌ڵکوژ کران.

171 ڕووفاتی ئه‌نفالکراوانی کوردستان له‌ بیابانه‌کانی سه‌ماوه‌ له‌ گۆڕێکدا دۆزرانه‌وه‌ و تاوه‌کوو ئێستاش ناسنامه‌کانیان ئاشکرا نه‌کراوه و بڕیاریشه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ دووی مانگی داهاتوودا نموونه‌ی خوێن له‌ که‌سوکاری ئه‌نفالکراوان له‌ گه‌رمیان وه‌ربگیرێت.

هاونیشتمانییانی گه‌رمیانیش داوا ده‌که‌ن په‌له‌ بکرێت له‌ وه‌رگرتنی خوێنی که‌سوکاریان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زووترین کات ڕووفاته‌کان بناسرێنه‌وه‌ و بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ کوردستان.

زۆربه‌ی که‌سوکاری ئه‌نفالكراوه‌كانی گونده‌کانی كوڵه‌جۆی حاجی حه‌مه‌جان و مله‌ سوره‌ی گه‌رمیان‌ له‌و‌ دوو گونده‌دا كۆ بوونه‌ته‌وه و ڕایان‌گه‌یاندووه‌ که‌‌ له‌و گوندانه‌‌ ماڵێک نییه‌ له‌‌ كه‌سێک زیاتری ئه‌نفال نه‌كرابێت و ئه‌وان ئومێدیان له‌سه‌ر ڕووفاتی نێو گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ی سه‌ماوه هه‌ڵچنیوه‌ و داواش ده‌كه‌ن حكوومه‌ت نموونه‌ی خوێنیان لێوه‌ربگرێت.

له‌ دوای ساڵی 2003 له‌ نۆ قۆناخدا دوو هه‌زار و 271 ڕووفات گه‌ڕێندرانه‌وه‌ بۆ کوردستان و چاوه‌ڕێش ده‌کرێت دوای ناسینه‌وه‌ی 171 ڕووفاته‌که‌ی نوگره‌ سه‌لمان له‌ قۆناخی 10هه‌مدا بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ کوردستان.

وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانیش له‌ پلانی چوار ساڵی داهاتوویاندا ده‌یانه‌وێت كار بكه‌ن بۆ ناسینه‌وه‌ی ڕووفاته‌كان.

پرۆسه‌ی ئه‌نفال له‌ 23ی شووبات‌ تاوه‌کو 6ی ئه‌یلوولی ساڵی 1988ی خایاند، 182 هه‌زار كورد ڕاپێچی چاڵه‌كانی مه‌رگ كران له‌ بیابانه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق، جگه‌ له‌وه‌ش نزیكه‌ی چوار هه‌زار گوند، چوار قه‌زا و 30 شارۆچکه‌ ‌و سێ هه‌زار و 100 مزگه‌وت له‌گه‌ڵ 100 كڵێسا خاپوور كران و نزیكه‌ی دوو ملیۆن سه‌ر مه‌ڕ و ماڵات و ئاژه‌ڵیش به‌تاڵان بران.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86402

Your Comment

You are replying to: .
captcha