کوردپرێس: دوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان، جەمال حاجی محەمەد بە سەرۆک و عەلی عەبدوڵا بە جێگری سەرۆک و پێشڕەو رەئوف بە سکرتێری جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێژردران.
سەرۆکی جڤاتی گشتیی راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندن و رۆژی شەممەی داهاتوو 14/9/2019 هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و پێنج ئەندامەکەی دیکەی خانەی راپەڕاندن دەکرێت.
بەپێی دەستووری ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان، جڤاتی گشتی چەتری پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی، دامەزراوەی راوێژکاریی بوارەکانی کاری سیاسی، رێکخراوەیی، کارگێڕی، دارایی و میدیایی بزووتنەوەی گۆڕانە.
جڤاتی گشتی پێکدێت لەو کەسایەتییە گشتییانەی لە ماوەیێکی تەمەنیاندا لە یەکێک لە بوارەکانی ژیاندا بەرپرسیارێتی دیاریان هەبووە، لەوانەی کەسایەتی سیاسی، کەسایەتی زانستی، کەسایەتی کۆمەڵایەتی.
دوای کۆتایی هاتنی پڕۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، جەمال حاجی محەمەد سەرۆکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: پڕۆسەکە زۆر دیموکراتی و شەفاف بووە و راستەوخۆ لە میدیاکانەوە پەخش کرا.
ناوبراو وتیشی :" هیچ جۆرە فشارێک نەبووە و ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە رکابەریی لەسەر پۆستی سەرۆکی جڤاتی گشتی هەبووە".
جەمال حاجی محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد؛ ئەرکی جڤاتی گشتی راوێژکارییە و ژمارەیێک لیژنە دروست دەکرێت بۆ ئامادەکردنی ژمارەیێک پڕۆژە یاسا، کە دواتر ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی دەکرێت بۆ پەسەندکردنی، پاشان بەپێی تایبەتمەندی ئاڕاستەی ئۆرگانەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment