فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات: ئەمریکا لەنێوان تورکیا و کوردانی سووریا نێوەندگیری دەکات

بەشی جیهان- مەزڵووم کۆبانێ دەڵێت ئەمەریکا لە ئێستادا خەریکی نێوەندگیری کردن لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و تورکیایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مانگی ڕابردوو ئەمەریکا و تورکیا لەسەر دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا و پاشەکشێ کردنی هێزە کوردەکان لەسەر سنوورەکانی تورکیا ڕێککەوتن. هەروەها چەند ڕۆژ پێش ئێستا تورکیا و ئەمەریکا یەکەم دەورییەی هاوبەشی خۆیان لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریا ئەنجام دا. پێدەچێت کە ڕێککەوتنی ئەمدواییەی ئەمەریکا و تورکیا لەسەر دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا و دیکەی هەنگاوەکان کە لەمبارەوە هەڵگیردراون ڕێگرییان کردووە لە پێکدادانی سەربازیی تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات. بەم حاڵەشەوە بەرپرسانی باڵای تورکیا هێشتا ئەم هەڵمەتانەیان بەدەڵ نییە و لەبارەی هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا هەڕەشە دەکەن.

مەزڵووم کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەمدواییەدا لە باکووری سووریا ڕوویداوە و هەروەها لەبارەی ڕێککەوتنەکەی ئەمەریکا لەگەڵ تورکیا دەڵێت: ئەمریکا سەرقاڵی نێوەندگیری لەنێوان کوردەکان و حکوومەتی تورکیایە تاکوو دۆخەکە لە باکووری سووریا هێور بکاتەوە.

ناوبراو بە واشنتن پۆستی وتووە: « ئەمەریکا ڕۆڵی نێوەندگیری لەنێوان ئێمە و حکوومەتی تورکیا گرتۆتە ئەستۆ».

فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات وتوویەتی لەسەر دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا ڕەزامەندیی نیشان داوە بەڵکوو ڕێگری لە هێرشی سەربازیی تورکیا بکات بۆ سەر ناوچەی ژێر کونترۆڵی هێزەکانیان. ناوبراو هەروەها باسی پاشەکشێ کردنی هێزەکانیان دەکات لەسەر سنوورەکانی تورکیا کە قووڵاییەکەی 5 بۆ 14 کیلۆمەترە. هێزەکانی سووریای دیموکرات هەروەها چەکە قورسەکانی خۆیان تا قووڵایی 20 کیلۆمەتر لەسەر سنوورەکانی تورکیا دوور خستۆتەوە، کە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەو وڵاتە.

بەڵام مەزلووم کۆبانێ باس لە هەوڵە تاکەلایەنەکانی تورکیا وەکوو فڕاندنی درۆن لە باکووری سووریا و هەڕشە کردن لە هاوپەیمانێتیی دژە داعش لەلایەن ئەو وڵاتەوە دەکات.

فەرماندەی هێزەکانی سووریا دیموکرات هەروەها باس لە ناڕەزایی دەربڕینی تورکیا بە دامەزراندنی سەنگەر و بنکە سەربازییەکان لەلایەن هێزەکانیانەوە دەکات و دەڵێت: ئەم سەنگەرانە بۆ بەرگریی کردن و پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل دامەزراون. ناوبراو هیوای خواست ئەو دۆخەی ئێستا لە باکووری سووریایە ببێتە هۆی ئاسایی بوونەوەی دۆخی ناوچەکە.

مەزلووم کۆبانی لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا پاش ڕاگەیاندنی هەواڵی کشانەوەی ئەمەریکا لە ناوچەکانیان ئێستاش بە ئەمەریکا و دۆناڵد ترەمپ متمانەی هەیە دەڵێت: ئێمە بەردەوامین لە کرای پێکەوەیی.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 86293

Your Comment

You are replying to: .
captcha