بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی 19-11-2017 مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆناتان ویلکس باڵیۆزی نوێی بەریتانی لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.
هەژماری تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە لەو دیدارەدا چۆنیەتیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەریتانیا تاوتوێ کراون.
جۆناتان ویلکس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لەو دیدارەدا جەختی لەوە کردەوە پاڵپشتیی سەرجەم مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و هاوکار دەبن بۆ ئەوەی هەرێم ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت و هەرچی زووتر پێشکەوتنی ئابوووری و دارایی و ئاوەدانی بە خۆیەوە ببینێتەوە.
باڵیۆزی بەریتانیا ئاماژە بەوەش داوە کە وڵاتەکەی دوپاتی کردووەتەوە کە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت بە دانووستان و گوفتوگۆ و بەشێوەیێکی ئاشتییانە لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەریی بۆ بکرێت.
هاوکات مەسروور بارزانی ئەوەی وتووە : ئاوات دەخوازێ سەرجەم کێشەکان چارەسەریی بنەڕەتییان بۆ بکرێت و سەرجەم گرژییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر بڕهواندرێتەوە.
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژەی بەوەداوە: پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بۆ دەست پێکردنی دیالۆگێکی ئاشتییانەی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا لە پێناو چارەسەریی کێشەکان بە گرنگ دەزانین و ئاواتیش دەخوازین هەرچی زووتر بەغدا بە ڕێز گرتن لە دەستوور وەڵامی ئەرێنیی بۆ هەوڵەکانی هەرێم لە پێناو دەست پێکردنی گفتوگۆ بداتەوە.
سەرچاوە: شارپرێس
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment