ئیبراهیم کاڵن: ده‌ورییه‌ هاوبه‌شه‌کان له‌ باکووری سووریا بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام به‌س نییه‌

به‌شی تورکیا- وته‌بێژی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری تورکیا باسی له‌ بابه‌تی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا کرد و گوتی: ده‌ورییه‌ی هاوبه‌شی هێزه‌کانی تورکیا و ئه‌مریکا هه‌نگاوێکی زۆر باشه‌ به‌ڵام به‌س نییه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئیبراهیم کاڵن وته‌بێژی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری تورکیا له‌ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا تیشکی خسته‌ سه‌ر بابه‌تی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا و ڕای‌گه‌یاند: ناوچه‌ی ئارام له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی فورات و گۆڕانکارییه‌کان له‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌وله‌وییه‌تی ژماره‌ یه‌کی سیاسه‌ته‌کانی ئێمه‌یه‌. له‌مباره‌وه‌ هه‌نگاوه‌کانمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا به‌ شێوه‌یێکی خێرا هه‌ڵده‌گرین. هه‌روا که‌ ده‌زانن ده‌ورییه‌ی زه‌وینی ئه‌نجام درا و پێش له‌وه‌ش فڕینی کۆپته‌ره‌کان له‌سه‌ر ئاسمانی ناوچه‌که‌ ئه‌نجام درابوو. ده‌بێ به‌ باشی مانای ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا ده‌رک بکرێت. ئێمه‌ ناوچه‌ ئارامه‌که‌مان به‌ بۆنه‌ی دابین‌کردنی ئاسایشی سنووره‌کانی تورکیا و هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆبه‌خشانه‌ و ئارامی په‌نابه‌رانی سووریا بۆ خانوو، گوند و شاره‌کانیان ده‌وێت. شتێک که‌ ده‌بێ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی فورات ئه‌نجام ده‌درێت ئاشکرایه‌. ته‌نها ده‌بێ پڕۆسه‌که‌ خێراتر بکرێته‌وه‌.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا زیادی کرد: به‌ هیچ له‌ونێک ڕێگه‌ ناده‌ین وه‌ک نه‌خشه‌ڕێگای مه‌نبه‌ج فریومان بده‌ن و ده‌ستی ده‌ستمان پێبکه‌ن. ڕێکخراوه‌کان و سوپای تورکیا جۆرێک مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌تی په‌نابه‌ران ده‌که‌ن که‌ جێگای شانازییه‌ بۆ ئێمه‌. له‌م سیاسه‌ته‌دا هیچ گۆڕانکارییێک ڕووی نه‌داوه‌ به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی په‌نابه‌ران ته‌نها په‌یوه‌ندیی به‌ تورکیاوه‌ نییه‌. کاتی ئه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ولی هه‌نگاوه‌کانی له‌مباره‌وه‌ هه‌ڵبگرێت. چیتر وڵاتانی ڕۆژئاواش ده‌بێ هه‌ر شتێک ده‌توانن ئه‌نجامی بده‌ن.

کالن جه‌ختی کرده‌وه‌: ده‌ورییه‌ی هاوبه‌شی هێزه‌کانی تورکیا له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ئه‌مریکا گۆڕانکارییێکی ئێجگار باشه‌ به‌ڵام به‌س نییه‌. زووبه‌زوو ده‌بێ ناوچه‌ی ئارام دروست بکرێت. بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ له‌ ناوچه‌که‌ ئه‌نجام بدرێت له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ قبووڵ بکرێت ده‌بێ هێزه‌ سه‌ربازییه‌کان و کارناسانی ئێمه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا بن و سه‌رجه‌م گۆڕانکارییه‌کان پشتڕاست بکه‌ن. ئه‌مه‌ مافی ئاساییی هه‌ر وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆیه‌.

وته‌بێژه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری تورکیا له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا باسی له‌ فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ری ئێف-35 و هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌ندامێتیی تورکیا له‌ پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و فڕۆکه‌یه‌ کرد و گوتیشی: ده‌زانین که‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا له‌مباره‌وه‌ ئیراده‌یێکی تایبه‌تی هه‌یه‌. ئێمه‌ واز له‌ به‌رهه‌مهێنانی فڕۆکه‌ی ئێف-35 ناهێنین و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی تورکیا له‌م پڕۆژه‌یه‌ کارێکی ئاسان نییه‌. باوه‌ڕمان هه‌یه‌ که‌ دێر یان زوو ئه‌م قه‌یرانه‌ش تێده‌په‌ڕێنین.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی ستار

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86261

Your Comment

You are replying to: .
captcha