کوردپرێس: رەنج جەعفەر ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بە رادیۆ نەوای راگەیاندووە: تائێستا بڕیاری كۆتایی لەبارەی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان نەدراوە، بەڵام هەوڵەكان بۆ كۆنترۆڵ كردنی جووڵەی چەكدارانی داعش لە ناوچە كێشە لەسەرەكان بەتایبەت ئەو ناوچانەی ناوچەی گەرمن لە خانەقینەوە تادەگاتە باشووری كەركووک، خورماتوو و داقوق کە جووڵەی داعش زۆرە تێیدا بەردەوامە.
ناوبراو راشیگەیاند هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامە و ئاماریش كراوە و پێنج لیژنەی هاوبەشیش پێكهێنراوە بەڵام تائێستا بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە نەدراوە.
سەبارەت بە بەردەوامیی هاوكاریی وڵاتانی هاوپەیمان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هاوكارییە داراییەكانی ئەمریكا، رەنج جەعفەر ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە وتی: "بەدڵنیاییەوە ئەو وەفدانەی سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن لە هاوپەیمانان بەگشتی و بەتایبەتیش ئەمریكا جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی هاوكارییەكانیان بەردەوام دەبێت چ بۆ رێكخستنەوەو یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و هەروەها هاوكاری دیكەش بۆ هێزەكانی پێشمەرگە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment