به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جووتیار عادل وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند که ڕۆژی یه‌كشه‌ممه 8ی ئه‌یلوولی 2019 مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه كوردییه‌كان له په‌رله‌مانی عێراق كۆ ده‌بێته‌وه و کۆبوونه‌وه‌که تایبه‌ت ده‌بێت به پرسی بودجه‌ی 2020ی عێراق و دوایین پێشهاته‌کان له‌باره‌ی گفتوگۆکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت له نزیكه‌وه گوێ له پێشنیار و بۆچوونی نوێنه‌رانی كورد له به‌غداد بگرێت و ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه که کۆبوونه‌وه‌که پێش له به‌ڕێوه‌چوونی له‌لایه‌ن ژماره‌یێک له سه‌رکرده‌ی فراکسیۆن و په‌رله‌مانتارانی کوردی په‌رله‌مانه‌وه ڕه‌خنه‌ی لێگیراوه.
له‌مباره‌وه به‌هار مه‌حموود ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به خه‌ندانی گوت: د. یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ناتوانێت به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌كه بكات چونكه ئیلتزاماتی دیكه‌ی هه‌یه بۆیه من له شوێنی ئه‌و به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه ده‌كه‌م.
لهلایێکیترهوه غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له فراكسیۆنی گۆڕانش ڕه‌خنه‌ی له كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سروور بارزانی و فراكسیۆنه كوردییه‌كانی عێراق گرتووه و له پۆستێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووکدا نوسیویه‌تی: "وه‌ک دیاره نه‌وت بووه به به‌ڵا بۆ هاووڵاتییانی هه‌رێم و بووه به خێر و به‌ره‌که‌ت بۆ کۆمپانیاکانی حزب و بنه‌ماڵه به‌ڵام له بانگهێشته‌که‌دا به هیچ شێوه‌یێک باس له لیژنه‌ی نه‌وت و وزه نه‌کراوه."
غالب محه‌مه‌د له به‌شێكی دیكه‌ی نووسینه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان بانگهێشتی جێگری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و نوێنه‌ری فراکسیونه کوردییه‌کان و ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دارایی کردووه بۆ کۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه 8ی ئه‌یلوولی 2019."
ناوبراو زیادیشی کرد: "جۆری بانگهیشتهکه هیچ عورفێکی تیدا نییه چونکه کارنامه‌ی کۆبوونه‌وه‌که حکوومه‌تی هه‌رێم دایڕشتووه و هیچ پرسێک به ئه‌ندامان و فراکسیونه کوردییه‌کان نه‌کراوه که ئه‌مه‌ش نابێت چونکه حساب نه‌کردنه بۆ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عێراق".
له درێژه‌ی نووسینه‌كه‌یدا غالب محه‌مه‌د وتی: "جارێکی‌تر حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت نه‌وت ته‌سلیم نه‌کات و ئه‌گه‌ر بودجه‌ی هه‌رێم بڕا ئه‌وا ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی عێراق پشتیوانی له حکوومه‌تی هه‌رێم بکه‌ن و سه‌بووری خه‌ڵکی هه‌رێم بده‌ن به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و خه‌یاڵه له مێشکی خۆیان ده‌رکه‌ن".
هه‌ر له‌باره‌ی کۆبوونه‌وه‌ی مه‌سروور بارزانی و په‌رله‌مانتارانی کوردی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌باره‌ت به بودجه سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی ئاینده به خه‌ندانی گوت: "هه‌رچه‌نده داواكرابوو كه ڕابوون مه‌عرووف وه‌ک سه‌رۆكی فراكسیۆنی ئاینده به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌كه بكات به‌ڵام ئه‌و داوای له من كرد به‌شداری بكه‌م و دواتر دوای گفتوگۆ بڕیارمان دا به‌شداری نه‌كه‌ین".
ناوبراو زیادی کرد: بۆیه به‌شداری ناكه‌ین چونكه حکوومه‌تی هه‌رێم جێگه‌ی متمانه نییه و ناراستگۆیه و ئاماده نییه پابه‌ند بێت به یاسای بودجه‌ی فیدراڵی که له به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتییانه به‌هۆی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی کۆمپانیاکانیان.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment