کوردپرێس:
عابد ئیکه نوێنه‌ری پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) له هه‌رێمی کوردستان به (تۆڕی میدیاییی ڕووداو)ی گوت: شاندێکی هه‌ده‌په به سه‌رۆکایه‌تیی سه‌زایی ته‌مه‌لی هاوسه‌رۆکی گشتی و ژماره‌یێک په‌رله‌مانتار ڕۆژی 7ی ئه‌یلوولی 2019 سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن.
شانده‌که‌ی هه‌ده‌په جگه له کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی حیزبه‌کانیش ده‌که‌ن و بارودۆخی ناوچه‌که و دواگۆڕانکارییه‌کان تاوتوێ ده‌کرێن.
عابد ئیکه له‌باره‌ی هۆکاری سه‌ردانی نه‌کردنی په‌روین بوڵدان هاوسه‌رۆکی هه‌ده‌په بۆ هه‌رێم گوتی "په‌روین بوڵدان به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ئه‌نجام دراوه ڕه‌نگه نه‌توانێت یاوه‌ری شانده‌که‌ی ئه‌مجاره ببێت".
شایانی باسه؛ ڕۆژی سێشه‌ممه 3-9-2019 شاندێکی به‌شی ژنان له هه‌ده‌په گه‌یشتنه هه‌ولێر که له سێ په‌رله‌مانتاری ژن و سه‌رۆکی شارهوانییێک پێکهاتوون و له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان و ڕێکخراوه‌کانی ژنان و ئافره‌تان دیدار و کۆبوونه‌وه‌یان ده‌بێت.
سه‌ردانه‌که‌ی شاندی باڵای هه‌ده‌په ده‌بێته یه‌که‌م سه‌ردانی ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی نوێی ئه‌و پارته بۆ هه‌رێمی کوردستان.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment