فەرماندەی مەرزەبانیی ئێران: بازاڕچە مەرزییەکان دەکەینەوە

بەشی کوردستان- فەرماندەی سنوورەوانیی ئێران لە لێدوانێکدا وتوویەتی پێداگرن لە کردنەوەی بازاڕچە مەرزییەکان و دەوڵەتیش لەو بارەیەوە کاری باشی کردووە و بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بەردەوامە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی سێشەمە 12ی خەرمانانی 1398 بەرانبەر بە 3ی ئەیلوولی 2019 قاسم ڕەزایی فەرماندەی مەرزەبانیی ئێران بە سەردانێکی سنوورەکانی بەشی خۆرئاوای ئێرانی بەسەر کردبووەوە و گەیشتە شاری مەریوان و لە لێدوانێکدا مژدەی کردنەوەی بازاڕچە مەرزییەکانی بە خەڵکی مەریوان دا.

فەرماندەی سنوورەوانیی ئێران لەبارەی کردنەوەی بازاڕچە مەرزییەکانەوە ڕایگەیاند ئێران سوورە لە سەر کردنەوەی بازاڕچەکان و دەوڵەتیش کاری باشی بۆ کردووە و ئێستا بەدواداچوونەکان بۆ کردنەوەی بازاڕچەکان بەردەوامە.

قاسم ڕەزایی زیادی کرد: فەرماندەی مەرزەبانیی کوردستان بە تەعامل و پێوەندیی باشی لەگەڵ هاووڵاتییان سنوورنشین ئاسایش و دۆخی ئەمنیی سنوورەکانیان پاراستووە.

فەرماندەی سنوورەوانیی ئێران ڕاشیگەیاند زەمینە بۆ سەرمایەدانان و کردنەوەی کارخانە و خستنەگەڕی کەرتی وەبەرهێنان لە سەر سنوورەکان ڕەخساوە و داوای لە سەرمایەدانەران کرد لە سەر سنوورەکان دەست بە وەبەرهێنان بکەن.

پارێزگای کوردستان 227 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و دوو دەروازی باشماخی مەریوان و سەیرانبەندی بانە و سەقز بە فەرمی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تێدا دەکرێت و بازاڕچە مەرزییەکان و مەرزە لاوەکییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانیش دەوری تایبەتیان لە بووژاندنەوەی کەرتی ئابووری و پێشخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە و هەواڵی کردنەوەی بازاڕچە مەرزییەکان ئەگەر سەر بگرێت گڕوتینێک دەخاتەوە بازاڕەکان و جووڵەی ئابووری بەهێزتر دەکات.

News Code 86110

Your Comment

You are replying to: .
captcha