دوورنواڕی پێکهێنانی هێزی سەربازیی هاوبەشی کوردستانی لە عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان لە گفتوگۆیێکی کوردپرێسدا دوورنواڕی پێکهێنانی هێزی هاوبەشی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان شی دەکاتەوە.

کوردپرێس:

بوونی هێزێکی یەکخراو لە ژێر فەرماندەیییێکی هاوبەش و لە دەرەوەی دەسەڵات و هەژموونی حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکان داڵغەیێکی هەمیشەییی ئەکتەرە سیاسییەکان و بەرپرسانی کوردی عێراق بووە.

ئەگەرچی نزیکەی 30 ساڵ بە سەر دامەزرانی کیانی فیدراڵیی باکووری عێراقدا تێدەپەڕێت و دەسەڵاتی کوردی لەو ناوچەیە حوکم دەکات بەڵام ئێستاش ئەو خەونە نەڕەویوەتەوە. ئاشکراکردنی هۆکارەکەشی پێویستی بە کۆڵینەوە و خوێندنەوەی جیا هەیە. ئێستاکەش دوو حیزبی باڵادەستی هەرێمی کوردستان واتا پارتی و یەکێتی هەردوو خاوەنی باڵی سەربازی و هێزی پێشمەرگەن. جگە لەو دوو حیزبە تەنها حیزبی سوسیالیست هێزی پێیە و ئەویش ژمارەی هێزەکانی لەو ئاستەدا نیە کە لە خوێندنەوە و لێکدانەوەکاندا جێگای بۆ بکرێتەوە.

جیدیترین کاریش کە بۆ پێکهێنانی یەک هێزی سەربازی لە هەرێمی کوردستان کراوە لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا بوو و ئەو هەوڵانەش لە چوارچێوەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنی هێزی سەر بە حیزبەکان کراوە. بەگوێرەی ئەنجامی توێژیزنەوەکان لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 3 جار بڕیاری یەکخستنی هێزەکانی 70 و 80ی پێشمەرگەی سەر بە یەکێتی و پارتی دراوە بەڵام تا ئێستاشی پێوە بێت ئەو هەوڵانە ئەنجامیان نەبووە و هێزەکان یەک نەخراون.

لە لایێکی دیکەشەوە لە کۆی 35 بڕگەی داڕێژراو بۆ پڕۆژەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کە بە هاوپەیمانیی جیهانیی دژەداعش سەرپەرشتی دەکرێت تەنها 5 بڕگە خراوەتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

عوسمان کەریم جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە بارەی هەوڵەکان بۆ چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە لە خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: وەکوو یەکەم هەنگاو لیژنەکە ڕاگەیێندراوە و چەند کۆبوونەوەی باش کراوە. دیارە ئەو کارانەش کە پێشتر کراون باشن بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە. هەر وەک ئاگادارین زیاتر لە دوو ساڵە لیژنەیێکی هەماهەنگی لە وەزارەتی پێشمەرگە دروست کراوە. ئەوەی کە زۆر لەم نێوانەدا گرینگە، ئیرادەی سیاسیی جیدیترە لەو بارەیەوە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئەولەویاتی کاری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە هەواڵنێری کوردپرێسی گوت: بە بڕوای ئێمە چاکسازییەکە باشتر وایە ئاوا بکرێت کە بکرێتە قیادە وەک قیادەی مەنیتقەی سلێمانی و قیادەی مەنتیقەی کەرکووک و مەنتیقەی هەولێر و مەنتیقەی دهۆک و هەڵەبجەش کە تەقریبەن بۆ خۆی پارێزگایێکە. سەربەحیزب بوونیش شتێکی تەبیعییە لە هێزی پێشمەرگە بەڵام پێویستە هەر لە خوارەوە وا بکرێت ئەم بابەتە کاڵ بکرێتەوە و هێزێکی نیشتمانیمان هەبێت و ئینتیمای حیزبی کەمتر بێت و لە بەرانبەردا ئینتیمای نیشتمانی زیاد بکات. بۆیە ڕەنگە بەداخەوە تا ئێستا ڕەنگە ئەو قۆناغانەی کە وا پێویست بێت نەبڕدرابێت. وەکوو ئەو لیژنە هاوبەشەی هاوپەیمانانیش بە بەشداریی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەو وڵاتانە وجوودیان هەیە بەڵام بەداخەوە ئەو هەنگاوانەی نەبڕیوە کە لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکی کوردستاندا بێت.

عوسمان کەریم لە بارەی لەمپەرەکانی نەبڕدرانی ئەو قۆناغانەی چاکسازی لە هێزی پێشمەرگەی هەرێم بە کوردپرێسی گوت: لەمپەرەکە ئەوەیە ئێمە بە درێژاییی مێژوو دوو هێزمان هەبووە ئەو دوو هێزە پارتی و یەکێتی بوون. ئەمانە هەموویان خەڵکی حیزبی بوون و ئێستاشی لەگەڵ بێت ڕەنگە ئەم هێزانە ئینیتمای حیزبییان هەیە لەبەر ئەوە چاکسازی تەواو نەکراوە و ئێمە دەبێت وردە وردە ئینتیمای نیشتمانی بەهێز بکەینەوە و ئەگەر فەرماندەیێکیش ئینتیمای حیزبیی هەیە هەوڵ بدرێت ئەم بابەتانە کاڵ بکرێتەوە و پێشمەرگە کەسێک بێت کە بەرگریکار بێت لە میلەت و وڵاتەکەی خۆی.

کێشەیێکی سەرەکیی چاکسازی کردن لە هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان نەبوونی ئیرادەی سیاسیی جیدی و ڕژد بۆ ئەنجامدانی چاکسازییە. بریکاری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئەو بابەتەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی گوت ئەگەرچی تۆزێک ئیرادە بۆ چاکسازی دەبینرێت بەڵام لە ئاستی پێویستدا نیە.

عوسمان کەریم لەبارەی کارتێکەریی ئیجابیی بەئەنجام گەیشتنی پڕۆژەی چاکسازی لە هێزی پێشمەرگە لە سەر زیادکردنی پێگە و قورساییی کورد و هەرێمی کوردستان لە عێراق ڕایگەیاند: لە هەموو وڵاتاندا هێزی بەرگریکار بەهەند وەردەگیرێت و ئەگەر هێزی پێشمەرگەش ئینتیمای حیزبیی کەم بکاتەوە و لە بەرانبەردا ئینتیمای نیشتمانیی زیاد بکات و هێزێکی یەکگرتوو و یەکخراو بێت دەوری خۆی دەبێت لە عێراق و کارتێکەریی باشی دەبێت.

بریکاری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پڕۆژە و کارەکانی ئەو لیژنەیە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بەرەو کەرکووک و ناوچەکانی مادەی 140 ئاشکرای کرد: پڕۆژەشمان هەبووە و لەگەڵ حکوومەتی عێراقییش قسە کراوە و هەماهەنگی هەبووە و لیژنەیێکی هاوبەشیش لە وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەو بابەتە دروست کرابوو بۆ ئەوەی ئەو بۆشایییانەی لە نێوان هێزی عێراقی و هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستاندایە پڕ بکرێتەوە و هەر دوو هێز بتوانن جارێکی تر بە هاوبەشی لەو ناوچانە جێگیر بکرێن. لیژنەکەش تا ئەم کاتە چەند کۆبوونەوەیێکی ئەنجام داوە بەڵام ئەم بابەتە تا ئەم کاتەش نەخراوەتە بواری جێبەجێ­کردنەوە. ئێمەش چاودێریی دۆخەکە دەکەین بەڵام سەرەڕای ئەو کۆبوونەوانەش کە کراون نەتوانراوە کارەکە بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

News Code 86108

Your Comment

You are replying to: .
captcha