کوردپرێس:
لەگفتووگۆیێکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، عەمید سەرحەد قادر، بەرێوەبەرى پێشووى پۆلیسى قەزاو ناحیەکانى کەرکووک، ئاماژەی بەوە کرد وەزارەتى ناوخۆى عێراق، نووسراوێکى ترى ئاراستەى پۆلیسى کەرکووک کردووە، تێیدا داواى دەستگیرکردن و رادەستکردنى بەدادگا کردووە، بەتۆمەتى بەشداری­کردنى لە پرۆسەى ریفراندۆمدا.
عەمید سەرحەد قادر وێراى جەختکردنەوە لەسەر ئەوەى کە لەسەر ریفراندۆم، ئەو تەنها ئەفسەرە بریارى گرتنى بۆ دەرچووە،هاوکات ڕەخنەی لەکابینەى پێشووى حکوومەتى هەرێمیش گرت، بەوەى "شەرمنانە" مامەڵەیان لەگەڵ دۆسیەکەى کردووە.
ناوبراو دەڵێت"چەند جارێک لەگەڵ بەرپرسانى پێشووى حکوومەتى هەرێم دانیشتین، پێموتن: کێشەى ئێمە سیاسییە، من بڕیارى ریفراندۆمم نەداوە، ئەوانەى ریفراندۆمیان ئەنجام دا، ئێستا لەبەغدا جێگرى سەرۆک وەزیران و پەرلەمانتارن، بەڵام هەڵوێستیان لاواز بوو."
عەمید سەرحەد، ئەوەشى خستە ڕوو بڕیارى گرتنەکەى لە جام گرتووە و لە ماڵەکەیدا هەڵیواسیوە، وتىشی: "گەر دادگایێکى بێ لایەن هەبێت، بەشانازییەوە دەچمە بەردەمى، تەنانەت گەر بریارى لەسێدارەدانیشم بۆ دەربکات، بەڵام کێشەکە سیاسییە و هەرێم هەڵوێستى پێویستى نەبووە."
گەر لەسەر ریفراندۆم بریارى گرتن بۆ سەرحەد قادر دەرکرابێت، ئەوا چارەنووسى ژمارەیێک ئەفسەرى تر بە هەڵواسراوى ماوەتەوە، کە لە 16 ى ئۆکتۆبەرەوە کەرکووکیان بەرەو هەولێر جێهێشتووە.
عەمید سەرحەد وتى" 22 ئەفسەرى تر بریارى گرتنیان هەیە، بەڵام تەنها من لەسەر ریفراندۆم بریارى گرتنم هەیە، ئەوانیتر لەسەر جێهێشتنى دەوام و رۆیشتنیان بۆ هەولێر، بریارى گرتنیان بۆ دەرکراوە."
سەبارەت بەهۆکارى چارەسەر نەکردنى گرفتى ئەو ئەفسەرانەى رۆیشتوونەتە هەولێر، لەکاتێکدا وەزارەتى ناوخۆى هەرێم و بەغدا لەگفتووگۆدان، بەرێوەبەرى پێشووى پۆلیسى قەزاو ناحیەکانى کەرکوک دەڵێت"ئەوەندەى ئاگادارم خاڵێک لە خاڵەکانى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى نێوان وەفدى هەرێم و بەغدا ئەوەبووە، پارتى داواى 30 پۆستى ئەمنى کردۆتەوە کە پێشتر لایبووە و ئێستا بەدەست عەرەب و تورکمانەوەن."
عەمید سەرحەد قادر کە پێشتر لەسەر پارتى دیموکراتى کوردستان هەژمار کراوە و سەر بەو حیزبە بووە، بەڵام ماوەیێکە دەنگۆى سەنگەر گواستنەوەى بڵاو بۆتەوە، لەو بارەیەوە جەختی کردەوە"پەیوەندیم بە هیچ لایەنێکەوە نەکردووە، لە ماڵى خۆم دانیشتووم و چاودێریى دۆخەکە دەکەم،سەردانى دۆست و لایەنەکانم کردووە و ئەوانیش سەریان لێداوم، بەڵام نەچوومەتە نێو هیچ لایەنێکەوە، ئەوە دوورە لەراستیەوە."
لە کۆتاییى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، عەمید سەرحەد قادر ڕوونی کردەوە چەند ڕۆژێک دواى 16 ى ئۆکتۆبەر، لەسەر داواى کەریم سنجارى وەزیرى پێشووى ناوخۆى هەرێم، کۆبوونەوەى بەسەدان ئەفسەر ئەنجام داوە بەمەبەستى گەڕانەوە بۆ کەرکووک، وەک ئەو دەڵێت"کەریم سنجارى پێی وتم: کاک نێچیرڤان هەماهەنگیى لەگەڵ عێراق کردووە بۆ گەڕانەوەتان."
بەوتەى عەمید سەرحەد، دواى کۆبوونەوەکە بەسەدان ئەفسەر بۆ کەرکووک گەڕاونەتەوە، ئەوانەى پلەى مولازمیان تا موقەدەم هەبووە، گەڕێنراونەتەوە بۆ جێگەکانى خۆیان، بەڵام پلە بەرزەکان تا ئێستا پۆستەکانیان پێنەدراوەتەوە.
Your Comment