بەپێی هەواڵی کوردپرێس، كاوە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بە رادیۆ نەوا راگەیاند: خەمساردییێكی زۆر هەیە لە لایەن هەرێمەوە بۆ جێبەجێ كردنی یاسای بوودجەی 2019، بۆ نموونە حكوومەتی نوێی هەرێم دەیتوانی بۆ نیشان دانی نیازپاكی و پشتیوانی لە هەنگاوەكانی عادل عەبدولمەهدی و كەم کردنەوەی فشارەكانی سەر ناوبراو، لەماوەی چەند مانگی رابردوودا دەست بكات بە رادەست كردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
كاوە محەمەد وتیشی: عادل عەبدولمەهدی خۆی ئاشكرای كردووە، كە بەپێی زانیاریەكانیان رۆژانە هەرێمی كوردستان 625 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، ئەگەر هەرێم 250 هەزار بەرمیلەكە رادەست بكات جگە لەو پارەیەی بەغدا بۆ مووچە رەوانەی هەرێمی دەكات، پارەیێكی زیاتریش رەوانەی هەرێم دەكرێت كە لە ماوەی ساڵێكدا بڕەكەی دەگاتە زیاتر لە 10 ترلیۆن دینار.
سەبارەت بەو بەربەستانەی لەبەردەم حكوومەتی هەرێمدان بۆ رادەست كردنی نەوت بە بەغدا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: "بەربەستەكە ئەوەیە كە حكوومەتی هەرێم دۆسیەی نەوت بەڕێوە نابات، كۆمەڵێک سەری گەورەی حزبی، كۆمەڵێک گرووپی مافیایی لە هەرێمی كوردستان دۆسیەی نەوت و بوودجەی هەرێمیان بەدەستە و نایانەوێت رادەستی بكەن و هەر جارە بیانوویەێک دەهێننەوە، جگە لەوە كۆمەڵێک لە كۆمپانیا گەورە بیانیەكان و كۆمەڵێک كۆمپانیای ناوخۆیی كە سەر بە حزبەكان و كەسەكانی ناو حزبەكانن ئەمانە هەر هەموویان بوونەتە هاوبەشی بڕیار لەو بابەتەدا".
بۆیە ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە هەروەک چۆن حكوومەتی هەرێم لە نەوتەكەدا هاوبەشە، لە بڕیاردانیشدا هاوبەشە و ناتوانێت بە تەنها بڕیاری كۆتایی لە رادەست كردنی نەوت بە بەغدا بدات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment