توركیا: لە ئە‌مڕۆوه‌ یه‌كه‌م قۆناخی پلانی ناوچه‌ی ئارام جێبەجێدەکرێت

به‌شی تورکیا- دوای پەیوەندیی تەلەفۆنیی وەزیرانی بەرگریی تورکیا و ئەمریکا، وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، لە ئە‌مڕۆوه‌ یه‌كه‌م قۆناخی پلانی ناوچه‌ی ئارام جێبەجێدەکرێت.

کوردپرێس:

شەوی چوارشەمە 21ی ئابی 2019 وه‌زیری به‌رگریی توركیا په‌یوه‌ندییێكی ته‌له‌فۆنیی له‌گه‌ڵ هاوتا ئه‌مریكییه‌كه‌ی ئه‌نجام دا و تەوەری سەرەکیی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەش پلانی ناوچه‌ی ئارام بوو لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.

بەپێی میدیای نزیک لە حکوومەتی تورکیا، خولوسی ئاكار و مارك ئیسپه‌ر هاوڕابوون لەبارەی جێبەجێ­کردنی یه‌كه‌م قۆناخی پلانی ناوچه‌ی ئارام له‌ ئەمڕۆوه‌. هەروەها بڕیاریان دا بۆ تاوتوێکردنی قۆناخەکانی داهاتووی پلانەکە، شانده‌ سەربازییەکان لەماوەیێکی کورتدا لە ئەنقەرە جارێکی دیكه‌ کۆبوونەوە بکەن.

میدیای تورکیا دەڵێت، ئاكار له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، نابێ خافڵاندن و كات به‌ڕێ­كردن هه‌بێ، پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ ‌بێ دواخستن سه‌رجه‌م قۆناخه‌كان به‌پێی پلانه‌كان بچنه‌ بواری جێبه‌جێ­كردن.

لە هەمان ڕۆژدا ئیبراھیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لەبارەی ناوچەی ئارام رایگەیاند "لەسەر جێبەجێ­کردنی، ماوەکە و چۆنیەتییەکەی لە گفتوگۆداین. رێککەوتنی سەرەتایی لەم بارەیەوە دەتوانین بڵێین کراوە. لە ھەفتەکانی داھاتوودا ھەنگاوە بڕیارلێدراوەکان دەبینین. دەورییەی ھاوبەشی ھێزەکانی تورکیا و ئەمریکا بەم زووانە لە رۆژھەڵاتی فورات دەبینین".

لەبارەی ھێرشەکەی سەر ئیدلبی سووریاش، ئیبراھیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری توركیا رایگەیاند، ناڕەزایەتییان گەیاندووەتە لایەنی ڕووسیا، لە رۆژانی داھاتووشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین پەیوەندیی تەلەفۆنی ئەنجام دەدات.

ئیبراھیم کاڵن راشیگەیاند "ھیچ شتێک لەبارەی گواستنەوەی نۆیەمین خاڵی چاوەدێریمان لە ئیدلب لەئارادا نییە. ھەموویان لەو شوێنەی کە راسپێردراون سەرقاڵی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیانن".

ئیبراھیم کاڵن ئاشکراشی کرد کە "لە رۆژی 16ی ئەیلوول لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار بە بەشداریی ئێران و ڕووسیا کۆبوونەوەیێکی لووتکەی سێ قۆڵی بەڕێوە دەچێت". گوتیشی "لە ئامادەکاریداین بۆ رێکخستنی گفتوگۆیێکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێز ترەمپ".

News ID 85838

Your Comment

You are replying to: .
captcha