بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسروور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، برێت مەکگۆرک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ جەنگی دژی داعش ڕای گەیاند: ئەمریکا هەرجۆرە پەنابردنێک بۆ کرداری سەربازی لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان ڕەت دەکاتەوە و هەموو هەوڵ و تواناکانیشی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی گرژییەکان بڕەوێنرێنەوە و هەردوولا دەست بە گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی بە شێوازێکی ئاشتیانە و لە سەر بنەمای دەستوور کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
نوینەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ جەنگی دژی داعش وتیشی: خوازیارین هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە هێزەوە، لە چوارچێوەی دەستوور و لە گشت بوارەکاندا لە پێشکەوتن بەردەوام بێت.
هاوکات جەختی لە سەر هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا کردووەتەوە.
هەروەها مەسروور بارزانی ڕای گەیاندووە: هەرێمی کوردستان هەمیشە بڕوای بە ڕێگەچارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەسەریی کێشەکان لە ناوچەکەدا و ئێشتاش خوازیارە دانووستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەرچی زووە لە سەر ئاستی ئیداری و سیاسی دەست پێبکات.
ئەوەشی وتووە "جێبەجێ کردنی دەستوور بە ئامرازە نادەستوورییەکان ناکرێت، بەڵکوو بە گفتوگۆ و دانووستانی ڕاستەوخۆ و لە یەک گەیشتن دەتوانرێت چارەسەریی گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزرێنەوە".
سەرچاوە: NRT
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment