بۆ پێدانی 250 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ به ‌به‌غدا، ده‌بێت هه‌رێم رۆژانه‌ 750 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بەرهەم بێنێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- په‌رله‌مانتارێکی‌ پێشووی‌ کورد له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق رایگه‌یاند که‌ بۆ پێدانی به‌های 250 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ به‌ حکوومه‌تی‌ عێراق، ده‌بێت هه‌رێم 750 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ خۆی‌ بفرۆشێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئه‌مین به‌کر په‌رله‌مانتاری‌ پێشووی‌ کورد له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق بە که‌ناڵی‌ کوردسات نیوز، وتی‌: "پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان، ده‌ست له‌سه‌روه‌ری به‌سه‌ر دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌ڵبگرن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌ست هه‌ڵنه‌گرتن له ‌مه‌له‌فی نه‌وتی ڕه‌نگه‌ ببێته‌هۆی له‌به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شانی هه‌رێمی کوردستان و له‌ناوچونی ئه‌وه‌ش که‌ پێی ده‌وترێت ده‌سکه‌وت!".

ئه‌مین به‌کر ده‌ڵێت: "ئه‌و بڕگه‌یه‌ی یاسای بودجه‌ی فیدڕاڵیش که‌ تیایدا هاتووه‌ هه‌رێم به‌های 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت و 50%ی داهاتی خاڵه‌ گومرگیه‌کان ڕاده‌ستی به‌غداد بکات به ‌نرخی سۆمۆ ته‌نها به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ته‌واو ده‌بێت و له‌زیانی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانه‌".

ناوبراو ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا که‌ "نه‌وتی هه‌رێم بێجگه‌ له‌وه‌ی 5 تا 7 دۆلار که‌متر له‌ نرخی سۆمۆ ده‌فرۆشرێت، زیاتر له‌ 55% داهاتی نه‌وتیی هه‌رێمیش بۆ کۆمپانیاکان و کرێی گواستنه‌وه‌ و فرۆشتنی نه‌وت ده‌چێت، به‌شێوه‌یێک نرخی یه‌ک به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێم که ‌بۆ هه‌رێم ده‌مێنێته‌وه‌ یه‌ک له‌سه‌ر سێی نرخی یه‌ک به‌رمیل نه‌وتی سۆمۆ ده‌بێت که‌ بۆ عێراق ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ نزیکه‌یی".

ئه‌مین به‌کر روونیشی کرده‌وه‌ که‌ "ئه‌مه‌ش واته‌ هه‌رێم ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌های 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بدات به ‌به‌غدا زیاتر له‌ 750 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خۆی بفرۆشێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ پێشوو راشیگه‌یاند که‌ "ئه‌م زیان و زه‌ره‌ره‌ له‌سه‌ر حسابی قوت و پاره‌ی خه‌ڵکی کوردستان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم تاوانێکی گه‌وره‌یه‌ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی کوردستانی عێراق. بۆیه‌ ڕێگه‌ ڕاسته‌که‌ ته‌سلیم کردنی دۆسیه‌ی نه‌وتیه‌ به‌گشتی به ‌به‌غدا بۆ ده‌رباز بوون له‌ کاریگه‌ریه‌ مه‌ترسیداره‌کانی به‌رده‌وام بوونی سیاسه‌تی ئێستای نه‌وتیی هه‌رێم".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 856

Your Comment

You are replying to: .
captcha